بەشی ٣

1 بەڵام برایان، نەمتوانی وەک مرۆڤی گیانی قسەتان بۆ بکەم، بەڵکو وەک ئێوەی جەستەیی و ساوایەک لە مەسیحدا قسەم لەگەڵ کردن. 2 شیرم پێداون نەک خواردنی بەهێز، چونکە توانای ئەوەتان نەبوو، ئێستاش ئەو توانایەتان نییە. 3 چونکە ئێوە هێشتا جەستەیین. تا ئیرەیی و ناکۆکی و ( دووبەرەکی)، لە نێوانتاندا هەبێت، ئایا ئێوە جەستەیی نین و بەپێی مرۆڤ ڕەفتار ناکەن؟ 4 ئەگەر ئێوە بڵێن: من لەگەڵ «پۆڵسم»، یەکێکی تریش بڵێت: من لەگەڵ «ئەپۆلۆسم»، ئایا ئێوە جەستەیی نین؟ 5 پۆڵس کێیە؟ ئەپۆلۆس کێیە؟ ئەوان تەنها دوو خزمەتکارن کە لە ڕێگەیانەوە باوەڕت هێناوە، و وەک چۆن پەروەردگار بەرەکەتی بۆ هەریەکەیان بەخشیوە. 6 من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا؛ بەڵام خودا گەشەی پێکرد. 7 ئەوەی دەچێنێت و ئەوەی ئاو دەدات هیچ نین، بەڵکو خودایە کە گەشە دەبەخشێت. 8 ئەوەی دەچێنێت و ئەوەی ئاوی دەدات یەکسانن. بەڵام هەریەکەیان کرێی خۆی لە بەرامبەر ماندووبوونەکەی وەردەگرێت. 9 چونکە هەموومان کرێکاری خوداین، ئێوەش کێڵگە و ماڵی خودان. 10 بەپێی ئەو بەخششەی خودا پێیدام، من بناغەکەم دانا وەک تەلار سازێکی لێهاتوو، جگە لە من هی دیکەش لەسەری بنیاتی دەنێت. 11 بەڵام، پێویستە هەموو کەسێک وریا بێت کە چۆن لەسەری بنیات دەنێت. ناکرێت کەس بناغەیەکی تر دابنێت جگە لەو بناغەیەی کە دانراوە، ئەویش یەشوا مەسیحە. 12 ئەگەر کەسێک لەسەر ئەم بناغەیە بە زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها بنیات بنێت، یان بە دار و پوش و پەڵاش، 13  کاری هەر یەکێک دەردەکەوێت چونکە لەو ڕۆژەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت، ئاگرەکە بەهای کارەکانی هەریەکەیان تاقی دەکاتەوە. 14 هەرکەسێک کارەکەی کە لەسەر بناغەکە دروست کردووە بمێنێتەوە، کرێکەی وەردەگرێت. 15 هەرکەسێک کارەکەی بسووتێت لەدەستی دەدات، بەڵام خۆی ڕزگاری دەبێت؛ بەڵام وەک کەسێک کە بە دۆزەخدا تێدەپەڕێت. 16 ئایا نازانن کە ئێوە پەرستگای خودان و گیانی خودا لە ئێوەدا نیشتەجێیە؟ 17 ئەگەر کەسێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات ، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئەو پەرستگایەش ئێوەن. 18 ئاگاداربە خۆت فریو نەدەیت! هەریەکێک لە ئێوە لەم جیهانەدا خۆی بە دانا دەزانێت، با ببێتە گێل بۆ ئەوەی بەڕاستی ببێتە دانا. 19 چونکە دانایی جیهان لە چاوی خودادا گێلایەتیە. چونکە نووسراوە: «ئەو داناکان بە فێڵەکانیان دەگرێت» 20 هەروەها: «پەروەردگار بیری داناکان دەزانێت و دەیانناسێت کە پووچەڵن!» 21 بۆیە با کەس شانازی بە مرۆڤەوە نەکات، چونکە هەموو شتێک هی تۆیە، 22 پۆڵس یان ئەپۆلۆس یان پەترۆ یان جیهان یان ژیان یان مردن یان ئێستا یان داهاتوو: هەموو ئەمانە هی ئێوەن، 23 ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودا.