بەشی ٤

1 بۆیە، من کە بەندکراوێکم لە پێناوی پەروەردگاردا، لێتان دەپاڕێمەوە کە بە شیاوی ئەو بانگەوازە هەڵسوکەوت بکەن کە بۆی بانگ کراون، 2 بە هەموو خۆنەویستی و نەرم و نیانی و لێبوردەیی، لە خۆشەویستیدا بەرگەی یەکتری بگرن، 3 هەوڵبدەن یەکگرتویی گیانەکە بپارێزن. چونکە یەک جەستە و یەک گیان هەیە، 4 هەروەک چۆن بانگتان کراوە، هەمووتان، بۆ یەک هیوا بانگهێشت کراون. 5 بۆ ئێوەش یەک پەروەردگار و یەک باوەڕ و یەک لە ئاوهەڵکێشان هەیە. 6 یەک خودا و باوکی هەمووان هەیە و ئەو لە سەرووی هەمووان، بۆ هەمووان و لە هەموواندایە. 7 بەڵام هەر یەکێک لە ئێمە بەخششێکی پێدراوە کە هاوتایە لەگەڵ ئەوەی کە مەسیح پێی بەخشیوین. 8 بۆیە سروش دەفەرموێت: «کاتێک بەرەو هەرەبەرزی سەرکەوت، دیلەکانی لەگەڵ خۆی برد، و دیاریی بە مرۆڤەکان بەخشی!» 9 سەبارەت بە ئەمەش «بەرزبۆوە»، ئەمە مانای چییە جگە لەوەی کە ئەویش دابەزیبوو بۆ بەشەکانی خوارەوەی زەوی؟ 10 ئەو کەسەی دابەزی هەمان ئەو کەسەیە کە لە سەرووی هەموو ئاسمانەکانەوە بەرزبۆوە بۆ پڕ کردنەوەی هەموو شتێک. 11 ئەو ڕێگەی دا هەندێکیان نێردراوان بن، هەندێکیان پێغەمبەر بن، هەندێکیان مزگێنیدر بن و هەندێکیشیان شوان و مامۆستا بن، 12 بۆ ئامادەکردنی پیرۆزکراوان بۆ خزمەتکردن، بۆ بنیاتنانی جەستەی مەسیح، 13 تا هەموومان دەگەینە یەکێتی باوەڕ و یەکگرتویی ناسینی ڕۆلەی خودا، بۆ مرۆڤێکی تەواو پێگەیشتوو، بە ئەندازەی باڵای پڕبوونی مەسیح. 14 ئەمەش بۆ ئەوەی چیتر منداڵ نەبین بە هەموو بایەکی فێرکاری کە لەسەر بنەمای فریودانی خەڵکە وبەرەو گومڕاییمان دەبات و بەملاو لادا نەمانبات، 15 بەڵکو بە خۆشەویستییەوە دەست بە ڕاستییەوە دەگرین، بۆ ئەوەی لەهەموو شتێکدا بەرەو ئەو کەسە گەشە بکەین کە سەرە، واتە مەسیح. 16 هەموو جەستە لە ئەوەوە یەکگرتوویی و پەیوەندیی خۆی بە پاڵپشتی هەر جومگەیەکەوە وەردەگرێت بەپێی بڕی ئەو کارەی کە بۆ هەر بەشێک تەرخانکراوە، بۆ بەرهەمهێنانی گەشەکردن کە دەبێتە هۆی بنیاتنانی جەستە، بنیاتنانی خۆی لە خۆشەویستیدا. 17 کەواتە ئەمە دەڵێم، ولە پەروەردگاردا شایەتی دەدەم، بەو هیوایەی کە ئێوە چیتر وەک نەتەوەکان لە بێ بەرهەمی بیرکردنەوەدا ڕەفتار نەکەن، 18 چونکە بە هۆی نەفامی و دڵڕەقییەوە چاویان تاریک و لە ژیانی خودا دوورکەوتوونەتەوە. 19 ئەم خەڵکە، کە هەموو هەستێکیان فڕێدابووە لایەک، خۆیان ڕادەستی چەواشەکاری کرد هەموو پیسیەکیان بە ئارەزوەیەکی تێرنەکرا و نەکوژاوە ئەنجامدا. 20 سەبارەت بە ئێوەش، بەم شێوەیە فێری مەسیح نەبوون، 21 ئەگەر بەڕاستی بیستووتانە و فێرکارییەکەتان وەرگرتووە کە هاوتایە لەگەڵ ئەو ڕاستیەی کە لە یەشوادا هەیە! 22 ئەوەی پەیوەستە بە ژیانی ڕابردووتەوە دایبکەنە: مرۆڤە کۆنەکە بە ئارەزووی فێڵبازانەی خۆی گەندەڵ بووە؛ 23 وە لە گیانی هزرتاندا نوێ ببنەوە؛ 24 مرۆڤێکی نوێ لەبەر بکەن کە بەدیهاتووە لە سەر شێوەی خودا لە ڕاستودروستی و پیرۆزیدا. 25 بۆیە درۆ مەکەن، و راستگۆ بن لەگەڵ نزیکەکانتان، چونکە ئێمە ئەندامی یەک جەستەین، 26 ئەگەر توڕە بوویت گوناهە مەکە؛ مەهێڵن خۆر بە سەر توورەییتاندا ئاوا بێ، 27 وە دەرفەت بە شەیتان مەدەن! 28 وە ئەو کەسەی کە دزە، با چیتر دزی نەکات، بەڵکو با رەنج بکێشێت و بە دەستەکانی کاری چاکە بکات بۆ ئەوەی شتێکی هەبێت لەگەڵ ئەوانەی کە پێویستیان پێیەتی هاوبەشی پێ بکات. 29 با هیچ قسەیەکی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو تەنها ئەوەی یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانی ئەوانی تر بەپێی پێویستیەکانیان، بۆ ئەوەی سوودی بۆ ئەو کەسانە هەبێت کە گوێیان لێدەگرن. 30 گیانی خودا، گیانی پیرۆز، کە بەهۆیەوە مۆر کرابوون بۆ ڕۆژی ڕزگاربوون، خەمبار مەکەن. 31 هەموو ڕق و تۆڵە و توڕەیی و جەنجاڵی و سووکایەتی و هەموو خراپەیەک لە خۆتان دابماڵن. 32 لەگەڵ یەکتر میهرەبان بن، دڵسۆز بن، هەروەک چۆن خودا لە مەسیحدا لێتان خۆش بوو.