بەشی ١٤

1 بەدوای خۆشەویستیدا بگەڕێ، و تامەزرۆی بەهرەی گیانی بن، یان باشتر بڵێین بەهرەی پێشبینی. 2 ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو کەسەی بە زمانێکی نادیار قسە دەکات قسە لەگەڵ خەڵک ناکات بەڵکو خودا. بەڵام کەس لێی تێناگات، چوونکە بە گیانەکە قسەی پەنهانی دەکات. 3 سەبارەت بەو کەسەی کە پێشبینی دەکات، بە وشەی بنیاتنەر و هاندان و دڵنەوایکەر قسە لەگەڵ خەڵکیدا دەکات. 4 ئەوەی بە زمانێکی نەناسراو قسە بکات خۆی بنیات دەنێت؛ بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکات کڵێسا بنیات دەنێت. 5 ئاواتەخوازم هەمووتان بە زمانە نادیارەکان قسە بکەن، بەڵام پێشبینی بکەن. چونکە ئەوەی پێشبینی دەکات باشترە لەوەی بە زمانەکان قسە بکات، مەگەر (ئەوەی دەیڵێت) وەربگێڕدرێت بۆ ئەوەی کڵێسا بنیات بنێت. 6 ئێستا، ئەی برایان، گریمان دێم بۆ لاتان و بە زمانە نەناسراوەکان قسە دەکەم، چ سوودێکم لێ وەردەگرن، مەگەر بە ئاشکرا و پێشبینی و زانست و فێرکردن قسەتان لەگەڵ بکەم؟ 7 ئەگەر تەنانەت ئامێرە دەنگییە بێ گیانەکانیش، وەکو شمشاڵ و قیسارە ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن گوێگر بزانێت کام ئاواز لەلایەن شمشاڵ یان قیسارەوە دێت؟ 8 ئەگەر کەڕەنای جەنگیش دەنگێکی نادیار لێبدات، کێ خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات؟ 9 کاتێک بە زمانە نادیارەکان قسە دەکەیت، و وشەی جیاواز بە کاردەهێنیت، گوێگران چۆن تێدەگەن لەوەی دەیڵێیت؟ تۆ وەک کەسێک وایت کە لە هەوادا قسە دەکات! 10 بێگومان زۆر زمانی جۆراو جۆر لە جیهاندا هەیە، و هیچیان بێ واتا نین. 11 ئەگەر من لە مانای قسەیەک تێنەگەم، من بۆ قسەکەر بێگانە دەبم، ئەویش بۆ من بێگانە دەبێت! 12 بە هەمان شێوە ئێوەش، بەو پێیەی تامەزرۆی بەهرە گیانییەکانن، زیاتر بەدوایاندا بگەڕێن بۆ بنیاتنانی کڵێسا. 13 بۆیە دەبێت قسەکەری زمانێکی نەناسراو داوای بەهرەی وەرگێڕان لە خودا بکات. 14 چونکە ئەگەر بە زمانێکی نادیار نزا بکەم، گیانم نزا دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەرهەمە. 15 کەواتە چی بکەین؟ بە گیان نزا دەکەم، بەڵام بە مێشکیش نزا دەکەم. بە گیان سروود دەڵێم، بەڵام بە مێشکیش سروود دەڵێم. 16 ئەگەر تەنها، بە گیان سوپاسی خودا بکەیت، چۆن کەسێکی بێ ئەزموون دەتوانێت بڵێت: «ئامین» کاتێک تۆ سوپاسگوزاری دەکەیت ئەگەر تێنەگات لە قسەکانت؟ 17 بێگومان تۆ بە شێوەیەکی باش سوپاسگوزاری دەکەیت، بەڵام ئەوانی تر بنیات نانێت. 18 سوپاسی خودا دەکەم کە لە هەمووتان زیاتر بە زمانی نەناسراو قسە دەکەم. 19 بەڵام، کاتێک لە کڵێسام، پێم باشە پێنج وشە بە مێشکم بڵێم، بۆ ئەوەی کەسانی دیکەش فێر بکەم، نەک دە هەزار وشە بە زمانێکی نادیار بڵێم. 20 ئەی برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن، بەڵکو لە خراپەدا منداڵ بن. سەبارەت بە بیرکردنەوە، پێگەیشتوو بن. 21 چونکە لە تەوراتدا نووسراوە: «من بە زمانی تر، و بە لێوی نامۆ، لەگەڵ ئەم گەلە قسە دەکەم؛ بەڵام، ئەو کاتەش، گوێم لێ ناگرن، پەروەردگار دەفەرموێت». 