بەشی ٢٧

1 کە ڕۆژ بۆوە، سەرۆک کاهینەکان و گەورەکانی گەل جارێکیتر کۆبونەوە، و پیلانیان لە دژی یەشوا داڕشت بۆ ئەوەی سزای مردنی بەسەردا بسەپێنن. 2 پاشان بەستیانەوە و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆسی فەرمانڕەوا. 3 یەهودا ئەوەی بە گرتنیدا کە بینی سزای بەسەردا دراوە، پاشگەز بۆوە لە تاوانەکەی و سی پارچە زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ سەرۆک کاهینەکان و پیران، 4 گوتی: «گوناهم کردووە کە خوێنی بێ تاوانێکم ڕادەستی ئێوە کرد». وەڵامیان دایەوە: «پەیوەندیی بەئێمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە خۆتەوە هەیە!» 5 پارچە زیوەکانی فڕێدایە ناو پەرستگاکە و دەرچوو، پاشان ڕۆیشت و خۆی هەڵواسی. 6 جا سەرۆک کاهینەکان پارچە زیوەکانیان برد و گوتیان: «ئەمە بەهای خوێنە، دروست نییە بۆ ئێمە بیخەینە ناو گەنجینەی پەرستگا!» 7 دوای ڕاوێژکردن کێڵگەی گۆزە کەریان پێ کڕی بۆ ئەوەی ببێتە گۆڕستانی بێگانەکان، 8 بۆیە تا ئەمڕۆش ئەم کێڵگەیە بە کێڵگەی خوێن ناودەبرێت. 9 ئەوەی یەرمیای پێغمبەر گوتی هاتەدی دەڵێت: «ئەو سی پارچە زیوەی بردیان، ئەو بەها بە نرخەبوو کە نەوەی یەسرائیل بەهاکەیان نرخاندبوو، 10 هەروەک چۆن پەروەردگار فەرمانی پێکردم، بە کێڵگەی گۆزەکەرمدا». 11 یەشوا لەبەردەم فەرمانڕەوا وەستا. فەرمانڕەوا لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهودیت؟» لە وەڵامدا فەرمووی: «تۆ وتت!» 12 سەرۆک کاهینەکان و پیران تۆمەتیان دایە پاڵی، بەڵام بێدەنگ بوو و وەڵامی نەدایەوە. 13 پیلاتۆس پێی گوت: «گوێت لەوە نییە کە ئەوان شایەتەت لەسەر ئەدەن؟» 14 بەڵام یەشوا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی فەرمانڕەوای نەدایەوە، بەجۆرێک فەرمانڕەوا زۆر سەرسام بوو. 15 نەریتی فەرمانڕەوا وابوو لە هەموو جەژنێکدا هەر زیندانییەک گەل بیوستایە ئازادی دەکرد بۆیان. 16 لەو سەردەمەدا زیندانییەکی بەناوبانگیان هەبوو بە ناوی بارابا؛ 17 کاتێک کۆکرانەوە، پیلاتۆس لێیانی پرسی: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم: بارابا، یان یەشوا کە پێی دەوترێت مەسیح؟» 18 چونکە دەیزانی لەبەر ئیرەیی ڕادەستیان کردووە. 19 کاتێک لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی پەیامی بۆ نارد: «هیچ پەیوەندییەکت بەو ڕاستودروستەوە نەبێت! چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت». 20 بەڵام سەرۆک کاهینەکان و پیران خەڵکەکەیان هان دەدا داوای ئازادکردنی بارابا و کوشتنی یەشوا بکەن. 21 پیلاتۆس لێیانی پرسی: « دەتانەوێت کام لەو دووانەتان بۆ ئازاد بکەم؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بارابا». 22 دووبارە پرسی: «چی لە یەشوا بکەم کە پێی دەوترێت مەسیح؟» هەموویان وەڵامیان دایەوە: «با لە خاچ بدرێت!» 23 فەرمانڕەوا پرسی: «چ خراپەیەکی کردوە؟» زیاتر و زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!» 24 کاتێک پیلاتۆس بینی کە هیچ سوودێکی نییە، و خەریکە ئاژاوەیەک سەرهەڵدەدات، ئاوی هێنا و دەستەکانی لەبەردەم خەڵکەکەدا شۆرد، و گوتی: «من لە خوێنی ئەم ڕاستودروستە بێبەریم. ئێوەش ئەمە ببینن!» 25 ئینجا هەموو گەل وەڵامیان دایەوە: «خوێنی لەسەر ئێمە و منداڵەکانمان بێت!» . 26 جا بارابای بۆ ئازاد کردن؛ سەبارەت بە یەشوا فەرمانیدا بە قامچی لێیبدەن، پاشان ڕادەستی کرد بۆ ئەوەی لە خاچ بدرێت. 27 سەربازەکانی فەرمانڕەوا یەشوایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوایی، و سەربازانی لەشکر هەموو لێی کۆبونەوە، 28 جلەکانیان لەبەر داکەند، و کەوایەکی قرمزیان لەبەر کرد. 29 ئینجا تاجێکیان لە دڕک دروستکرد خستیانە سەر سەری، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای یەهود!» 30 وە تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد، و دەیانکێشا بەسەریدا. 31 دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەردا داکەند، و جلەکانی خۆیان لە بەرکرد، و بەرەو لە خاچدان بردیان. 32 لە کاتێکدا سەربازەکان دەیانبرد بۆ ئەوەی لە خاچی بدەن، پیاوێکیان بینی خەڵکی قیرەوان بوو ناوی شیمۆن بوو، ناچاریان کرد خاچەکە هەڵبگرێت. 