بەشی ١٦

1 ئەمانەم پێ گوتن تاکو نەشڵەژێن. 2 لە کەنیشتەکان دەردەکرێن، بەڵکو کاتێک دێت ئەوەی دەتانکوژێت وادەزانێت خزمەتی خودای کردوە. 3 ئەمانەتان بەسەردێنن چونکە نە باوکیان ناسیوە،نە من. 4 بەڵام ئەمانەم پێ گوتن تاکو کاتێک هات ئەمانە ڕویاندا بیرتان بکەوێتەوە کە من پێم گوتوون. لە سەرەتادا ئەمانەم پێ نەگوتن چونکە لەگەڵتان بووم؛ 5 ئێستا دەچمە لای ئەوەی ناردوومی، و کەستان لێم ناپرسێت: بۆ کوێ دەچیت؟ 6 کەچی ئەمەم پێ گوتن دڵتەنگ بوون. 7 بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم: باشترە بۆتان کە بڕۆم، چونکە ئەگەر نەڕۆم، یارمەتیدەرەکەتان بۆ نایەت. بەڵام ئەگەر بڕۆم بۆتانی دەنێرم. 8 کاتێک ئەو دێت، جیهان سەرکۆنە دەکات لەسەر گوناهە لەسەر ڕاستودروستی و داوەریکردن: 9 لەسەر گوناهە، چونکە باوەڕم پێ ناهێنن، 10 لەسەر ڕاستودروستی، چونکە دەچمە لای باوک و ئیتر نامبینن؛ 11 لەسەر داوەرییش، چونکە گەورەی ئەم جیهانە بڕیاری لەسەر دراوە و داوەریکراوە. 12 هێشتا شتی زۆرم هەیە پێتانی بڵێم، بەڵام ئێستا ناتوانن بەرگەی بگرن. 13 بەڵام کاتێک ئەو دێت، کە گیانی ڕاستیە، ئەو بۆ تەواوی ڕاستیەکە ڕێنماییتان دەکات، چونکە لە خۆیەوە هیچ ناڵێت، بەڵکو ئەوەی گوێی لێ دەبێت دەیڵێت و وە پێتان ڕادەگەیەنێت کە چی ڕوودەدات. 14 ئەو شکۆمەندم دەکات چونکە هەموو ئەوانەتان پێ دەڵێ کە لە منەوە دەردەچێت. 15 هەموو ئەوەی هی باوکە، هی منە. لەبەر ئەوە گوتم ئەوەی پێتانی دەڵێت لە من دەردەچێت. 16 دوای کەمێک نامبینن، لە دوای کەمێکیتر دەمبیننەوە!» 17 هەندێک لە قوتابییەکانی بە یەکتریان گوت: «ئەمە چییە کە پێمان دەفەرموێت: دوای کەمێک نامبینن، لە دوای ماوەێکی کەم دەمبینن، چونکە دەچمە لای باوک؟» 18 گوتیان: مەبەستی لە ماوەیەکی کەم چیە؟ تێنەگەیشتین چی دەڵێ!» 19 یەشوا زانی کە ئارەزو دەکەن پرسیاری لێ بکەن، بۆیە پێی فەرموون: «ئایا لەبەر ئەمە پرسیار لە یەکتری دەکەن کە گوتم: دوای کەمێک ئیتر نامبینن، دوای کەمێکیتر دەمبینن. 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئێوە دەگریێن و شیوەن دەکەن، بەڵام جیهان دڵشاد دەبێت. ئێوە دڵتەنگ دەبن، بەڵام دڵتەنگیەکەتان دەبێتە شادی. 21 کاتێک ژن منداڵی دەبێت خەم دایدەگرێت. چونکە کاتی هاتووە. بەڵام کە منداڵەکەی بوو، لە خۆشی ئەوەی مرۆڤێک لە جیهان لەدایک بووە، ژانەکانی لەبیر دەکات. 22 وەک ئێستا ئێوە، دڵتەنگن؛ بەڵام کاتێک دەگەڕێمەوە دیدارتان دڵخۆش دەبن، کەسیش ئەو خۆشییەتان لێ ناستێنێ. 23 وە لەو ڕۆژەدا هیچ پرسیارێکم لێ ناکەن. ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: باوک هەموو ئەو شتانەتان پێدەدات کە بەناوی من داوای دەکەن. 24 هەتا ئێستا بە ناوی من هیچتان داوا نەکردووە. داوا بکەن وەریدەگرن، تاکو خۆشییەکەتان تێرو تەوابێت. 25 نمونەم بۆ هێنانەوە لەقسەکانم، بەڵام کاتێک دێت ئیتر بە نمونە بۆتان نادوێم، بەڵکو بە ئاشکرا باسی باوکتان بۆ دەکەم. 26 لەو ڕۆژەدا بە ناوی من داوا لە باوک دەکەن. ئیتر پێتان ناڵێم لەلای باوک بۆتان داوا دەکەم، 27 چونکە باوک خۆی ئێوەی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی منتان خۆشویستووە، و باوەڕتان کرد کە لە لای خوداوە دەرچوم. 28 لە لای باوکەوە دەرچوم بۆ جیهان. ئێستاش جیهان بەجێدەهێڵم و دەگەڕێمەوە لای باوک». 29 قوتابییەکانی گوتیان: «وا ئێستا بە ڕوونی و بەبێ نمونە قسەمان لەگەڵ دەکەیت. 30 ئێستا دەزانیین کە تۆ هەموو شتێک دەزانیت. و پێویستت بەوە نیە کەس پرسیارت لێ بکات. بەمەش باوەڕ دەکەین کە لە خوداوە هاتوویت». 31 یەشواوەڵامی دانەوە: «ئایا ئێستا باوەڕ دەکەن؟ 32 کاتێک دێت و ئێستا هاتووە، کە پەرتەوازە دەبن، هەریەکە بۆ ماڵی خۆی و بە تەنها بەجێم دەهێڵن. بەڵام من بە تەنها نیم، چونکە باوک لەگەڵمە. 33 ئەمانەم هەموو پێ گوتن تاکو لە مندا ئاشتیتان هەبێت. ئێوە لە جیهاندا تووشی تەنگانە دەبن. بەڵام ورەتان بەرز بێت، من بەسەر جیهاندا سەرکەوتم!»