بەشی ٩

1 چونکە پێویست ناکات لەسەریارمەتیدانی پیرۆزکراوان بۆتان بنووسم، 2 چونکە من تامەزرۆیی ئێوە بۆ یارمەتیدان دەزانم و شانازی بەوەوە دەکەم لای مەکەدۆنییەکان و پێیان دەڵێم: لە ساڵی ڕابردووەوە ئێوە لە ئەخایا ئامادەن بۆ بەخشین. و دڵ گەرمیتان پاڵنەر بووە بۆ زۆربەی برایان. 3 بەڵام برایان دەنێرم، بۆ ئەوەی شانازیکردنمان بۆ ئێوە لەم بابەتەدا نەگۆڕێت بۆ شانازییەکی بێهودە تاکو ئامادەبن هەروەک گوتم؛ 4 چونکە ئەگەرهەرمەکەدۆنییەک لەگەڵم بێت، و ئێوە ببینێت ئامادە نین، ئەوا ئێمە شەرمەزار دەبین بەو متمانە مەزنەی کە هەمانە. 5 بۆیە بە پێویستم زانی داوا لە برایان بکەم پێشوەختە سەردانتان بکەن وتا ئەو بەخشینە ئامادە بکەن کە پێشتر راگەیەندرابوو، بۆ ئەوەی وەک بەخششێک ئامادە بێت نەک وەک ئەرکێکی قورس! 6 کەواتە ڕاستە هەرکەسێک کەم بچێنێت، کەمیش دەدروێتەوە، هەرکەسێک بە بەرەکەتەوە بچێنێت، بە بەرەکەتیش دەدروێتەوە. 7 با هەر کەسێک ئەوەی لە دڵی خۆیدا مەبەستی بووە بیبەخشێت، نە لە پەشیمانی و نە لە پێویستی، چونکە خودا ئەوانەی خۆش دەوێت کە بە خۆشحاڵییەوە دەبەخشن. 8 خودا توانای ئەوەی هەیە هەموو بەخششێکتان بۆ زیاد بکات، بۆ ئەوەی لە هەموو شتێک و لە هەموو کاتێکدا، ئەو شتانەتان هەبێت کە پێویستتانەو سەرڕێژ بن لە هەموو کارێکی باشدا؛ 9 بەپێی ئەوەی نووسراوە: «بە بەخشندەیی دابەش دەکەن، دەیدەن بە هەژاران، ڕاستودروستییەکەیان بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێ!» 10 ئەوەی تۆو بۆ چاندن، و نان بۆ خواردن دابین دەکات، تۆوەکەت بۆ دابین دەکات و زۆر دەکات و بەرهەمی ڕاستودروستیت زیاد دەکات: 11 لە هەموو شتێکدا دەوڵەمەند دەبیت بۆ هەموو بەخشندەییەکی خۆبەخشانە، کە لە ئەنجامدا سوپاسگوزاری خودای لێ دەکەوێتەوە. 12 ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە خزمەتکردنی خودا بەم یارمەتییە نەک تەنها پێویستی پیرۆزکراوان دابین دەکات، بەڵکو وا دەکات کە زۆر کەس سوپاسی خودا بکەن. 13 کاتێک پیرۆزکراوان، ئەم خزمەتە ئەزموون دەکەن، خودا شکۆمەند دەکەن بۆ گوێڕایەڵی ئێوە لە شایەتی مزگێنی مەسیح و بۆ بەخشندەیی خۆبەخشانەتان لە بەشداریکردن لەگەڵیاندا بۆ ئەوان و بۆ هەمووان. 14 هەروەها نزاتان بۆ دەکەن، تامەزرۆی بینینی ئێوەن، بەهۆی ئەو بەخششەی خودا کە بە ئێوە دراوە. 15 سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو بەخشینە بێبەرامبەرەی کە لە وەسف کردن بەرزترە!