33 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە بە گۆلگۆسا ناسراوە، کە پێی دەوترێت شوێنی کاسە سەر، 34 شەرابی تێکەڵ بە تاڵاویان دایە یەشوا بۆ ئەوەی بیخواتەوە کە تامی کرد، ڕەتیکردەوە بیخواتەوە. 35 لە خاچیان دا، پاشان جلەکانیان بە تیروپشک لەنێوان خۆیان دابەش کرد. 36 لەوێ دانیشتن و پاسەوانییان دەکرد؛ 37 لە ژور سەریەوە نوسراوەیەکیان هەڵواسی کە تۆمەتەکەی لەسەر بوو، لەسەری نووسرابوو: «ئەمە ئەوە یەشوا، پاشای یەهود». 38 لەگەڵیدا دوو دزیان لە خاچدا، یەکێکیان لەلای ڕاست، و یەکێکیان لەلای چەپ. 39 ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕین جوێنیان پێئەدا، و سەریان بادەدا 40 دەیانگوت: «ئەی ڕووخێنەری پەستگا و دروست کەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە! ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت لە خاچەکە دابەزە!» 41 سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات و پیران گاڵتەیان پێی دەکرد و دەیانگوت: 42 «ئەو کەسانی دیکەی ڕزگار کرد؛ بەڵام خۆی ناتوانێ ڕزگاری بێت! ئایا ئەو پاشای یەسرائیلە؟ با ئێستا لە خاچ دابەزێت ئێمەش باوەڕمان پێی دەبێت! 43 ئەو پشت بە خودا دەبەستێت، باڕزگاری بکات ئەگەر دەیەوێت! چونکە ئەو دەیگوت: من ڕۆڵەی خودام!» 44 ئەو دوو دزانەی لەگەڵیدا لە خاچ دراوبوون بەم هەمان ئەو قسەیە گاڵتەیان پێدەکرد! 45 لە کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ تا کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ، تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا. 46 ​​نزیکەی کاتژمێر سێ یەشوا بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد: «إِيلِي، إِيلِي، لَمَا شَبَقْتَنِي؟» واتە: «خودای، من خودای من، بۆچی بەجێتهێشتم؟» 47 لەو کاتەدا هەندێک لەوانەی لەوێ وەستابوون گوێیان لێ بوو، گوتیان: «ئەو بانگی ئیلیا دەکات!» 48 یەکێک لەوانە ڕایکرد، و ئیسفەنجێکی برد و لە سرکەی هەڵکێشا، و خستییە سەر قامیشێک و پێیدا تا بیخواتەوە؛ 49 بەڵام ئەوانی تر گوتیان: «وازی لێ بێنە! با بزانین ئیلیا دێت ڕزگاری بکات یان نا!» 50 ئینجا یەشوا دیسانەو بە دەنگێکی مەزن هاواری کرد، و گیانی بە دەستەوەدا. 51 پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە، دادڕا و بوو بە دوو بەشەوە، زەویش لەرزی، و بەردەکان درزیان تێبوو، 52 گۆڕەکان کرانەوە، و لاشەی زۆر لە پیرۆزان کە خەوتبوون هەستانەوە؛ 53 کاتێک لە گۆڕەکان هاتنە دەرەوە، دوای هەستانەوەی یەشوا چوونە ناو شارە پیرۆزەکە، و زۆر کەس بینییانن. 54 سەرپەلەکە و سەربازەکانی، کە پاسەوانی یەشوایان دەکرد، کاتێک بوومەلەرزە و هەموو ڕووداوەکانیان بینی ترسێکی زۆریان لێ نیشت، و گوتیان: «بەڕاستی ئەمە ڕۆڵەی خودا بوو!» 55 لە دوورەوە، زۆرێک لە ژنەکان چاودێریان دەکرد تا بزانن چی ڕوودەدات، کە لە گەلیلییەوە بەدوای یەشوادا هاتبوون بۆ خزمەتکردنی، 56 لەنێویاندا میریامی مەگدەلین، و میریامی دایکی یاکۆڤ و یەشوا، و دایکی کوڕانی زەڤدی. 57 کاتێک ئێوارە هات، پیاوێکی دەوڵەمەند لە شاری ڕاما هات، ناوی یۆسپ بوو، قوتابی یەشوا بوو. 58 جا چووە لای پیلاتۆس بۆ ئەوەی داوای تەرمی یەشوا بکات. جا پیلاتۆس فەرمانی دا کە پێی بدرێت 59 یۆسپ تەرمەکەی برد، و لە کەتانێکی پاکدا پێچایەوە، 60 لەو گۆڕە نوێیەی خۆی ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەندرابوو؛ ئینجا بەردێکی گەورەی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە، و پاشان ڕۆیشت. 61 میریامی مەگدەلین و میریامەکەی تریش بەرامبەر گۆڕەکە دانیشتبوون. 62 ڕۆژی دواتر، واتە دوای ئامادەکاری بۆ شەبات، سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان چوون بۆ لای پیلاتۆس، 63 گوتیان: «گەورەم. بیرمان هاتەوە کە ئەو چەواشەکارە کاتێک لە ژیاندا بووە وتی: دوای سێ ڕۆژ هەڵدەستمەوە. 64 فەرمان بدە تا ڕۆژی سێیەم گۆڕەکە بە پارێزراوی ڕابگیرێت، نەوەک قوتابییەکانی بێن و بیدزن، و بەخەڵکی بڵێن: لە نێو مردووەکان هەستاوەتەوە دوایین چەواشەکاری لە یەکەم خراپتر دەبێت». 65 پیلاتۆس وەڵامی دانەوە: «ئێوە پاسەوانتان هەیە! کەواتە وەک ئەوەی دەیبینن بڕۆن پاسەوانی بکەن». 66 جا چوون و گۆڕەکەیان بەباشی داخست، و بەردەکەیان مۆر کرد، و پاسەوانیان دانا.