بەشی ٥

1 لە ڕاستیدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە داوێنپیسی لە نێوانتاندا هەیە. ئەو جۆرە داوێنپیسیە تەنانەت لە نێو نەتەوەکانیشدا بوونی نییە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پیاوێک لە ئێوە لەگەڵ باوەژنەکەی دەخەوێت. 2 لەگەڵ ئەوەشدا، خۆبەزلزان و لووت بەرزن، لەبری ئەوە شیوەن بگێڕن تا ئەنجام دەری ئەم کارە لەناو خۆتاندا بنبڕ دەکەن! 3 چونکە لە کاتێکدا من لە جەستەدا لە لاتان نیم، بەڵام بە گیان لە لاتانم، وەک ئەوەی ئامادە بم بڕیارم لەسەر تاوانبارەکە داوە: 4 کاتێک بە ناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح کۆدەبنەوە، گیانی من لەگەڵتاندایە، بە دەسەڵاتی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان، 5 بڕیار بدەن ئەنجام دەری ئەم کارە ڕادەستی شەیتان بکرێت، بۆ ئەوەی جەستەی لەناو بچێت؛ سەبارەت بە گیانی ئەویش لە ڕۆژی یەشوای پەروەردگار ڕزگاری دەبێت. 6 شانازیکردنەکەت لە شوێنی خۆیدا نییە! نازانن کە کەمێک هەویرترش هەموو هەویرەکە هەڵدەهێنێت؟ 7 خۆتان لە هەویرترشی کۆن پاک بکەنەوە تاکو ببنە هەویرێکی نوێ، چونکە ئێوە فەتیرەن! لەبەر ئەوەی بەرخی پەسخەمان، واتا مەسیح، سەربڕدرا. 8 کەواتە با جەژن بگێڕین، نەک بە هەویرترشی بەسەرچوو، نە بەهەویرترشی کینە و خراپە، بەڵکو بە فەتیرەی ڕزگاری و ڕاستی. 9 لە نامەکەمدا بۆم نووسیون کە تێکەڵی داوێنپیسی نەبن. 10 بەهیچ شێوەیەک مەبەستم لە داوێنپیسانی جیهان نییە یان چاوچنۆکان یان دزەکان یان بتپەرستان، ئەگینا ناچار دەبوون کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەجێبهێڵن! 11 بەڵام ئێستا بۆتان دەنووسم هاوبەشی کەسێک مەکەن کە پێی دەوترێت برا و داوێنپیس بێت چاوچنۆک بێت بتپەرست بێت جنێوفرۆش بێت سەرخۆش بێت یان دز بێت. هاوبەشی کەسێکی ئاوا مەکەن لەگەڵیدا دامەنیشن بۆ خواردن. 12 چ پەیوەندییەکم لەگەڵ ئەوانەی دەرەوەی (کڵێسا) هەیە تا دادوەریان بکەم؟ ئایا ئێوە بڕیار لەسەر ئەوانەی ناوەوە نادەن؟ 13 سەبارەت بەوانەی لە دەرەوەن، خودا بڕیاریان لەسەر دەدات. «کەواتە خراپەکار لە نێو خۆتاندا دوور بخەنەوە».