بەشی ٧

1 سەبارەت بەو بابەتانەی کە بۆتان نووسیوم، باشترە پیاو دەست لە ژن نەدات. 2 بەڵام بۆ دوورکەوتنەوە لە داوێنپیسی، با هەر پیاوێک ژنی خۆی هەبێت، هەر ژنێکیش مێردی خۆی هەبێت. 3 پێویستە مێرد مافی شایستەی ژنەکەی بدات، ژنەکەش بە هەمان شێوە. 4 ژن هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر جەستەی خۆیدا نییە، بەڵام مێردەکەی دەسەڵاتی هەیە. بە هەمان شێوە مێرد هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر جەستەی خۆیدا نییە، بەڵکو دەسەڵاتی ژنەکەیەتی. 5 نابێت هیچ کام لە ئێوە ڕێگری لە ئەویتر بکات تەنها کاتێک نەبێت کە هەردووکتان ڕەزامەند بن لەسەری، وە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بە مەبەستی تەرخانکردنی خۆتان بۆ نزاکردن. دوای ئەوە بگەڕێنەوە بۆ پەیوەندیەکەی پێشووتان، بۆ ئەوەی شەیتان تاقیتان نەکاتەوە لەبەر نەبوونی خۆڕاگریتان. 6 بەڵام ئێستا ئەمە وەک ئامۆژگاری دەڵێم نەک فەرمان؛ 7 هیوادارم هەموو خەڵکی وەک من بن. بەڵام هەر مرۆڤێک بەهرەی تایبەتی خۆی هەیە لە خوداوە: هەندێکیان ئاوا و هەندێکیش ئاوایە. 8 بەڵام ئەو کەسانەی کە هاوسەرگیریان نەکردووە و زگورتن پێتان دەڵێم بۆ ئەوان باشترە وەک من بمێننەوە. 9 بەڵام ئەگەر نەیانتوانی خۆڕاگربن، با هاوسەرگیری بکەن. چونکە هاوسەرگیری باشترە لە سووتان. 10 سەبارەت بەوانەی هاوسەرگیریان کردووە، من ڕاسپاردەیەکتان پێدەدەم نەک لەلایەن منەوە بەڵکو لەلایەن پەروەردگارەوە، کە ژنەکە لە مێردەکەی جیا نەبێتەوە، 11 ئەگەر لێی جیا بووبێتەوە، ئەوا دەبێت بێ مێرد بمێنێتەوە، یان دەبێت لەگەڵ مێردەکەی ئاشتبێتەوە مێردەکەش نابێت ژنەکەی بەجێی بهێڵێت. 12 سەبارەت بە ئەوانی تریش، من پێیان دەڵێم، نەک پەروەردگار: ئەگەر برایەک ژنێکی هەبێت کە باوەڕدار نییە، و ئەویش ئامادە بوو لەگەڵیدا بژی، نابێت بەجێی بهێڵێت. 13 ئەگەر ژنێک مێردێکی هەبوو باوەڕدار نەبوو، و ئەویش ئامادە بوو لەگەڵیدا بژی، نابێت بەجێی بهێڵێت. 14 ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پیاوی بێباوەڕ لە ژنەکەیدا پیرۆز کراوە، ژنە بێباوەڕەکەش لە مێردەکەیدا پیرۆز کراوە. ئەگینا منداڵی ناو هاوسەرگیرییەکی لەو شێوەیە گڵاو دەبوون، بەڵام ئێستا پیرۆزن. 15 بەڵام ئەگەر بێباوەڕ جیابۆوە، با جیاببێتەوە؛ خوشک یان برا لە دۆخی ئاوادا هیچ نەبەستراوەتەوە، بەڵام خودا بانگی کردوویت بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژیت. 16 ئەی ژن چۆن دەزانیت، مێردەکەت بە تۆ ڕزگاری دەبێت؟ یان ئەی مێرد، چۆن دەزانیت، ژنەکەت بە تۆ ڕزگاری دەبێت؟ 17 لە هەر دۆخێکدا، با هەر کەسێک ژیانی خۆی بژی بەو شێوەیەی کە پەروەردگار بەشی پێداوە و ئەو بنەمایەی خودا بانگی کردوون بۆیی ئەویە کە من فەرمانی پێدەکەم لە هەموو کڵێساکاندا. 18 ئەوەی بە خەتەنەکراوی بانگکراوە، نابێتە خەتەنە نەکراو، ئەوەش بە خەتەنە نەکراوی بانگکراوە، نابێتە خەتەنە کراو. 19 خەتەنەکردن هیچ نییە، وە خەتەنە نەکردن هیچ نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە کارکردنە بە ڕاسپاردەکانی خودا. 20 با هەر کەسێک لەو بارودۆخەدا بمێنێتەوە کە تێیدا بووە کاتێک خودا بانگی کردووە. 21 ئایا تۆ کۆیلە بوویت کاتێک بانگ کرایت؟ گرنگی بەو شتە مەدە. بەڕاستی ئەگەر دەرفەتی ئازادبوونت هەبێت، باشترە بیکەیت. 22 چونکە ئەوەی بەندەیە کاتێک پەروەردگار بانگی دەکات، ئەوە دەبێتە ئازادکراوی پەروەردگار. بە هەمان شێوە ئەوەشی ‏کە ئازاد بووە، کاتێک بانگکراوە ئەوە دەبێتە خزمەتکاری مەسیح. 23 ئێوە بە نرخێک کڕدراون، بۆیە مەبن بە کۆیلەی مرۆڤ. 24 برایان، با هەریەکەتان لەگەڵ خودا بمێنێتەوە، لەو دۆخەی کە تێیدا بووە کاتێک بانگ کرا. 25 سەبارەت بەو کەسانەی هاوسەرگیریان نەکردووە، من ڕاسپاردەیەکی تایبەتم نییە لەلایەن پەروەردگارەوە بۆیان، بەڵام بۆچوونێک دەدەم وەک چۆن لە پەروەردگار بەزەییم وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانم متمانەپێکراو بم. 26 بەهۆی ئەو تەنگانەیەی ئێستا، پێموایە باشترە بۆ مرۆڤ وەک خۆی بمێنێتەوە. 27 ئەگەر بە ژنەوە پەیوەستیت، بەدوای جیابوونەوەدا مەگەڕێ، وە ئەگەر بە ژنەوە پەیوەست نیت، بەدوای ژندا مەگەڕێ. 28 بەڵام، ئەگەر ژن بهێنیت گوناهت نەکردووە. ئەگەر پاکیزەش مێرد بکات، گوناهی نەکردووە. بەڵام هاوشێوەی ئەمانە تووشی سەختی ژیان دەبنەوە، من دەمەوێت لەوانە بتان پارێزم. 29 . چونکە، ئەی برایان، پێتان دەڵێم کاتەکە کورت دەبێتەوە. سەبارەت بە بابەتەکانی تر، با ئەوانەی ژنیان هەیە وەک ئەوەبن کە ژنیان نەبێت. 30 ئەوانەی دەگرین وەک ئەوەیە نەگرین، ئەوانەی شادن وەک ئەوەیە شاد نەبن، ئەوانەی دەکڕن وەک ئەوەیە هیچیان نەبێت، 31 ئەوانەی ئەم دونیایە دەقۆزنەوە وەک ئەوەی نەیان قۆزتبێتەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە شێوازی ئەم جیهانە زوو بەسەر دەچێت. 32 دەمەوێت ئێوە دووربن لە نیگەرانی. کەسی بێ هاوسەر گرنگی بە بابەتەکانی پەروەردگار دەدات 33 ئامانجی ڕازیکردنی پەروەردگارە. سەبارەت بە پیاوی خێزاندار خەمی کاروباری جیهانە و ئامانجی ڕازیکردنی ژنەکەیەتی، 34 بەرژەوەندییەکە دابەش دەبێت. بە هەمان شێوە ژنانی بێ مێرد و پێگەیشتووان گرنگی بە بابەتەکانی پەروەردگار دەدەن و ئامانجیان پیرۆزییە لە جەستە و گیاندا. سەبارەت بەو ژنەی مێردی هەیە خەمی کاروباری جیهانە و ئامانجی ڕازیکردنی مێردەکەیەتی. 35 ئەمە بۆ چاکەی خۆتان دەڵێم، نەک بۆ ئەوەی تەڵەیەکتان بۆ دابنێم، بەڵکو لە پێناو ئەوەی کە گونجاوە و سەرنجتان بەرەو پەروەردگار ڕابکێشم بەبێ شڵەژان. 36 بەڵام، هەرکەسێک نیگەرانە لەوەی کە ڕەنگە بە شەرەفمەندانە رەفتار لەگەڵ ئەو پاکیزەیە نەکات، کە دەستگیرانیەتی و ئەگەر ئارەزووەکانی زۆر بەهێز بن و هەست دەکات کە دەبێ هاوسەرگیری بکات، ئەوا پێویستە بەو شێوەیەی کە دەیەوێت بیکات. گوناهە ناکات. با هاوسەرگیری بکات. 37 سەبارەت بەو کەسەی بە دڵ بڕیاری داوە، و ناچار نییە، بەڵکو بە تەواوی خۆڕاگرە، و خۆی هەڵیدەبژێرێت کە ڕەبەن بێت، ئەوا چاکە دەکات. 38 کەواتە، هەرکەسێک هاوسەرگیری بکات باش دەکات، هەرکەسێک هاوسەرگیری نەکات باشترە. 39 ژنەکە تا مێردەکەی بژی بەئەوەوە گرێدراوە. ئەگەر مێردەکەی مرد، ئازاد دەبێت و مافی ئەوەی هەیە هەر پیاوێک بیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، بەڵام تەنها لە پەروەردگاردا. 40 بەڵام، بە بۆچوونی من، ئەو دڵخۆشتر دەبێت ئەگەر وەک خۆی بمێنێتەوە، و پێموایە کە منیش، گیانی خودام هەیە!