1 کەواتە ئەی برا پیرۆزەکان کە بەشداریتان لە بانگهێشتی ئاسمانیدا کردووە، لە یەشوا قوڵ ببنەوە: نێردراو و سەرۆک کاهینی ئەو باوەڕەیە کە پابەندین پێیەوە. 2 ئەو دڵسۆز بوو بۆ خودا لەو ئەرکەی کە بۆی دیاری کردووە، هەروەک چۆن موشە دڵسۆز بووە لە جێبەجێ کردنی خزمەتەکەی لە ماڵی خودادا. 3 بەڵام ئەو شایەنی شکۆمەندییەکی مەزنترە لە شکۆمەندی موشە، وەک چۆن یەکێک ماڵێک دروست دەکات، ڕێزو و ستایشی زیاتر وەردەگرێت لەو ماڵەی کە دروستی کردووە! 4 بێگومان هەموو ماڵێک دەبێت دروستکەرێکی هەبێت و خودا خۆی دروستکەری هەموو شتێکە. 5 موشە لە هەموو ماڵی خودادا دڵسۆز بوو، وەک خزمەتکارێک. شایەت بوو لەسەر ئەوەی کە خودا دواتر ڕایگەیاند. 6 بەڵام مەسیح، دڵسۆزە وەک ڕۆڵە کە سەرپەرشتی ماڵەکەی دەکات. ئەم ماڵە ئێمەی باوەڕدارین، بۆیە با دەست بەو متمانە و شانازی هیوایەمانەوە بگرین تاکۆتایی. 7 لەبەر ئەوە گیانە پیرۆزەکە ئاگادارمان دەکاتەوە دەفەرمووێت: «ئەمڕۆ ئەگەر گوێتان لە دەنگی بوو، 8 دڵتان ڕەق مەکەن، وەک ئەوەی لە کۆندا ڕوویدا، کە باوکانتان تووڕەیی منیان وروژاند، لە تاقیکردنەوەکە لە بیابان. 9 لەوێ تاقییان کردمەوە ئەزمونیان کردم، چل ساڵ کارەکانمیان بینی. 10 بۆیە توڕەیی من لەسەر ئەو نەوەیە جۆشا و فەرمووم: دڵیان هەمیشە گومڕایان دەکات و ڕێگای منیان نەزانیوە هەرگیز! 11 لەبەرئەمە، لە تووڕەیمدا، سوێندم خوارد و فەرمووم: ناچنە ناو شوێنی پشووەکەمەوە!» 12 ئێوەی برایان دەبێ وریا بن، نەک دڵی هەریەکێکتان بێباوەڕو خراپ بێت، لەخودای زیندوو هەڵگەڕێتەوە. 13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێت: «ئەمڕۆ». ئەمەش بۆ ئەوەیە کە گوناهه لە ڕێگەی فێڵەکەیەوە دڵی هیچ کام لە ئێوە ڕەق نەکات. 14 ئەگەر بەردەوام دەست بەو متمانەیەوە بگرین کە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردووە، و تا کۆتایی بە چەسپاوی بیهێڵینەوە، ئەوا هاوبەشی مەسیح دەبین. 15 ئێستاش ئاگاداریەکە ئاراستەی ئێمە کراوە:«ئەمڕۆ ئەگەر گوێتان لە دەنگی بوو، دڵتان ڕەق مەکەن، وەک چۆن لە کۆندا ڕوویدا تووڕەیی منیان وروژاند!» 16 ئەوانە کێبون گوێیان لە بانگهێشتی خودا بوو و ڕەتیان کردەوە تووڕەیی خودایان وروژاند؟ ئەو گەلە بوون بە ڕابەرایەتی موشە میسریان بەجێهێشت! 17 بۆ ماوەی چل ساڵ تووڕەیی خودا لەسەر کێ وروژێندرا؟ لەسەر ئەوانەی گوناهیان کرد، لاشەیان بە پەرش و بڵاوی لە بیاباندا کەوت! 18 خودا سوێندی بە کێ خوارد کە ناچنە شوێنی پشووەکەی؟ ئەوانەی لە فەرمانەکەی یاخی بوون! 19 بەم شێوەیە، دەبینین بێباوەڕیان ڕێگری لێکردن بچنە شوێنی پشوودانی.