بەشی ٢٢

1 جەژنی فەتیرە، کە بە جەژنی پەسخە ناسراوە نزیک بۆوەو 2 سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هێشتا هەوڵی کوشتنی یەشوایان دەدا، چونکە لە گەل دەترسان. 3 شەیتان چووە ناو یەهودا کە ناسراو بە ئیسخاریۆتی، و لە دوازدەکە بوو. 4 جا چوو لەگەڵ سەرۆک کاهینەکان و سەرکردەکانی پاسەوانی پەرستگا قسەی کرد کە چۆن بە گرتی بدات. 5 بۆیە دڵخۆش بوون، و ڕێککەوتن کە بڕێک پارەی پێ بدەن. 6 ڕەزامەند بوو، و چاوەڕێی دەرفەتێک بوو تا دوور لە چاوی خەڵک ڕادەستیانی بکات. 7 ڕۆژی فەتیرە هات، کە بڕیار بوو جەژنی پەسخە (بەرخ) بکرێتە قوربانی. 8 پاشان یەشوا پەترۆ و یۆخەنای نارد و پێی فەرموون: «بڕۆن ئامادە کاری خوانی جەژنی پەسخەمان بۆ بکەن!» 9 لێیان پرسی: «دەتەوێت لە کوێ ئامادەکاری بکەین؟» 10 پێی فەرموون: «هەر کە چوونە ناو شارەوە، چاوتان بە پیاوێک دەکەوێت کە گۆزەیەکی ئاوی هەڵگرتووە، بەدوایدا بڕۆن بۆ ئەو ماڵەی کە دەچێتە ژوورەوە. 11 بە خاوەنی ئەو ماڵە بڵێن: مامۆستا پێت دەڵێت: کوا ئەو ژووری میواندارییە کە تێیدا بڕیارە لەگەڵ قوتابیەکانم نانی جەژنی پەسخە (بەرخ) بخۆم؟ 12 ژوورێکت پیشان دەدات لە نهۆمی سەرەوە، گەورە و تەرخانکراو، ئەوێم بۆ ئامادە بکەن!» 13 چوون و دۆزییانەوە، وەک ئەوەی پێی فەرمووبوون، و ئامادەکاریان بۆ جەژنی پەسخە کرد. 14 کاتەکەی کە هات، لەگەڵ نێردراوان دانیشت، 15 پێی فەرموون: «پێش ئەوەی ئازار بچێژم تامەزرۆ بووم لەم پەسخەیەدا لەگەڵتان بخۆم. 16 چونکە پێتان دەڵێم: ئیتر لێی ناخۆم، تا لە شانشینی خودادا بەدی دێت». 17 جامێکی هەڵگرت و سوپاسگوزاری کرد، فەرمووی: «ئەمە بگرن و لە نێوانتاندا دابەشی بکەن. 18 چونکە پێتان دەڵێم تا شانشینی خودا نەیەت، لە بەرهەمی ترێ ناخۆمەوە!» 19 پاشان نانێکی هەڵگرت، سوپاسگوزاری کرد، و لەتی کرد، و پێیدان و پێی فەرموون: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوتان دراوە. بۆ یادی من ئەمە بکەن!» 20 بە هەمان شێوە دوای نانخواردن جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من کە بۆ ئێوە دەڕژێت. 21 دەستی ئەو کەسەی بە گرتم دەدات لەسەر مێزەکە لەگەڵمدایە. 22 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت وەک چۆن دیاری کراوە بڕوات، بەڵام هاوار بەو پیاوەی کە بە گرتنی دەدات!» 23 بۆیە لە نێوان خۆیاندا دەستیان کرد بە پرسیارکردن: کێ لەوان خەریکە ئەم کارە دەکات. 24 ناکۆکییەک لە نێوانیاندا دروست بوو کە کامیان بە مەزنترین هەژمار دەکرێت. 25 پێی فەرموون: «پاشاکانی گەلان فەرمانڕەواییان لە سەر دەکەن و ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە پێیان دەوترێت چاکەکار. 26 با لای ئێوە وا نەبێت، بەڵکو گەورەترینتان وەک بچووکترین و سەرکردە وەک خزمەتکار بێت. 27 کێ گەورەترە: ئەو کەسەی کە پاڵی داوەتەوە یان ئەو کەسەی کە خزمەت دەکات؟ بەڵام من وەک خزمەتکارێک لە نێوانتاندام. 28 ئێوەن لە تاقیکردنەوەکانمدا لەگەڵم مانەوە. 29 من شانشینییەکتان بۆ ئامادە دەکەم، وەک باوکم بۆی دیاری کردم، 30 تا لە شانشینی من لەسەر مێزەکەم بخۆن و بخۆنەوە و لەسەر تەخت دابنیشن و دادوەری دوازدە هۆزی یەسرائیل بکەن». 31 پەروەردگار فەرمووی: «شیمۆن، شیمۆن! بڕوانە شەیتان دەخوازێ تاقیتان بکاتەوە وەک گەنم لە هێڵەکتان بدات، 32 بەڵام من نزام بۆ کردیت کە باوەڕەکەت نەفەوتێنی. تۆش کە گەڕایتەوە براکانت بەهێز بکە». 33 پێی گوت: «پەروەردگار، من ئامادەم لەگەڵت بچم بۆ زیندان و تەنانەت بۆ مردنیش!» 34 فەرمووی: «من پێت دەڵێم پەترۆ ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێ تۆ سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت!» 35 ئینجا پێی فەرموون: «کاتێک ئێوەم نارد بەبێ کیسە پارە و جانتا و پێڵاو، ئایا پێویستتان بە هیچ شتێک بوو؟» گوتیان: «نەخێر!» 36 پێی فەرموون: «ئێستا هەرکەسێک کیسە پارەی هەیە هەڵیگرێت؛ بە هەمان شێوە ئەو کەسەی کە توورەکەی پێخۆری هەیە. وە هەرکەسێک نیەتی با کەواکەی بفرۆشێت و شمشێرێک بکڕێت. 37 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: ئەمەی کە نوسراوە لەگەڵ تاوانباران داندرا، دەبێ لە مندا بێتەدی، چونکە هەموو پێشبینییەکان سەبارەت بە من جێبەجێی دەبێت!» 38 گوتیان: «پەروەردگار لێرەدا دوو شمشێر هەیە». پێی فەرموون: «بەسە!» 39 پاشان ڕۆیشتوو وەک نەریتی خۆی چووە چیای زەیتوون و قوتابیەکانیش بەدوایدا ڕۆیشتن. 40 کاتێک گەیشتە شوێنەکە پێی فەرموون: «نزا بکەن تا نەچنە ناو تاقیکردنەوە». 41 بە دووری نزیکەی فڕێدانی بەردێک لێیان دوور کەوتەوە و لە نزادا کەوتە سەر ئەژنۆ و 42 فەرمووی: باوکە، ئەگەر بتەوێت با ئەم جامە لە من تێپەڕێت. بەڵام نەک بە ویستی من بەڵکو، با بە ویستی تۆ بێت». 43 فریشتەیەک لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت و بەهێزی کرد. 44 چونکە لە ململانێدا بوو، بەوپەڕی گوڕوتینەوە نزای دەکرد؛ بەجۆرێک ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێن بوو کە دەکەوێتە سەر زەوی. 45 ئینجا لە نزا کردن بۆوە و هاتە لای قوتابییەکان و بینی لە خەفەتدا خەوتوون. 46 پێی فەرموون: بۆچی خەوتوون؟ هەستن و نزا بکەن تا نەخرێنە ناو تاقیکردنەوە!» 