بەشی ١٦

1 سەبارەت بە کۆکردنەوەی بەخشین بۆ پیرۆزکراوان، وەک چۆن کڵێساکانی هەرێمی گەلاتیام ڕاسپاردوە، ئێوەش هەروا بکەن. 2 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، پێویستە هەریەک لە ئێوە ئەوەی لە تواناتاندایە لەو پارەیەی کە بەدەستی دەهێنن بیخەنە لایەک؛ با لای خۆی بیهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی لەو کاتەدا کۆنەکرێتەوە کە دێمە لای ئێوە. 3 لە کاتی گەیشتنم، هەرکەسێکتان پێ خۆشە لەوەی پەسەند کراوە کە بە میهرەبانییەوە دابینتان کردووە بیبەن بۆ یۆرشەلایم، دوای ئەوەی نامەیان بۆ دەنێرم. 4 ئەگەر بۆم گونجا بوو دەتوانن لەگەڵمدا بێن. 5 بەڵام کاتێک بە هەرێمی مەکەدۆنیادا تێدەپەڕم، دێمە لای ئێوە، 6 ڕەنگە ماوەیەک لەگەڵتان بەسەر بەرم، یان ڕەنگە تەواوی زستانەکە لەگەڵتان بم پاشان ڕێگەی گەشتەکەم بۆ ئاسان بکەن بۆ هەر شوێنێک کە دەچم. 7 نامەوێت ئەمجارە وەک ڕێبوارێک سەردانتان بکەم، هیوادارم ماوەیەکی زۆر لەگەڵتان بمێنمەوە ئەگەر پەروەردگار ڕێگە بدات. 8 بەڵام تا ڕۆژی پەنجاهەمین (واتە جەژنی دروێنەی یەهودییەکان) لە ئەفەسۆس دەمێنمەوە. 9 چونکە دەرگایەکی گەورە و کاریگەرم بۆ کراوەتەوە، و ئەوانەی دژایەتیم دەکەن زۆرن! 10 ئەگەر تیمۆساوس گەیشتە لاتان، گرنگی پێبدەن و با لەلاتان دڵنیابێت، چونکە وەک من کاری پەروەردگار دەکات. 11 با کەس بە کەمی نەزانێت، بەڵکو ڕێگەی بۆ ئاسان بکەن تا بە ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ لای من، چونکە من چاوەڕێی گەیشتنی ئەوم، لەگەڵ برایان. 12 سەبارەت بە ئەپۆلۆسی برا، زۆر لێی پاڕامەوە کە یاوەری براکان بێت بۆ هاتنە لای ئێوە. بەڵام، نەیویست ئێستا بێت. بەڵام کاتێک دەرفەتی گونجاوی بۆ ڕەخسا دێتە لاتان. 13 بە ئاگابن و وریابن. لە باوەڕدا چەسپاوبن. پیاوبن. بە هێزبن. 14 وە هەر کارێک دەیکەن، بە خۆشەویستییەوە بیکەن. 15 بەڵام برایان، ئەم داوایەتان لێ دەکەم: ئێوە بنەماڵەی ستیفاناس دەناسن، نۆبەرەی ئەخایایە، خۆیان تەرخان کردووە بۆ خزمەتکردنی پیرۆزکراوان. 16 جا ملکەچی ئەوان و کەسانی دیکەی هاوشێوەی ئەوان بن، و هەرکەسێک کە بە کۆششەوە کاریان لەگەڵ دەکەن. 17 زۆر دڵخۆش بووم بە هاتنی ستیفاناس و فۆرتوناتۆس و ئەخایکۆس. چونکە شوێنی ئێوەیان گرتەوە. 18 گیانی من و تۆیان بووژاندەوە. شایەنی ئەو جۆرە پێزانینەن! 19 کڵێساکانی هەرێمی ئاسیا سڵاوتان لێدەکەن. بە گەرمی سڵاوتان لێدەکەن لە پەروەردگاردا، ئەکیلا و پریسکیلا، لەگەڵ کڵێساکەیان کە لە ماڵەکەیاندایە. 20 هەموو براکان سڵاوتان لێدەکەن. بە ماچێکی پاک سڵاو لە یەکتر بکەن. 21 سڵاوتان لێدەکەم، من پۆڵس، بە دەستنووسی خۆم. 22 ئەگەر کەسێک پەروەردگاری خۆش نەویست، با «أناثيما» بێت (واتە نەفرەت لێکراو)! «ماراناسا» ( ئەی پەروەردگارمان وەرە)! 23 بەخششی پەروەردگار یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت! 24 خۆشەویستیم بۆ هەمووتان لە یەشوای مەسیحدا! ئامین.