بەشی ١١

1 وەک من بکەن هەروەک چۆن منیش وەک مەسیح دەکەم! 2 ستایشتان دەکەم چونکە لە هەموو بابەتێکدا یادم دەکەن و فێرکارییەکان دەپارێزن وەک چۆن من پێم گەیاندوون. 3 بەڵام دەمەوێت بزانن کە مەسیح سەری هەموو پیاوێکە؛ سەری ژنیش پیاوە، سەری مەسیحیش خودایە. 4 هەر پیاوێک نزا بکات یان پێشبینی بکات. بە سەری داپۆشراو، ئەوە شەرمەزاری بەسەر خۆیدا دەهێنێت. 5 هەر ژنێک نزا بکات یان پێشبینی بکات، بەبێ داپۆشینی سەری، شەرمەزاری بەسەر خۆیدا دەهێنێت، وەک سەر تاشراوێک. 6 ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت! بەڵام، ئەگەر بۆ ژن شەرمەزارییە قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت. 7 ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، چونکە وێنە و شکۆمەندی خودایە. سەبارەت بە ژنیش، ئەو شکۆمەندی پیاوە. 8 چونکە پیاو لە ژنەکە وەرنەگیرا، بەڵکو ژنەکە لە پیاوەکە وەرگیرا؛ 9 پیاو لە پێناو ژندا بوونی نەبووە، بەڵکو ژن لە پێناو پیاودا بوونی هەبووە. 10 بۆیە ئافرەت دەبێت دەسەڵات لەسەر سەری بێت، لەبەر فریشتەکان. 11 بەڵام لە پەروەردگاردا ژن بێ پیاو نییە، و پیاویش بێ ژن نییە. 12 هەروەک چۆن ژن لە پیاو وەرگیراوە، پیاویش لەلایەن ژنەوە تەواو دەکرێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە. 13 کەواتە بۆ خۆتان بڕیار بدەن: ئایا گونجاوە ژن بە سەری دانەپۆشراو نزا بۆ خودا بکات؟ 14 ئایا سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو کە قژی درێژ بکاتەوە، 15 لەکاتێکدا ئافرەتێک قژی درێژبێت بۆی جێگای شانازییە، چونکە قژ وەک داپۆشەرێک پێی دراوە. 16 بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت ناکۆکی نیشان بدات، نە ئێمە داب و نەریتی وامان هەیە نە کڵێساکانی خوداش! 17 بۆیە لە سەرمە، بەردەوام بم لە ڕاسپاردنتان بەمە، ستایشتان ناکەم، چونکە کۆبوونەوەکانتان زیانی زیاترە لە سوود. 18 سەرەتا بیستم، کە کاتێک کۆمەڵەکەت کۆدەبێتەوە، ناتەبایی لە نێوانتاندا دروست دەبێت. 19 باوڕدەکەم کە ڕاست بێت، بێگومان دەبێت لەنێوانتاندا جیاوازی هەبێت، تاکو شایستەکان لە نێوانتاندا دەربکەون. 20 کاتێک لە یەک شوێن کۆدەبنەوە، کۆنابنەوە بۆ خواردنی خوانی پەروەردگار، 21 چونکە هەرکەسێک پێش دەکەوێت بۆ خواردنی ژەمی ئێوارەی خۆی، بۆیە یەکێکیان برسی دەمێنێتەوە، ئەوی تریان دەخواتەوە تا سەرخۆش دەبێت! 22 ماڵتان نییە بۆ خواردن و خواردنەوە؟ یان سووکایەتی بە کڵێسای خودا دەکەن و سوکایەتی بەو کەسانە دەکەن کە هیچیان نییە؟ چیت پێ بڵێم؟ ستایشتان بکەم؟ بۆ ئەمەش ستایشی ئێوە ناکەم! 23 چونکە ئەوەی بە ئێوەم بەخشیوە لە پەروەردگار وەرمگرتووە. ئەوەیە کە یەشوای پەروەردگار، ئەو شەوەی بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت، 24 سوپاسی کرد، پاشان نانی شکاند و فەرمووی: « ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەدا دەشکێت ئەمە بکەن بۆ یادی من». 25 بەهەمان شێوە دوای نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من ئەمە بکەن و بیخۆنەوە، بۆ یادی من». 26 بۆیە هەرکاتێک ئەم نانەتان خوارد و ئەم جامانەتان خواردەوە، مردنی پەروەردگار ڕادەگەیەنن، تا دەگەڕێتەوە. 27 هەرکەسێک لە نانەکە بخوات، یان لە جامەکەی پەروەردگار بخواتەوە بە شێوەیەکی ناشایستە، تاوانبار دەبێت بەرامبەر بە جەستە و خوێنی پەروەردگار. 28 بەڵام با مرۆڤ خۆی بپشکنێت، پاشان لە نانەکە بخوات و لە جامەکە بخواتەوە. 29 ئەوانەی دەخۆن و دەخۆنەوە ئەگەر جەستەی مەسیح نەناسن خۆیان تاوانبار دەکەن. 30 لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک لە ئێوە لاواز و نەخۆشن، زۆریش وەک نوستوو وان. 31 ئەگەر خۆمان دادوەری خۆمان بین، بڕیارمان لەسەر خۆمان نە دەدا. 32 بەڵام، لەبەر ئەوەی دادوەریمان لەسەر کراوە، لەلایەن پەروەردگارەوە تەمبێ دەکرێین بۆ ئەوەی لەگەڵ جیهاندا تاوانبار نەکرێین. 33 براکانم کاتێک کۆدەبنەوە بۆ خواردن چاوەڕێی یەکتر بن. 34 ئەگەر کەسێک برسی بوو با لە ماڵەوە نان بخوات، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکەتان بۆ دادوەریتان نەبێت. سەبارەت بە پرسەکانی تریش کە هاتم ڕێکیان دەخەم.