47 کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، بینیان کۆمەڵە خەڵکێک نزیک دەبنەوە ئەوەی پێشیان کەوتبوو بە یەهودا بانگیان دەکرد، کە یەکێک بوو لە دوازدەکە. بۆیە چووە لای یەشوا تا ماچی بکات. 48 یەشوا پێی فەرموو: «یەهودا، تۆ بە ماچێک ڕۆڵەی مرۆڤ بە گرتن ئەدەیت؟» 49 کاتێک دەوروبەری بینییان چی ڕوودەدات، گوتیان: «پەروەردگار، بە شمشێر لێبدەم؟» 50 یەکێکیان لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی دا و گوێی ڕاستی بڕی. 51 یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «زیادەڕەوەوی مەکە!» دەستی لە گوێیدا و چاکی کردەوە. 52 یەشوا بە سەرۆک کاهینەکان و سەرکردەکانی پاسەوانی پەرستگا و پیران، و ئەوانەی بەرەوڕووی دەهاتن فەرمووی: «ئێوە بە شمشێر و دارەوە وەک ئەوەی بۆ دزێک هاتوون؟ 53 لە کاتێکدا هەموو ڕۆژێک لە پەرستگا لەگەڵتان بووم، دەستتان بۆ نەبردم. بەڵام ئەمە کاتی ئێوەیە و دەسەڵاتی ئێستاش بۆ تاریکییە!» 54 دەستگیریان کرد، بردیان بۆ ناو کۆشکی سەرۆکی کاهینەکان. پەترۆ لە دوورەوە شوێنی کەوتبوو. 55 ئاگرێک لە حەوشەکەدا کرایەوە و هەندێکیان لە دەوری دانیشتن، پەترۆیش لەنێویاندا دانیشت. 56 خزمەتکارێک بینی لە لای ڕووناکی دانیشتووە، و بە وردی سەیری کرد و گوتی: «ئەمە لەگەڵی بوو!» 57 بەڵام نکۆڵی کرد و گوتی «ئەی ژن، من نایناسم!» 58 دوای ماوەیەکی کەم کەسێکی تر بینی و گوتی «تۆ یەکێکیت لەوان!» بەڵام پەترۆ گوتی: «کابرا، من نیم!» 59 دوای نزیکەی کاتژمێرێک، کەسێکی دیکە گوتی: «بەڕاستی ئەم پیاوەش لەگەڵیدا بوو، چونکە خەڵکی گەلیلیە!» 60 پەترۆیش گوتی: «کابرا، نازانم تۆ چی دەڵێیت!» دستبەجێ، لەکاتێکدا هێشتا قسەی دەکرد، کەڵەشێرەکە خوێندی. 61 بۆیە پەروەردگار ڕووی کردە پەترۆ. پاشان پەترۆ قسەی پەروەردگاری بیر کەوتەوە، کاتێک پێی فەرموو: «پێش ئەوەی کەڵەشێرەکە بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەی». 62 چووە دەرەوە و گریانێکی بە کوڵ گریا. 63 ئەو پیاوانەی کە پاسەوانی یەشوایان دەکرد، دەستیان کرد بە گاڵتەکردن و لێدانی و، 64 دەموچاویان داپۆشی و لێیان پرسی: «ئادەی پێش بینی بکە! کێ لێی دایت؟» 65 و چەندین سووکایەتی تریان پێکرد. 66 کاتێک ڕۆژ بۆوە، کۆبوونەوەی پیرانی گەل لە سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات پێکهات، و بردیانە بەردەم کۆبوونەوەکەیان. 67 گوتیان: «ئەگەر تۆ مەسیحیت، پێمان بڵێ!» 68 پێی فەرموون: «ئەگەر پێتان بڵێم باوەڕ ناکەن و ئەگەر لێتان بپرسم وەڵامم نادەنەوە. 69 بەڵام لە ئێستاوە ڕۆڵەی مرۆڤ لە ڕاستەی هێزی خودا دادەنیشێت!» 70 هەموویان گوتیان: «کەواتە تۆ ڕۆڵەی خودایت؟» پێی فەرموون: «ئێوە گوتتان، من ئەوم!» 71 گوتیان: «ئایا پێویستمان بە شایەتحاڵ هەیە؟ سەیرکەن، ئەوەتا لە زاری خۆیەوە بیستمان!»