1 سەبارەت بە بفیبی خوشکمان ڕاتاندەسپێرم کە خزمەتکارە لە کڵێسای کەنخریا. 2 لە پەروەردگاردا پێشوازی لێبکەن بە شێوەیەک کە شایەنی پیرۆزکراوان بێت و هەر پێداویستیەکی هەبوو پێیبدەن، چونکە یارمەتیدەر بووە بۆ زۆر کەس و بۆ منیش. 3 سڵاو لە پریسیلا و ئەکیلا بکەن، هاوکارەکانم لە خزمەتی یەشوای مەسیحدا، 4 ئەوان گەردنی خۆیان بۆ پەڕاندن پێشکەش کرد بۆ ڕزگار کردنی ژیانم، تەنها من سوپاسیان ناکەم، بەڵکو هەموو کڵێسای نەتەوەکانیش. 5 سڵاوبکەن لەو کڵێسایەی کە لە ماڵەکەیدایە. سڵاو لە ئەپنیتۆسی خۆشەویستم، بکەن کە یەکەم نۆبەرەی مەسیحە لە ئاسیا. 6 سڵاو لە میریام بکەن پێش ئێوە زۆر تێکۆشانی کردووە لە خزمەتکردنمان. 7 سڵاو لە ئەندرۆنیکۆس و یۆنیاس بکەن، نزیکەکانم کە لەگەڵم بەندکراون، ئەوان لەنێو نێردراوان بەناوبانگن، پێش منیش لە مەسیحدا بوون. 8 سڵاو لە ئەمپلیاس بکەن، خۆشەویستمە لە پەروەردگاردا. 9 سڵاو لە ئوربانوس بکەن، هاوکارمان لە خزمەتکردنی مەسیح، و ئیستاخیسی خۆشەویستم. 10 سڵاو لە ئەپۆڵەس بکەن، کە خۆڕاگری خۆی لە مەسیحدا پیشاندا. سڵاو لە بنەماڵەی ئەرستۆپۆڵوس بکەن. 11 سڵاو لە هیرودیۆنی نزیکم بکەن، سڵاو لە خانەوادەی نەرکیسیۆیس بکەن کە لە پەروەردگاردان. 12 سڵاو لە تەریفاینا و تەریفۆسا بکەن کە خۆیان لە خزمەتکردنی پەروەردگاردا ماندوو دەکەن. سڵاو لە پەرسیسی خۆشەویست بکەن کە زۆری تێکۆشاوە لە خزمەتکردنی پەروەردگاردا. 13 سڵاو لە ڕۆپۆس بکەن کە لە پەروەردگار هەڵبژێردراوە. هەروەها لە دایکی کە دایکمە. 14 سڵاو لە ئەسینکریتۆس، و فەلیگۆن، و هەرمس، و پاتروباس، و هرماس، و ئەو برایانەش بکەن کە لەگەڵیاندان. 15 سڵاو لە فیلولوگۆس، و یولیا، و نیریۆس، و خوشکەکەی، و ئوڵومپاس بکەن و هەموو ئەو پیرۆزکراوانەی کە لەگەڵیانن. 16 بە ماچێکی پیرۆز سڵاو لە یەکتر بکەن. هەموو کڵێساکانی مەسیح سڵاوتان لێدەکەن. 17 بەڵام، لێتان دەپاڕێمەوە، براکانم، ئاگاداری ئەوانەبن کە دووبەرەکی کۆسپ دەنێنەوە، بە پێچەوانەی ئەو فێرکردنەی فێری بوون، لێیان دوور بکەونەوە. 18 چونکە ئەو جۆرە کەسانە خزمەت بە یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان ناکەن بەڵکو خزمەتی سکیان دەکەن، بە قسە باشەکانیان و قسە خۆشەکانیان دڵی مرۆڤەکان فریو دەدەن. 19 هەواڵی گوێڕایەڵی ئێوە گەیشتووەتە هەموو لایەک. بۆیە دڵشادم بە ئێوە، بەڵام دەمەوێت لە چاکەدا ژیر بن و لە خراپە بێبەری بن. 20 خودای ئاشتی بە خێرایی شەیتان لە ژێر پێیەکانتدا تێکدەشکنێت. بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت. 21 تێمۆساوسی یاریدەدەرم، و لوکیوس و یاسون و سوسپاترۆس و نزیکەکانم سڵاوتان لێدەکەن. 22 وە من، تەرتیۆسم کە نوسەری ئەو نامەیەم، لە پەروەردگاردا سڵاوتان لێدەکەم. 23 گایۆسی خانەخوێی من، و هەموو کڵێساکە، سڵاوتان لێدەکەن. ئەڕاستۆسی گەنجینەداری شار، و برا کوارتۆس سڵاوتان لێدەکەن. 24 «با بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵتان بێت. ئامین!» 25 ئێستا هەموو شکۆمەندییەک بۆ خودا کە توانای بەهێزکردنی هەیە، هەروەک چۆن مزگێنییەکەم دەڵێت ئەم پەیامە سەبارەت بە یەشوای مەسیح پلانەکەی بۆ ئێوەی نەتەوەکان ئاشکرا کردووە، پلانێک کە لە سەرەتای زەمانەوە بە نهێنی هێڵراوەتەوە. 26 بەڵام ئێستا ئاشکرابوو بە فەرمانی خودای هەتاهەتایی کە لە پەرتوکەکانی پێغەمبەران نوسراوە، لە پێناو هەموو گەلان بۆ گوێڕایەڵی باوەڕ؛ 27 هەموو شکۆمەندییەک بۆ تاکە خودای دانا، لە ڕێگەی یەشوای مەسیحەوە، بۆ هەتاهەتایە. ئامین!