بەشی ١

1 لە یەکەم پەرتووکمدا، تیۆفیلۆس، هەموو کار و فێرکارییەکانی یەشوام بۆ باس کردیت، هەر لە سەرەتای پەیامەکەیەوە 2 تا ئەو ڕۆژەی کە بەرەو ئاسمان بەرزبۆوە، پاشان ڕاسپارەدەکانی خۆی، بە گیانە پیرۆزەکە، بەخشی بەو نێردراوانەی کە هەڵیبژارد. 3 لە ماوەی چل ڕۆژ دوای ئازارەکەی، چەندین جار بۆیان دەرکەوت، بە چەندین بەڵگەی یەکلاکەرەوە بۆی سەلماندن کە زیندووە، و لەبارەی شانشینی خوداوە قسەی بۆ کردن. 4 کاتێک لەگەڵیان کۆبۆوە، فەرمووی: «یۆرشەلایم بەجێ مەهێڵن، بەڵکو لەوێ بمێننەوە و چاوەڕێی تەواوکردنی بەڵێنەکانی باوک بن، کە پێشتر لە بارەیەوە قسەم بۆ کردوون. 5 یۆخەنان خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشێت؛ بەڵام چەند ڕۆژێکی کەم ئێوە لە گیانی پیرۆز هەڵدەکێشرێن!» 6 ئەوانەی لەگەڵیدا کۆببوونەوە لێیان پرسی: « ئەی پەروەردگار، ئایا لەم کاتەدا شانشین بۆ یەسرائیل دەگەڕێتەوە؟» 7 وەڵامی دانەوە: «بۆ ئێوە نییە ئەو کات و ساتانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دیاریکردووە. 8 بەڵام کاتێک گیانە پیرۆزەکە دێتە سەرتان هێز وەردەگرن، و شایەتحاڵی من دەبن لە یۆرشەلایم و سەرجەم یەهودیا، و سامرە، تا ئەوپەڕی زەی». 9 ئەمەی فەرمووو لە کاتێکدا سەیریان دەکرد بەرزبۆوە بۆ ئاسمان. پاشان هەورێک لە بەر چاویان شاردییەوە. 10 لە کاتێکدا سەیری ئاسمانیان دەکرد و ئەویش بەرەو ئاسمان دەرۆیشت، دوو پیاو بە جل و بەرگی سپییەوە دەرکەوتن، 11 و پێیان گوتن: «ئەی گەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون و سەیری ئاسمان دەکەن؟ یەشوا، کە لەلای ئێوە هەڵگیرا بۆ ئاسمان، هەر وەک چۆن بینیوتانە بەرز دەبێتەوە بۆ ئەوێ لەوێشەوە دەگەڕێتەوە!» 12 پاشان نێردراوان لە چیای ناسراو بە زەیتون گەڕانەوە بۆ یۆرشەلایم، کە بە رادەی رۆژەرێیەکی رێگەپێدراو لە شەباتدا لە یۆرشەلام نزیکە. 13 کە گەیشتن سەرکەوتن بۆ ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە کە تێیدا دەمانەوە.، ئەوانیش بریتی بوون لە: پەترۆ یۆخەنا، یاکۆڤ و ئاندریا، فیلیپۆس و تۆما، بەرتۆلمیۆ و مەتا، یاکۆڤی کوڕی هەلفای و شیمۆنی دڵگەرم، و یەهودا برای یاکوڤ. 14 هەموویان بە یەک دڵەوە بەردەوام بوون لە نزا کردن و لەگەڵیاندا چەند ژنێک بوون، میریام دایکی یەشوا و براکانی. 15 کاتێک نزیکەی سەد و بیست کەس لە برایان پێکەوە کۆبوونەوە، پەترۆ لە نێوانیاندا وەستا و قسەی لەگەڵ کردن و گوتی: 16 «ئەی برایان، دەبێت ئەو پێش بینییەی کە گیانی پیرۆز لە زمانی داڤیدی پێغەمبەرەوە گوتویەتی بێتەدی، سەبارەت بە یەهودا ئەوەی کە هەڵگەڕایەوە ڕێنمایی ئەو کەسانەی دەکرد یەشوایان دەستبەسەر کرد. 17 یەهوداش بە یەکێک لە ئێمە دادەنرا، و بەشداری لە خزمەتەکەماندا دەکرد. 18 پاشان بەو پارەیەی کە بۆ ناپاکییەکەی وەریگرتبوو، کێڵگەیەکی کڕی و به ڕوودا کەوت، لە ناوەڕاستەوە دوولەت بوو و هەموو ڕیخۆڵەی هاتە دەرەوە. 19 خەڵکی یۆرشەلایم هەموویان ئاگاداری ئەم ڕووداوە بوون، ناوی کێڵگەکەیان ناوە حەقل دەمەخ، بە زمانی خۆیان، واتای کێڵگەی خوێن. 20 کەواتە پێشبینییەکەی پەرتووکی زبورەکان هاتە دی: ماڵەکەی وێران دەبێت، و کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت. وە هەروەها : با ئەرکەکەی ڕادەستی کەسێکی تر بکرێت! 21 بۆیە دەبێت یەکێکیتر لەو پیاوانە هەڵبژێرین کە هاوڕێمان بووە بە درێژایی ئەو کاتەی کە پەروەردگار یەشوا لەگەڵمان بەسەری بردووە، 22 لەو کاتەوەی یۆخەنان لە ئاوی هەڵکێشا تا ئەو ڕۆژەی لە لای ئێمەوە بەرزبۆوە بۆ ئاسمان، تا لەگەڵمان شایەتحاڵی هەستانەوەی یەشوا بێت». 23 ئامادەبووان دوو پیاویان بەربژێر کرد: یۆسپ بە بارسابا بانگ دەکراو نازناوی یوستیۆسی بوو، وە لەگەڵ ماتیاس. 24 پاشان نزایان کرد و گوتیان: «ئەی پەروەردگار کە دڵی هەموو مرۆڤەکان دەزانیت، نیشانمان بدە کام لەم دوو پیاوە هەڵدەبژێریت 25 بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە بەشداری لە خزمەت و پەیامەکەدا بکات لەبری یەهودا کە چووە ئەو شوێنەی کە شایەنی بوو». 26 ئینجا تیروپشکیان کرد، و کەوتە سەر ماتیاس، و زیادیان کرد بە یازدە نێردراوان.