بەشی ١٥

1 بەڵام برایان ئەو مزگێنیەتان، بیردەخەمەوە کە بۆم ڕاگەیاندوون، وەرتانگرت و بەردەوام پێوەی پابەندن، 2 هەروەها بەوە ڕزگارتان دەبێت، ئەگەر دەست بەو وشەیەوە بگرن کە بۆم ڕاگەیاندن، ئەگینا باوەرتان بێهودەیە. 3 لە ڕاستیدا، من یەکەم شت، ئەوەی وەرمگرت، ڕادەستی ئێوەم کرد، ئەویش ئەوەیە کە مەسیح لە پێناو گوناهەکانماندا مرد بەپێی ئەوەی لە تەورتدا هاتووە، 4 ئەو نێژرا، و لە ڕۆژی سێهەمدا هەستایەوە بەپێی ئەوەی لە تەوراتدا نووسراوە، 5 وە ئەو بۆ پەترۆ دەرکەوت، و پاشان بۆ قوتابییەکانی تریش. 6 دوای ئەوە بەیەکەوە بۆ زیاتر لە پێنج سەد برا دەرکەوت کە زۆربەیان لە ژیاندا ماون، و ئەوانی تر مردوون. 7 پاشان بۆ یاکۆڤ دەرکەوت، دوای ئەوەش بۆ هەموو نێردراوان. 8 پاش هەموویان، بۆ منیش دەرکەوت، وەک ئەوەی مناڵێک بم کە لە کاتێکی هەڵەدا لەدایک بووم! 9 چونکە من بچووکترینی نێردراوانم، شایەنی ئەوە نیم پێم بڵێن نێردراو چونکە کڵێسای خودام چەوساندۆتەوە. 10 بەڵام، بە بەخششی خودا بوومە ئەوەی ئێستام، و ئەو بەهرەیەی کە وەرمگرت بێهودە نەبوو، چونکە لە هەموو نێردراوانی دیکە زیاتر ماندوو بووم. بەڵام ئەوە من نەبووم کارم دەکرد، بەڵکو بەخششی خودا بووم کە لەگەڵمدا بوو. 11 جا من بم یان ئەوان، ئێمە بەم شێوەیە بانگەواز دەکەین، ئێوەش بەم شێوەیە باوەڕتان هێنا. 12 ئێستا مژدەی ئەوە دەدرێت کە مەسیح لە مردن هەستایەوە، چۆن هەندێکتان دەڵێن هەستانەوەی مردووەکان نییە؟ 13 ئەگەر هەستانەوەی مردووەکان بوونی نەبێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە مەسیحیش هەڵنەستاوەتەوە! ئەگەر مەسیح هەڵنەستابێتەوە، 14 بانگەشەی ئێمە بێهودە دەبوو و باوەڕکەشتان بێهودە دەبوو، 15 ئەو کاتە ئەوە ڕوون دەبۆوە کە ئێمە شایەتحاڵی درۆین بۆ خودا، چوونکە شایەتی ئەوەماندا کە مەسیح لە مردن هەستاوەتەوە، ئەگەر ئەو هەڵنەستایەتەوە ڕاست دەبوو مردووەکانیش هەڵنەدەستانەوە. 16 بۆیە ئەگەر مردووەکان هەڵنەستێنەوە، ئەوا مەسیحیش هەڵنەستاوەتەوە. 17 ئەگەر مەسیح هەڵنەستایەتەوە، باوەڕەکەت بێهودە دەبوو، و هەر لە گوناهەکانتدا دەمایتەوە، 18 ئەگەر وابێت ئەوانەی لەگەڵ مەسیح یەکیان گرت لەناو دەچوون! 19 ئەگەر هیوامان بە مەسیح تەنها بەم ژیانە سنووردار بووایە، لە هەموو مرۆڤەکان بەدبەختر دەبووین! 20 بەڵام ئێستا مەسیح لە مردن هەستایەوە نۆبەرەی نوستووەکانە. 21 بەو پێیەی مردن لە مرۆڤەوە هاتووە، هەستانەوەی مردووەکانیش بە مرۆڤ دەبێت. 22 چونکە هەمووان لە ئادەمدا مردن، هەمووان لە مەسیحدا زیندوو دەکرێنەوە، 23 بەڵام هەریەکە پلەی تایبەتی خۆی هەیە یەکەم: مەسیح وەک نۆبەرە؛ پاشان کە گەڕایەوە ئەوانەش کە هی خۆین، 24 پاشان کۆتایی دێت کاتێک شانشینی ڕادەستی خودای باوک دەکات دوای ئەوەی هەموو دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد. 25 دەبێت پاشایەتی بکات «تا هەموو دوژمنەکانی بخاتە ژێر پێیەکانیەوە». 26 دوا دوژمن کە لەناو دەچێت مردنە. چونکە «هەموو شتەکانی خستە ژێر پێیەکانیەوە». 27 بەڵام لە وتنی ئەوەی کە هەموو شتەکان ملکەچی بوون، بە ڕوونی خودا بەدەر دەکات کە هەموو شتێکی ملکەچی ڕۆڵەکە کردووە. 28 کاتێک هەموو شتێک لە ژێر دەسەڵاتی ئەودایە، ڕۆڵە خۆی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خوداوە، بەجۆرێک خودا کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو شتێکدا بە ڕۆڵەکە بەخشی، بە تەواوی باڵادەست دەبێت بەسەر هەموو شتێک و لە هەموو شتێکدا! 29 ئەگەر ئێستا، هەستانەوە لە مردن نەبێت، ئەوانەی بۆ مردووەکان لە ئاوهەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟  ئەگەر مردووەکان بە هیچ شێوەیەک هەڵنەستنەوە، بۆچی خەڵک لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ 30 بۆچی هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ 31 برایان، لەبەر ئەوەی شانازیتان پێوە دەکەم لە یەشوای مەسیحی پەروەردگارماندا، شایەتحاڵی ئەوە دەدەم کە هەموو ڕۆژێک دەمرم! 32 ئەگەر لە ئەفسوس شەڕم لەگەڵ دڕندە کێوییەکان کردبێت و لە هیوای مرۆڤانە زیاترم نەبێ، چیم دەستکەوتووە؟ ئەگەر مردووەکان زیندوو نەکرێنەوە، «با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین؟» 33 بەڕێگەی گومڕایدا مەڕۆن: پەیوەندی خراپ ڕەوشتی باش گەندەڵ دەکات! 34 وەک پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ڕاستە و گوناهە مەکەن، چونکە هەندێکتان بە تەواوی بێ ئاگان لە خودا، ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی شەرمەزار بن! 35 بەڵام ڕەنگە کەسێک بڵێت: چۆن مردووەکان هەڵدەستنەوە؟ بە چ جەستەیەک دەگەڕێنەوە؟» 36 ئەی بێ ئاگا! ئەوەی دەیچێنیت تا نەمرێت ناژی. 37 ئەوەی دەیچێنیت ئەو جەستەیە نییە کە سەرهەڵدەدات بەڵکو تەنها دەنکە گەنمێکە بۆ نموونە تۆوێکی تر. 38 پاشان خودا ئەو جەستەیەی پێدەبەخشێت کە خۆی دەیەوێت، هەروەک چۆن هەر جۆرە تۆوێک جەستەی خۆی دەداتێ. 39 هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە بەڵام مرۆڤەکان جەستەیەکیان هەیە و ئاژەڵەکان جەستەیەکی دیکە ماسی جەستەیەکی دیکە و باڵندەکانیش جەستەیەکی دیکەیان هەیە. 40 پاشان جەستەی ئاسمانی و جەستەی زەمینی هەیە. بەڵام جەستە ئاسمانییەکان شکۆمەندییان هەیە، جەستە زەمینیەکانیش شکۆمەندییەکی جیاوازیان هەیە. 41 خۆر شکۆمەندییەکی هەیە، و مانگ شکۆمەندییەکی دیکە، ئەستێرەکانیش شکۆمەندییەکی جیاوازیان هەیە، چونکە هەر ئەستێرەیەک لە شکۆمەندییەکەیدا جیاوازە لە ئەستێرەکەی تر. 42 بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: بە جەستەی فەوتاو دەچێنرێت، بە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە، 43 بە شەرمەزاری دەچێنرێت، و بە شکۆمەندییەوە هەڵدەستێتەوە، بە لاوازی دەچێنرێت، و بەهێزەوە هەڵدەستێتەوە، 44 وەک جەستەیەکی ماددی دەچێنرێت، و وەک جەستەیەکی گیانی هەڵدەستێتەوە. بەو پێیەی جەستەیەکی مادی هەیە، جەستەیەکی گیانیش هەیە. 45 بەم شێوەیەش نووسراوە: «مرۆڤی یەکەم، ئادەم، بوو بە گیانێکی زیندوو» بەڵام ئادەمی کۆتایی گیانێکی ژیان بەخشە. 46 ​​بەڵام گیانییەکە یەکەم نەبوو، بەڵکو مادییەکە یەکەم جار هات پاشان گیانییەکە: 47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی درووست بوو؛ سەبارەت بە مرۆڤی دووهەم لە ئاسمانەوە بوو. 48 ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵ درووست بووە، ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. 49 هەروەک چۆن وێنەی ئەومان وەرگرتوە کە لە خۆڵ دروستکراوە، بەهەمان شێوە وێنەی ئاسمانیش وەردەگرین. 50 پاشان برایان، دڵنیاتان دەکەمەوە، کە جەستەی گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەک چۆن فەوتاو ناتوانێت ببێتە میراتگری نەفەوتاو. 51 لێرەدا نهێنییەکتان بۆ ئاشکرا دەکەم: ئێمە نامرین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، 52 لە ساتێکدا، بەڵکو لە چاوتروکانێکدا کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەناکە لێدەدرێت، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە. بەڵام ئێمە دەگۆڕدرێین. 53 چونکە هەر دەبێت ئەم جەستە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت، و لەناوچوو دەبێت نەمری بپۆشێت. 54 دوای ئەوەی فەوتاو نە فەوتاوی پۆشی، و لەناوچووش نەمری، ئەو وشەیەی کە نووسرابوو دێتەدی: «مردن لە سەرکەوتندا قووت دەدرێت!» 55 ئەی مردن، لەکوێیە، پێوەدانت؟ ئەی مردن، لەکوێیە سەرکەوتنت؟ 56 جا پێوەدانی مردن گوناهەیە، هێزی گوناهەش تەوڕاتە. 57 بەڵام سوپاس بۆ خودا بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان سەرکەوتنمان پێدەبەخشێت! 58 بۆیە، برا خۆشەویستەکانم، چەسپاو بن و خۆڕاگربن، بەردەوام تێبکۆشن لە کاری پەروەردگاردا، دەزانن کە تێکۆشانتان لە پەروەردگاردا بە فیڕۆ ناڕوات!