بەشی ١٠

1 چونکە نامەوێت ئەوەتان لێ بشاردرێتەوە، برایان کە باوباپیرانمان هەموویان لە ژێر هەورەکەدا بوون، و هەموویان بە دەریادا تێپەڕین، 2 جا هەموویان بە شوێنکەوتووی موشە، لە هەور و لە دەریادا لە ئاو هەڵکێشران، 3 هەموویان یەک خواردنیان خوارد کە ئاماژەیەکی گیانی هەبوو، 4 هەموویان یەک خواردنەوەیان خواردەوە کە ئاماژەیەکی گیانی بوو، وەک چۆن لە بەردێکی گیانی دەیانخواردەوە کە شوێنیان کەوتبوو، ئەو بەردەش مەسیح بوو. 5 لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەیان مایەی ڕەزامەندی خودا نەبوون بۆیە بە مردوویی فڕێدرانە بیابان. 6 بەڵام ئەم شتانە نموونەیەک بوون بۆ ئێمە، بۆ ئەوەی وەک ئەوان ئارەزووی خراپەکاری نەکەین. 7 وەک هەندێک لەوان بت پەرست مەبن، وەک ئەوەی نووسراوە: «گەل دانیشتن بۆ خواردن و خواردنەوە، پاشان هەستان بۆ سەماکردن و خۆشی». 8 با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێک لەوان کردیان، لە یەک ڕۆژدا بیست و سێ هەزار کەسیان لێکەوت. 9 با پەروەردگار تاقی نەکەینەوە وەک چۆن هەندێکیان تاقییان کردەوە، و بە مار لەناوچوون. 10 بۆڵەبۆڵ مەکەن، وەک هەندێکیان کردیان و بە دەستی فریشتەی لەناوبەر لەناوچوون. 11 هەموو ئەمانە وەک نموونەیەک بەسەریاندا هات، و وەک ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئێمە نووسراون، کە کۆتایی سەردەمان بەڕێوەیە. 12 هەرکەسێک پێی وایە ڕاوەستاوە، با ئاگاداری ئەوە بێت کە نەکەوێت. 13 هیچ تاقیکردنەوەیەک بەسەرتدا نەهاتووە تەنها ئەوانە نەبێت کە بە ویستی مرۆڤ دەژیت. بەڵام خودا دڵسۆز و جێی متمانەیە، ڕێگە نادات تاقی بکرێیتەوە لەوە زیاتر کە بەرگەی دەگریت، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوەکەدا ڕێگایەک بۆ دەربازبوون دابین دەکات بۆ ئەوەی بەرگەی بگریت. 14 بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن. 15 قسەکانم بۆ ژیرمەندەکانە: بۆیە بڕیار بدەن لەسەر ئەوەی چی دەڵێم. 16 ئایا ئەو جامی بەرەکەتە کە ئێمە بەرەکەتداری دەکەین بەشداریکردن نییە لە خوێنی مەسیحدا؟ ئایا ئەو نانەی کە دەیشکێنین بەشداریکردنێک نییە لە جەستەی مەسیحدا؟ 17 ئێمە زۆرین یەک نانین، واتە یەک جەستەین، چونکە هەموومان لە یەک ناندا هاوبەشین. 18 وەک مرۆڤێک سەیری یەسرائیل بکەن: ئایا قوربانی خۆرەکان بەشداریکردنیان لە قوربانگادا هاوبەش نییە؟ 19 کەواتە مەبەستم چییە؟ ئایا ئەوەی دەکرێتە قوربانی بت نرخی هەیە یان بت نرخی هەیە؟ 20 نەخێر، بەڵام ئەوەی بت پەرستان دەیکەنە قوربانی، بۆ شەیتانی دەکەن نەک بۆ خودا. من نامەوێت ئێوە لەگەڵ شەیتاندا هاوبەش بن. 21 ناتوانن جامەکەی پەروەردگار و جامی شەیتان پێکەوە بخۆنەوە، 22 هەروەها ناتوانن هاوبەش بن لە خوانی پەروەردگار و خوانی شەیتان پێکەوە، یان هەوڵدەدەین ئیرەیی پەروەردگار بوروژێنین؟ یان ئێمە لە ئەو بەهێزترین؟ 23 هەموو شتێک ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەموو شتێک سوودی نییە. هەموو شتێک ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەموو شتێک بنیاتنەر نییە. 24 کەس بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا نەگەڕێت، بەڵکو بە دوای بەرژەوەندیی ئەوانی تردا بگەڕێت! 25 هەرچییەک لە بازاری گۆشت فڕۆشاندا دەفڕۆشرێت، لێی بخۆ، بەبێ ئەوەی پرسیار بکەیت بۆ ڕازیکردنی ویژدانت. 26 چونکە زەوی و هەموو ئەوەی تێیدایە هی پەروەردگارە. 27 بەڵام ئەگەر بێباوەڕێک بانگهێشتی کردیت و ویستت یاوەری بکەیت، هەرچی لە پێش دانایت بیخۆ، بەبێ ئەوەی پرسیار بکەیت بۆ ڕازیکردنی ویژدانت. 28 بەڵام ئەگەر کەسێک پێت بڵێت: «ئەمە قوربانییەکە بۆ بتەکان»، لەبەر ڕێزگرتن لەو کەسەی پێی وتوون و بۆ ڕازیکرنی ویژدانتان لێی مەخۆن. 29 کاتێک دەڵێم «ویژدان» مەبەستم ویژدانی خۆت نییە بەڵکو مەبەستم ویژدانی ئەویترە. بۆچی ویژدانی کەسێکی تر بڕیار لەسەر ئازادیم بدات؟ 30 مادام شتێک دەخۆم و سوپاسی خودای لەسەر دەکەم، بۆچی دەبێت بوترێت خراپ بۆ ئەو شتەی سوپاسی لەسەر دەکەم؟ 31 جا بخۆیت یان بخۆیتەوە یان هەر کارێک دەیکەیت، هەموو شتێک بکە بۆ شکۆمەندی خودا. 32 مەبە هۆکار بۆ کەوتنی هیچ کەسێک، جا یەهودی بێت، چ یۆنانی یان کڵێسای خودا. 33 چونکە بە هەمان شێوە هەوڵ دەدەم لە هەموو شتێکدا دڵی هەمووان ڕازی بکەم، گرنگی بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆم نادەم، بەڵکو گرنگی بە بەرژەوەندی زۆر کەس دەدەم، بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت.