بەشی ٢٨

1 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، دوای کۆتایی هاتنی شەبات، میریامی مەگدەلین و میریامەکەی تر چوون سەیری گۆڕەکە بکەن. 2 بومەلەرزەیەکی توند ڕوویدا، چونکە فریشتەیەکی پەروەدگار لە ئاسمانەوە دابەزی، و بەردەکەی لابرد و لەسەری دانیشت. 3 دیمەنی فریشتەکە وەک بروسکە بوو، جلەکەی وەک بەفر سپی بوو. 4 ئەو سەربازانەی کە پاسەوانی گۆڕەکە بوون کاتێک بینییان، ترسیان لێ نیشت و وەک مردوویان لێهات. 5 فریشتەکە دڵنیایی دا بە ژنەکان و وتی: «مەترسن. دەزانم کە ئێوە بە شوێن یەشوای لە خاچدراودا دەگەڕێن. 6 لێرە نییە، هەستایەوە، وەک خۆی فەرمووی. وەرە ئەو شوێنە ببینە کە تێیدا دانرابوو. 7 خێرا بڕۆ و بە قوتابییەکانی بڵێن ئەو لە نێو مردووەکان هەستایەوە، ئەوەتا پێش ئێوە دەڕوات بۆ گەلیلی، لەوێ دەیبینن. ئەوەتا من پێم وتوون!» 8 پاشان دوو ژنەکە بە خێرایی لە گۆڕەکە دەرچوون، و بە ترسێکی زۆر و خۆشییەکی مەزنەوە، ڕایانکرد بۆ لای قوتابییەکانی و مژدەی خۆشیان هێنا. 9 کاتێک دەچوون مژدە بدەن بە قوتابییەکانی، یەشوا خۆی چاوی پێیان کەوت و فەرمووی: « سڵاو!» جا هاتنە پێشەوە و دەستیان بە پێیەکانییەوە گرت، و کڕنۆشیان بۆ برد. 10 ئینجا یەشوا پێی فەرموون: «مەترسن! بڕۆن بە براکانم بڵێن بچنە گەلیلی، لەوێ دەمبینن! » 11 کاتێک دوو ژنەکە لەوێ ڕۆیشتن، هەندێک لە پاسەوانەکان چوونە ناو شارەکە و هەموو شتێکیان بە سەرۆک کاهینەکان گوت ئەوەی کە بووە. 12 سەرۆک کاهینەکان و پیران کۆبوونەوە و ڕاوێژیان کرد سەبارەت بەو بابەتە. پاشان پارەیەکی زۆریان وەک بەرتیل دایە سەربازەکان، 13 پێیان گوتن. «بڵێن: لە شەودا کاتێک ئێمە نوستبووین قوتابییەکانی هاتن و دزییان! 14 ئەگەر هەواڵ بگاتە فەرمانڕەوا، ئێمە بەرگریتان لێدەکەین، لە هەر زیانێک پارێزراو دەبن». 15 سەربازەکان پارەکەیان برد، و ئەوەیان ئەنجامدا کە فێرکرابوون. ئەم دەنگۆیە تا ئەمڕۆش لەناو یەهودا بڵاوە. 16 سەبارەت بە یازدە قوتابییەکە، چوونە ناوچەی گەلیلی، بۆ ئەو چیایەی کە یەشوا بۆی دیاری کردبوون. 17 کاتێک بینییان، کڕۆشیان بۆ برد. بەڵام هەندێکیان گومانیان هەبوو، 18 ئینجا یەشوا هاتە پێشەوە و پێی فەرموون: «هەموو دەسەڵاتێکم پێدراوە لە ئاسمان و لەسەر زەوی. 19 کەواتە بڕۆن، هەموو نەتەوەکان فێربکەن، لە ئاویان هەڵبکێشن بەناوی باوک و ڕۆڵە و گیانی پیرۆز؛ 20 فێریان بکەن با کار بکەن بە هەموو ئەو شتانەی کە ڕامسپاردوون. ئەوەتا من هەموو ڕۆژێک لەگەڵتانم هەتا کۆتایی زەمانە!»