22 بۆیە قسەکردن بە زمانە نەناسراوەکان نیشانەیە نەک بۆ ئەوانەی باوەڕیان هەیە، بەڵکو لە پێناوی بێباوەڕان. سەبارەت بە پێشبینی کردن، بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ ئەوانەیە کە باوەڕیان هێناوە. 23 ئەگەر هەموو کڵێسا کۆببنەوە، و هەمووان بە زمانە نادیارەکان قسەبکەن، پاشان هەندێک کەسی بێ ئەزموون یان بێباوەڕ بێنە ژوورەوە، ئایا ناڵێن ئێوە تێکچوون؟ 24 بەڵام، ئەگەر هەمووان پێشبینی بکەن، پاشان کەسێکی بێباوەڕ یان بێ ئەزموون بچێتە ژوورەوە، ئەوا لەلایەن هەمووانەوە پێی دەسەلمێنرێت، و لە پێش هەمووان بڕیاری لەسەر دەدرێت، 25 کاتێک نهێنی دڵیان دەرکەوت، بەڕوودا دەکەون و کڕنۆش بۆ خودا دەبەن، و دان بەوەدا دەنێن کە خودا بەڕاستی لە ئێوەدایە. 26 کەواتە برایان چی بکەین؟ هەرکاتێک کۆدەبنەوە، هەریەکێکتان زبورێک، یان فێرکردنێک، یان قسەکردنێک بە زمانێکی نەناسراو، یان ئاشکراکردنێک، یان هەر لێکدانەوەیەکتان هەیە. با هەمووی بە مەبەستی بنیاتنانەوە ئەنجام بدرێت. 27 ئەگەر کەسێکتان بە زمانێک قسەی کرد، با دوو کەس یان زۆرترین سێ کەس قسە بکەن، هەریەکەیان، بە نۆرەی خۆیان، 28 با یەکێک لە ئێوە وەرگێڕان بکات. ئەگەر لە نێو ئێوەدا وەرگێڕ نەبوو، نابێت قسەکەر لەبەردەم گروپەکەدا هیچ بڵێت، بەڵکو بە نهێنی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خودا قسە بکات. 29 با دوو یا سێ کەسیش کە پێشبینی دەکەن با قسە بکەن و ئەوانی تریش دادوەری بکەن. 30 ئەگەر بۆ یەکێک لە دانیشتوان سروشێک هات، با یەکەم قسەکەر بێدەنگ بێت. 31 چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پێشبینی بکەن، بۆ ئەوەی هەمووان فێربن و هەمووان هان بدەن. 32 بەڵام بەهرەی پێشبینی ملکەچی خاوەنەکانیانن. 33 خودا خودای پشێوی نییە بەڵکو خودای ئاشتییە، وەک ئەوەی لە هەموو کڵێسای پیرۆزکراواندا هەیە، 34 دەبێت ژنان لە کڵێسادا بێدەنگ بن، ڕێیان پێنەدراوە قسە بکەن، بەڵکو دەبێت گوێ ڕایەڵبن، وەک تەورات ڕایسپاردوون. 35 بەڵام، ئەگەر دەیانەوێت شتێک فێربن، با لە ماڵەوە پرسیار لە مێردەکانیان بکەن، چونکە قسەکردن لە کڵێسادا شورەییە. 36 ئایا وتەی خودا لە ئێوە سەرچاوەی گرتووە، یان بەتەنها گەیشتووەتە دەستان؟ 37 ئەگەر کەسێک خۆی بە پێغەمبەر یان خاوەن بەهرەی گیانی دەزانێت، با بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم فەرمانی پەروەردگارە. 38 ئەگەر هەرکەسێک بەم شتانە، نەفام بوو ئەوا بە نەفامی دەمێنێتەوە! 39 بۆیە برایان، تامەزرۆی پێشبینی کردن بن، و قسەکردن بە زمانە نادیارەکان قەدەغە مەکەن. 40 بەڵکو، با هەموو شتێک بە شێوەیەکی شایستە و بە ڕێکوپێکی ئەنجام بدرێت.