بەشی ٩

1 ئایا من ئازاد نیم؟ ئایا من نێردراو نیم؟ ئایا یەشوای پەروەردگارمان نەبینیوە؟ ئایا ئێوە کاری دەستەکانم نین لە پەروەردگاردا؟ 2 ئەگەر من نێردراو نەبم بۆ ئەوانی تر، ئەوا من نێردراوم بۆ ئێوە، چونکە ئێوە مۆری نێردراوێتی منن لە پەروەردگاردا. 3 ئەمە بەرگری منە بۆ ئەوانەی لێپرسینەوەم لێدەکەن: 4 ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ 5 ئایا ئێمە مافی ئەوەمان نییە یەکێک لە خانمانی باوەڕدار بکەینە هاوسەرمان بۆ ئەوەی لەگەڵمان بێت، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی پەروەردگار، و پەترۆ؟ 6 ئایا من و بەرنابا بەتەنها مافی ئەوەمان نییە واز لە کارکردن بهێنین؟ 7 کام سەرباز لەسەر خەرجی خۆی دەچێتە جەنگەوە؟ چ جوتیارێک ڕەزێک دەچێنێت و بەرەکەی ناخوات؟ یان چ شوانێک مێگەلێک دەلەوەڕێنێت و لە شیری مێگەلەکە ناخوات؟ 8 پێتان وایە من بە تێگەیشتنی مرۆڤانە ئەم قسانە دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئاوا ڕاینەسپاردوین؟ 9 چونکە لە تەوراتی موشە نووسراوە: «نابێت دەمی گا بگریت لە کاتێکدا گێرەی دانەوێڵە دەکات». دەبینیت، کە خودا گرنگی بە گامێش دەدات، 10 ئایا هەمووی لە پێناو ئێمەدا فەرموو؟ بەڵێ، لە پێناو ئێمەدا نووسراوە، چونکە مافی جووتیارە بە هیواوە بچێنیێت، ئەوەی گێرەدەکات بەو هیوایە بیکات، کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەیە. 11 بەو پێیەی ئێمە شتە گیانییەکانمان بۆ ئێوە چاندووە، ئایا زۆرە بۆ ئێمە کە شتە مادییەکان لە ئێوەدا دروێنە بکەین؟ 12 ئەگەر کەسێکی تر ئەم مافەی بەسەر ئێوەدا هەبێت، ئایا ئێمە مافی زیاترمان نییە؟ بەڵام ئێمە ئەم مافەمان بەکارنەهێنا؟ بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، لە ترسی ئەوەی هەر بەربەستێک بخەینە بەردەم مزگێنی مەسیح! 13 ئایا نازانن ئەوانەی لە پیرۆزگاکان کاریان دەکرد لەو شتانەیان دەخوارد کە پێشکەش بە پەرستگاکە دەکرا، و ئەوانەی خزمەتیان بە قوربانگاکە دەکرد، بەشدارییان لە شتە باشەکانی قوربانگاکەدا دەکرد؟ 14 هەروەها بەم شێوەیە پەروەردگار فەرمانی داوە مزگێنیدەر ژیانی لەسەر مزگێنییەکەی دەبێت. 15 بەڵام من هیچ کام لەم مافانەم بەکارنەهێناوە. من ئێستا ئەمەم نەنووسیوە بۆ ئەوەی شتێک بەدەست بهێنم. من پێم باشترە بمرم لەوەی کەسێک شانازیەکەم تێکبدات. 16 کاتێک مزگێنی ئەدەم، شانازی پێوە ناکەم، چونکە پێویستەو ئەرکە لەسەرم، هاوار بەمن ئەگەر مزگێنی نەدەم! 17 ئەگەر خۆبەخشانە ئەم کارە بکەم، پاداشتم دەدرێتەوە. بەڵام، ئەگەر ناچار بم، بەرپرسیارێتیم وەرگرتووە، 18 کەواتە پاداشتی من چییە؟ ئەوەیە کە بە خۆڕایی مزگێنی ئەدەم، بەبێ ئەوەی سودی تەواو لە مافەکەم وەربگرم لە بەرامبەر مزگێنیدانەکەم. 19 هەرچەندە لە هەمووان ئازادم، بەڵام خۆمم کردووە بە کۆیلە بۆ هەمووان، بۆ ئەوەی زۆرترینیان بەدەست بهێنم. 20 بۆیە وەک یەهودییەک بۆ یەهودییەکان دەرکەوتم، بۆ ئەوەی یەهود بەدەست بهێنم؛ وە بۆ ئەوانەی ملکەچی تەوراتن وەک ئەوەی منیش ملکەچبم هەرچەندە ملکەچی نیم تا ئەوانەی ملکەچی تەوراتن بەدەست بهێنم؛ 21 بۆ ئەوانەی بێ یاسان خۆم وەک و بێ یاسا لێکرد هەرچەندە لەگەڵ خودا بێ یاسا نیم بەڵام ملکەچی یاسای مەسیحم بۆ ئەوەی ئەوانەی بەدەستبهێنم کە بێ یاسان. 22 بۆ لاوازەکان لاواز بووم، بۆ ئەوەی لاوازەکان بەدەستبهێنم. من بووم بە هەموو شتێک بۆ هەمووان، بۆ ئەوەی هەندێکیان ڕزگاربکەم گرنگ نییە تێچووکەی چییە. 23 هەموو شتێک دەکەم لە پێناو مزگێنیدان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوانی تردا هاوبەش بم تێیدا. 24 ئایا نازانیت هەموو پێشبڕکێکاران لە مەیدانەکەدا ڕادەکەن بەڵام تەنها یەکێکیان خەڵاتەکە دەباتەوە؟ بەم شێوەیە ڕابکە تا دەیبەیتەوە! 25 هەموو پێشبڕکێکارێک لە بوارە جیاجیاکاندا ڕاهێنانی توند دەکات. بۆ بردنەوەی تاجێکی لەناوچوو، لە کاتێکدا ئێمە بۆ بردنەوەی تاجێکی لەناو نەچوو ئەوە دەکەین. 26 کەواتە، من بەم شێوەیە ڕادەکەم، نەک وەک کەسێکی بێ ئامانج، بەم شێوەیە من بۆکسێن دەکەم، نەک وەک کەسێک مشت لە هەوا بدات، 27 بەڵکو مشت لە جەستەم دەدەم و دەیکەم بە دیل، لە ترسی ئەوەی وا دەرکەوێت کە من شایستە نیم (بۆ خەڵاتەکە) پاش ئەوەی کەسانی دیکەم بانگهێشت کرد بۆی!