بەشی ١

1 لە پۆڵسەوە، نێردراوی مەسیحی یەشوا بە خواستی خودا، بۆ پیرۆزکراوە دڵسۆزەکانی مەسیحی یەشوا، [کە لە ئەفسۆس نیشتەجێن]. 2 بەخشش و ئاشتی لەلایەن خودای باوک و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح بۆ ئێوە بێت. 3 پیرۆز بێت خودا، باوکی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح کە بە هەموو بەخششێکی گیانی لە شوێنە ئاسمانییەکان بەرەکەتداری کردین. 4 وەک چۆن پێش دامەزراندنی جیهان ئێمەی لە خۆیدا هەڵبژارد بوو، تا لەبەردەمیدا پیرۆز و بێ گلەیی بین. 5 پێشوەختە ئێمەی بە خۆشەویستی دیاری کردووە تا بە یەشوای مەسیح وەک منداڵی خۆی وەرمان بگرێت. ئەوەش بۆ ئەو مەبەستە بوو کە پێی خۆشحاڵ بوو، 6 بە مەبەستی ستایشکردنی شکۆمەندی بەخششەکەی کە بەهۆی خۆشەویستیەکەیەوە پێبەخشیوین: 7 چونکە بە خوێنی ئەو ڕزگاربووین، واتە لێخۆشبوون لە گوناهەکان؛ بەپێی دەوڵەمەندی بەخششەکەی 8 ئەوەی بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنەوە بەسەرماندا ڕژاندی. 9 کاتێک نهێنی خواستی خۆی بۆ ئاشکرا کردین بە پێی ئەو ڕەزامەندییەی لە خۆیدا مەبەستی بوو، 10 بۆ پێکهێنانی، هەموو شتەکان لە ژێر دەسەڵاتداریەتی مەسیحدا یەکخست، هەموو ئەوانەی لە ئاسمانەکانن و لەسەر زەوین. 11 هەروەها لە مەسیحدا ئەو میراتەمان بەدەست هێناوە کە پێشوەختە بۆمان دیاری کراوە، بەگوێرەی مەبەستی ئەو، ئەوەی کە هەموو شتێک بەپێی خواستی خۆی ئەنجام دەدات. 12 ئامانجی ئەوەیە کە ببێتە هۆکارێک بۆ ستایشکردنی شکۆمەندی ئەو، لە بەر ئەوەی پێشتر هیوای خۆمان بە مەسیحەوە گرێداوە. 13 ئێوەش لە ئەودا (هیوای خۆتان دابنێن) کاتێک گوێت لە وشە ڕاستییەکە بوو، واتە ئەو مزگێنییەی کە ڕزگاربوونتانی تێدایە؛ ئێوەش بە هەمان شێوە لە ئەودا مۆر کران، چونکە باوەڕتان بە گیانی پیرۆزی بەڵێندراو بوو. 14 ئەم گیانە، کە بەڵێنی میراتمانە تا ڕزگارکردنی ئەوەی بەدەستمان هێناوە بەدی بێت بە مەبەستی ستایشکردنی شکۆمەندییەکەی. 15 بۆیە منیش گوێم لە باوەڕتان بوو بە یەشوای پەروەردگار و خۆشەویستیتان بۆ هەموو پیرۆزکراوان، 16 هەرگیز لە سوپاسگوزاری خودا نەوەستام لە پێناوتاندا و یادتان دەکەم لە نزاکانمدا، 17 بۆ ئەوەی خودای پەروەردگارمان یەشوای مەسیح، باوکی شکۆمەندمان، گیانی پەیپێبردن و داناییتان پێ ببەخشێت: بۆ ئەوەی بە تەواوی بیناسن 18 کاتێک بە تێڕوانینەکانی دڵتان ڕۆشن دەبێتەوە، کەواتە بزانن چی هیوایەک لە بانگهێشتەکەیدایە بۆ ئێوە، هەروەها دەوڵەمەندی شکۆی میراتەکەی لە پیرۆزکراواندا چییە، 19 ئەو هێزە مەزنە چییە کە بۆ ئێمەی باوەڕداران دابەزیوە، بەپێی کاری دەسەڵاتە بەهێزەکەی ئەو. 20 ئەوەی لە مەسیحدا کرد، بە هەستانەوەی لە مردووان . وای لێکرد لە ڕاستەی خۆی لە ئاسمانەکان دابنیشت، 21 کە بەرزترە لە هەموو سەرۆک و دەسەڵات و هێز و سەروەریێک، و لە سەرووی هەموو ناوێکەوە، نەک تەنها لەم جیهانەدا، بەڵکو لە ئەوەی لە داهاتووشدا دێ. 22 لە ژێر پێیەکانیداهەموو شتێکی ملکەچ کرد، و ئەوی لە سەرووی هەموو شتێکەوە کرد بە سەری کڵێسا 23 کە جەستە و کامڵبوونی خۆیەتی، ئەوە ئەو کەسەیە کە هەموو شتێک بە گشتی تەواو دەکات.