بەشی ٦

1 بەو پێیەی ئێمە پێکەوە کرێکاری خوداین، داواکارین بەخششی خودا بێهودە وەرمەگرن. 2 چونکە دەفەرموێت: «لە کاتی پەسەندکردنم گوێم لێگرتیت، لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت». ئێستا کاتی پەسەنکردنە. ئەمڕۆ ڕۆژی ڕزگاربوونە! 3 ئێمە هیچ ڕەفتارێک ئەنجام نادەین کە ببێتە کۆسپ بۆ هیچ کەس، بۆ ئەوەی نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەتەکە. 4 لە هەموو شتێکدا بە شێوەیەک مامەڵە دەکەین کە دەریدەخات بەڕاستی خزمەتکاری خوداین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان؛ لە تەنگانە، پێویستی و ناخۆشی و لێقەومان 5 لە لێدان و زیندان و ئاژاوە وماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی؛ 6 لە پاکی و زانست و لێبوردەیی و میهرەبانیدا؛ لە گیانی پیرۆز و خۆشەویستی پاک بەبێ دووڕوویی؛ 7 لە وشەی راستی و هێزی خودا؛ بە چەکی چاکە لە هێرش و بەرگریدا بن؛ 8 بە شکۆ و سووکایەتی؛ بە ناوزڕاوی یا ناوبانگێکی باش. کاتێک ڕاستگۆ بین وەک گومڕا مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، 9 وەک نەناسراو و لەگەڵ ئەوەشدا ناسراوین، وەک مردوو و لەگەڵ ئەوەشدا دەژین، وەک سزادراو و نەکوژراو، وەک خەمبار، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە شادمانین، 10 وەک هەژار، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینە دەوڵەمەند دەکەین، وەک ئەوەی هیچمان نەبێ، و هەموو شتێکمان هەیە. 11 ئێمە قسەمان لەگەڵ ئێوە کرد، ئەی خەڵکی کۆرنەسۆس، بە ڕاشکاوی و دڵفراوانی. 12 ئێوە لە تەنگانەیان، نەک لەبەر ئێمە بەڵکو بەهۆی تەنگانەی هەست و سۆزی خۆتانەوە 13 بەڵام، بەهەمان شێوە، وەک منداڵێک قسەتان لەگەڵ دەکەم، بۆ ئەوەی دڵتان فراوان بێ! 14 لەگەڵ بێباوەڕاندا مەچنە ژێریەک نیرەوە. چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ڕاستودروستی و ناڕەوا؟ چ هاوبەشییەک لە نێوان ڕووناکی و تاریکیدا هەیە؟ 15 مەسیح چ هاوپەیمانییەکی لەگەڵ شەیتان هەیە؟ باوەڕدارچ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ وە پەرستگای خودا چ ڕێکەوتنێکی لەگەڵ بتەکاندا هەیە؟ 16 چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، بەپێی ئەوەی خودا فەرموویەتی: « من لە نێوانیاندا دەژیم و لە نێوانیاندا دەڕۆم و دەبمە خودایان و ئەوانیش دەبنە گەلی من». 17 بۆیە « لەبەر ئەوە لە نێوانیان بڕۆنە دەرەوە، و بەجێیان بهێڵن»، پەروەردگار دەفەرموێت، «دەست لە شتە پیسەکان مەدەن، 18 ئینجا پەسەندتان دەکەم»، و«من دەبمە باوک بۆ ئێوە، ئێوەش دەبنە کوڕ و کچم»، ئەمانە پەروەردگاری هەرە بە توانا دەفەرموێت.