بەشی ٦

1 ئەگەر کەسێک لە ئێوە سکاڵای لەسەر کەسێکی تر هەبێت، ئایا دەوێرێت لای نادادپەروەرەکان تۆماری بکات نەک لای پیرۆزکراوان؟ 2 ئایا نازانیت پیرۆزکراوان داوەری جیهان دەکەن؟ بەو پێیەی دەتەوێت بڕیار لەسەر جیهان بدەیت، ئایا شایستەی ئەوە نیت بڕیار لەسەر شتە سادەکان بدەیت؟ 3 ئایا نازانن ئێمە بڕیار لەسەر فریشتەکان دەدەین؟ ئایا ئێمە شیاوی ئەوە نین بڕیار لەسەر شتەکانی ئەم ژیانە بدەین؟ 4 ئەگەر، ناکۆکی لە نێوانتاندا هەبوو سەبارەت بە پرسەکانی ئەم ژیانە، ئەوا منداڵان لە کڵێسادا دادەنیشن بۆ دادگایتان. 5 من ئەمە دەڵێم بۆ شەرمە زاریتان. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات! 6 بەڵام برایەک سکاڵا لەسەر براکەی تۆمار دەکات، و ئەوەش لە پێش چاوی بێباوەڕاندا. 7 لە ڕاستیدا بەتەواوی شەرمەزارییە بۆ ئێوە کە سکاڵا لەسەر یەکتر تۆمار بکەن. باشترنییە بۆتان بەرگەی ستەم و خراپی یەکتر بگرن؟ 8  بەڵام ئێوە ستەم و فێڵ دەکەن تەنانەت لە برایانیشتان. 9 ئایا نازانن ستەمکاران شانشینی خودا بە میرات ناگرن؟ فریو مەخۆن: نە داوێنپیسان و نە بتپەرستان و نە خراپەکاران و نە هاوڕەگەزبازان شانشینی خودا بە میرات ناگرن 10 نە دزەکان و نە چاوچنۆکان و نە سەرخۆشەکان و نە جنێوفرۆشان و نە قۆرخکاران. 11 هەندێک لە ئێوەش بەم شێوەیە بوون، بەڵام شۆردراون، پیرۆز کران، بێتاوان کران، بە ناوی پەروەردگار یەشوای مەسیح و گیانی خودامانەوە. 12 هەموو شتێک بۆ من ڕێگە پێدراوە، بەڵام هەموو شتێک سودی نییە. هەموو شتێک بۆ من ڕێگە پێدراوە، بەڵام ناهێڵم هیچ شتێک زاڵ بێت بەسەرمدا. 13 خواردن بۆ سکە، سکیش بۆ خواردنە؛ بەڵام پەروەردگار هەردووکیان لە ناو دەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ پەروەردگارە؛ پەروەردگاریش بۆ جەستەیە. 14 خودا پەروەردگاری لە مردن هەڵستاندەوە، بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە! 15 ئایا نازانن جەستەتان ئەندامی مەسیحە؟ ئایا دروستە بۆ من ئەندامەکانی مەسیح وەربگرم و بیکەمە ئەندامی داوێنپيسێک؟ خوا نەکا! 16 ئایا نازانن هەرکەسێک لەگەڵ زیناکارێک یەکدەگرێت لەگەڵیدا دەبێتە یەک جەستە؟ چوونکە دەفەرموێت: « ئەو دووانە دەبنە یەک جەستە». 17 هەرکەسێک لەگەڵ پەروەردگار یەکبگرێت، لەگەڵیدا بووە بە یەک گیان! 18 لە داوێنپیسی ڕاکەن! هەر تاوانێک مرۆڤ ئەنجامی بدات لە دەرەوەی جەستەی خۆیەتی، هەرکەسێک داوێنپیسی بکات، سووکایەتی بە جەستەی خۆی دەکات. 19 ئایا نازانن جەستەتان پەرستگای گیانی پیرۆزە کە لە تۆدا دەژی و لە خوداوە پێتان دراوە و تۆ هی خۆت نیت؟ 20 چونکە ئێوە بە نرخێک کڕدراون. جا بە جەستەتان خودا شکۆمەند بکەن.