بەشی ٢١

1 سەیری کرد و بینی دەوڵەمەندەکان پێشکەشییەکان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگاکە. 2 هەروەها بینی بێوەژنێکی هەژار دوو فلسی خستە ناوی. 3 فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری خستۆتە ناوی. 4 چونکە هەموو ئەم خەڵکە لەوەی کە لێیان زیادەیە دەیخەنە ناو گەنجینەکەوە. بەڵام ئەو سەرەڕای نیازمەندییەکەی، هەرچی هەیبوو بۆ بژێوی خۆی بەخشی!» 5 لە کاتێکدا هەندێکیان باسیان لەوە دەکرد کە پەرستگاکە بە بەردی جوان و ئەو دیارییانەی بۆ خودا تەرخان کراون ڕازاوەتەوە، 6 فەرمووی: «ئەو ڕۆژە دێت کە بەرد بەسەر بەردیەوە نامێنێ و دەڕوخێت». 7 لێیان پرسی و گوتیان: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن؟ ئەو نیشانەیە چییە کە لە کاتی نزیک بوونەوەی ڕووداوەکە دەردەکەوێت ؟» 8 فەرمووی: «ئاگادار بن! هەڵنەخەڵتێن! چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: من ئەوم و کاتەکە نزیکە، ​​شوێنیان مەکەون! 9 کاتێک گوێتان لێبوو کە شەڕ و بەریەککەتن لە ئارادایە، تووشی شڵەژان مەبن، چونکە سەرەتا دەبێ ئەم شتانە ڕوو بدەن لە پێش هەموو شتێکەوە، بەڵام ئەوە هێشتا کۆتایی نییە، پاشان من دێم!» 10 ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە دژی نەتەوە و شانشین دژی شانشین دەوەستنەوە، 11 لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و برسێتی و نەخۆشی و دەرد ڕوودەدات، نیشانەی ترسناک و گەورە لە ئاسمانەوە دەردەکەون. 12 بەڵام پێش هەموو ئەمانە خەڵک دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە و ڕادەستی کەنیشت و بەندیخانەکانتان دەکەن، لەبەر ناوی من دەتانخەنە بەردەم پاشا و فەرمانڕەواکان. 13 ئەوە دەرفەتتان پێدەدات کە شایەتحاڵ بن. 14 بۆیە بیخەنە دڵتانەوە تا پێشوەختە خۆتان بۆ بەرگری کردن ئامادە نەکەن، 15 چونکە من وشە و داناییتان پێ دەدەم کە هەموو نەیارەکانتان ناتوانن ڕەتی بکەنەوە و دژایەتی بکەن. 16 تەنانەت دایک و باوک و برا و خزم و هاوڕێ، ڕادەستتان دەکەن و هەندێکتان دەکوژن 17 لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18 بەڵام تاڵە موویەک لە سەرتان بە هیچ شێوەیەک نافەوتێ. 19 بۆ هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو خۆتان ئامادە بکەن! 20 کاتێک یورشەلایم دەبینن کە لەلایەن سوپاوە گەمارۆ دراوە، بزانن کە لەناوچوونی نزیکە. 21 ئینجا با ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان بەرەو شاخەکان هەڵبێن، و ئەوانەی تێیدان لە شارەکە بڕۆن و نەچنە ناو گوندەکان: 22 چونکە ئەم ڕۆژانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن و هەموو ئەوەی کە نووسرابوو دێتە دی. 23 هاوار بۆ ئەوانەی دووگیانن و ئەوانەی شیر دەدەن لەو ڕۆژانەدا، چونکە ناخۆشییەکی مەزن بەسەر زەوی و تووڕەیییەکی گەورە بەسەر ئەم گەلەدا دێت، 24 بەزەبری شمشێر پەلکێشتان دەکەن و بە دیلی بۆ ناو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن، یورشەلایم لەلایەن گەلانەوە پێشێل دەکرێت تا سەردەمی نەتەوەکان کۆتایی پێ دێت. 25 نیشانەکان لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکاندا دەردەکەون و ناڕەحەتی لەسەر زەوی بۆ ئەو گەلانە دروست دەبێت کە لە سەرلێشێواویدان، دەریا و شەپۆلەکان دەهەژێن، 26 خەڵکەکە لە ترس و چاوەڕوانی ئەوەی جیهان دەگرێتەوە بێهۆش دەبن، هێزی ئاسمانەکان دەهەژێت. 27 پاشان ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن کە لە هەورەکاندا بە هێز و شکۆمەندییەکی گەورەوە دێت. 28 بەڵام کاتێک ئەم شتانە دەستیان بە ڕوودان کرد، هەستن و سەرتان بەرز بکەنەوە چونکە ڕزگاربوونتان نزیک دەبێتەوە». 29 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و ئەو دارانەی تر بکەن! 30 کاتێک دەیبینن گەڵای دەرکردووە ئەوسا دەزانن کە هاوین نزیکە. 31 ئێوەش کاتێک دەبینن ئەم شتانە ڕوودەدەن، بزانن کە شانشینی خودا نزیکە. 32 ڕاستیتان پێدەڵێم ئەم نەوەیە هەرگیز لەناو ناچێت تا هەموو ئەمانە ڕوو نەدەن. 33 ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن، بەڵام وشەکانی من هەرگیز بەسەر ناچن. 34 بەڵام ئاگاداری خۆتان بن نەکا چێژ و سەرخۆشی و خەمی ژیان دڵتان رەق بکات؛ 35 ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا دێت چونکە بە سەر هەموو ئەوانەدا دەدات کە لەسەر زەوی نیشتەجێن. 36 بە ئاگابن و لە هەموو کاتێکدا نزا بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەمانە ڕزگارتان بێت کە خەریکە ڕوودەدەن، پاشان لەبەردەم ڕۆڵەی مرۆڤدا بوەستن». 37 بەڕۆژ لە پەرستگاکە فێری دەکردن، شەویش دەچووە دەرەوە و لەو چیایەی ناسراوە بە چیای زەیتون دەمایەوە. 38 هەموو خەڵک بەیانیان زوو دەچوونە پەرستگا تا گوێی لێبگرن.