بەشی ٤

1 با خەڵک وەک خزمەتکاری مەسیح و بریکاری نهێنییەکانی خودا ببینن. 2 ئەوەی لە بریکارەکان داوا دەکرێت، لە پێش هەموو شتێکەوە، ئەوەیە کە هەریەکەیان دڵسۆز بێت. 3 سەبارەت بە منیش کەمترین شت کە گرنگی پێدەدەم ئەوەیە کە لە پێش ئێوە یان دادگایەکی مرۆڤانە دادگایی بکرێم. بەڵکو من بڕیار لەسەر خۆم نادەم. 4 ویژدانم من تاوانبار ناکات بۆ هیچ شتێک، بەڵام پشت بەوە نابەستم بۆ ئەوەی پاساو بۆ خۆم بهێنمەوە. چونکە ئەوەی بڕیارم لەسەر دەدات پەروەردگارە. 5 بۆیە، پێشوەختە بڕیار لەسەر هیچ شتێک مەدەن، تا پەروەردگار دەگەڕێتەوە کە ڕۆشنایی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراونەتەوە، و نیازی دڵەکان ئاشکرا دەکات، ئەو کاتە هەموو کەسێک مافی ستایشی خۆی لە خوداوە وەردەگرێت! 6 برایان لە ڕابردوودا، خۆم و ئەپۆلۆسم وەک نموونەیەک بۆ ئێوە پێشکەش کرد، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئێمەوە فێربن بیرکردنەوەکانتان لە سەرووی ئەوەی نووسراوەوە دانەنێن، لەبەر لایەنگری لەگەڵ کەسدا شانازی بە یەکترەوە مەکەن. 7 کێ تۆی لە کەسانی تر جیاکردۆتەوە؟ وە هی تۆ چییە کە بە دیاری وەرت نەگرت؟ مادام وەرتگرتووە، بۆچی وا خۆت پیشان ئەدەیت وەک ئەوەی وەرت نەگرتبێت؟ 8 ئێوە تێر و دەوڵەمەند بوون! ئێوە بوون بە پاشا و وازتان لێ هێناین! خۆزگە بەڕاستی ئێوە پاشا بوونایە تا ئێمەش لەگەڵ ئێوە فەرمانڕەوایمان بکردایە! 9 چونکە من دەبینم کە خودا، ئێمەی نێردراوان، لە کۆتایی کاروانەکەدا وەک ئەوەی بە مردن سزا درابین، نمایشی کرد، چونکە بووین بە نمایشێک بۆ جیهان، بۆ فریشتەکان و مرۆڤەکان پێکەوە. 10 ئێمە لە پێناو مەسیحدا بوین بە گێل، بەڵام ئێوە لە مەسیحدا دانان. ئێمە لاوازین و ئێوەش بەهێز. ئێوە ڕێز لێگیراو و ئێمەش سوکایەتی پێکراو. 11 تا ئەمڕۆش برسی و تینوو و ڕووتین و لێماندراوە، و لە شوێنی مانەوەش بێبەشین 12 تێدەکۆشین و بەدەستەکانمان کار دەکەین. سوکایەتیمان پێدەکرێت و داوای بەرەکەت دەکەین و دەمان چەوسێننەوە و بەرگە دەگرین 13 ئەگەر بریندار بووین ئارام دەبین. ئێمە وەک پیسی جیهان و زبڵ و خاشاکی هەمووان بووین، و ئێستاش هەر واین! 14 من ئەمە بۆ شەرمەزارکردنتان نانووسم، بەڵکو بۆ ئاگادارکردنەوەتان وەک منداڵە خۆشەویستەکانم. 15 لەوانەیە دە هەزار ڕابەرت هەبێت لە مەسیحدا، بەڵام باوکانت زۆر نییە! لەبەر ئەوە لە یەشوای مەسیحدا من بووم بە باوکتان لە ڕێگەی مزگێنیەکەوە. 16 بۆیە داوتان لێدەکەم ئەوە بکەن کە من دەیکەم. 17 هەر لەبەر ئەمەش تیمۆساوس، کوڕە خۆشەویست و دڵسۆزەکەم لە پەروەردگاردا ناردە لاتان، چونکە ئەو ڕێگایانەتان بیردەخاتەوە کە لە مەسیحدا پێیدا ڕۆیشتم، وەک چۆن لە هەموو شوێنیک و کڵێساکان ئاوا فێردەکەم. 18 چونکە هەندێکتان پێیان وابوو کە نایەمە لای ئێوە و لە خۆبەزلزانینەوە خۆیان گەورە کرد! 19 بەڵام ئەگەر خودا بیەوێت، بە خێرایی دێم بۆ لاتان، و نەک قسەی ئەم خۆبەزلزانانە بەڵکو تواناشیان تاقی دەکەمەوە. 20 چونکە شانشینی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە دەسەڵاتە. 21 چۆنتان پێ باشە من بێمە لاتان: بە گۆچان یان بە خۆشەویستی و گیانی نەرم و نیانی؟