بەشی ١

1 لە پۆڵس و سیلڤانۆس و تیمۆساوسەوە، بۆکڵێسای باوەڕدارانی تەسالۆنیکی کە لە خودای باوکمان و پەروەردگار یەشوای مەسیحدان. 2 بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوک و پەروەردگار یەشوای مەسیحەوە. 3 ئەرکی ئێمەیە بەردەوام سوپاسی خودا بکەین لە پێناو ئێوە ئەی برایان. ئەمەش ڕاستیە: چونکە باوەڕتان بەردەوام لە گەشەدایە، و خۆشەویستیتان بۆ یەکتر لەنێو هەمووتاندا ڕژاوە. 4 تەنانەت ئێمە، خۆشمان، شانازیتان پێوە دەکەین لە کڵێساکانی خودادا بەهۆی خۆڕاگری و باوەڕتان لە ناو ئەو هەموو چەوسانەوە و تەنگانەیە کە بەرگەیتان گرتووە. 5 ئەمە بەڵگەیە لەسەر بڕیاری خودا کە دادپەروەرە ، بە مەبەستی ئەوەی بە شایەنی شانشینی خودا هەژمار بکرێن، کە بەهۆیەوە ئازار دەچێژین. 6 دادپەروەری لای خودا ئەوەیە بە ڕاستی بە تەنگانە سزای ئەو کەسانە دەدات کە ئازارتان دەدەن، 7 وە پاداشتی ئێوە دەداتەوە، ئێوە کە ئازارتان چێشتووە، هەروەک چۆن پاداشتی ئێمە دەداتەوە، بەو ئاسوودەییە کاتيک یەشوای پەروەردگار لە ئاسمانەوە، بە ئاشکرا لەگەڵ فریشتەکانی بە دەسەڵاتی خۆیەوە دەردەکەوێت، 8 لە ناوڕاستی ئاگرێکی گەورەدا، بە تەواوی تۆڵە لەو کەسانە دەکاتەوە کە خودا ناناسن و گوێڕایەڵی مزگێنیەکەی پەروەردگارمان یەشوا نابن. 9 ئەوان تووشی سزای لە ناوچوونی هەتاهەتایی دەبن، بە دوور دەبن لە ئامادەیی و شکۆ و دەسەڵاتی پەروەردگاردا، 10 کاتێک لەو ڕۆژەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە پیرۆزییەکەیدا شکۆمەند بێت و ببێتە جێی سەرسامی بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان هێناوە، وە ئێوە باوەڕتان هێناوە بە شایەتیەکەمان بۆ ئێوە! 11 هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بەردەوام نزاتان بۆ دەکەین، تا خودامان بتانکاتە شایەنی ئەو بانگهێشتە کە بۆی کردوون، بە هێزی خۆی، هەموو ئەو شتانەی کە دڵی خۆش دەکەن لە چاکە و چالاکی باوەڕ، لە ئێوەدا بە دی بێت، 12 تا ناوی یەشوای پەروەردگارمان لە ئێوەدا شکۆمەند بێت و ئێوەش لە ناو ئەودا شکۆمەند دەبن بە پێی بەخششی خودا و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح.