بەشی ٥

1 دڵ ڕەقانە سەرزەنشتی پیر مەکە، بەڵکو ئامۆژگاری بکە وەک ئەوەی باوکت بێت. گەنجان وەک ئەوەی برات بێت؛ 2 پیرەژنەکان وەک ئەوەی دایکت بن؛ کچە گەنجەکان وەک ئەوەی خوشکت بن، بە هەموو پاکییەکەوە. 3 ڕێز لەو بێوەژنانە بگرن ئەوانەی هیچ بژێوی ژیانیان نییە. 4 ئەگەر بێوەژن منداڵ یان نەوەى هەبوو، یەکێک لە ئەرکەکانی یەکەمیان فێربوونە کە ڕێز لە خێزانەکانیان بگرن و مافەکانی دایک و باوکیان بەجێبهێنن. ئەم کارە لە چاوی خودا پەسەند کراوە. 5 بەڵام ئەو بێوەژنەی بەتەنها دەژی و بژێوی ژیانیان نییە، بەتەنها هیوای بەخوا هەیە و شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نزاکردن. 6 بەڵام ئەوەی، بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. 7 پێویستە بەمانە ڕایانبسپێریت، بۆ ئەوەی هەمووان بێ گلەیی بن. 8 ئەگەر کەسێک گرنگی بە نزیکەکەی نەدات بەتایبەت خانەوادەکەی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە، وە لە بێباوەڕ خراپترە. 9 ناوی ئەو بێوەژنانە تۆمار بکرێت کە تەمەنیان گەیشتووەتە شەست ساڵ، بەمەرجێک هاوسەرگیریان لەگەڵ یەک پیاودا کردبێت. 10 دەبێت بە چاکەکار بناسرێت، و منداڵی پەروەردە کردبێت، پێشوازی لە کەسانی نامۆ کردبێت، پێی پیرۆزکراونی شۆردبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، هەموو کارێکی باشی ئەنجام دابێت! 11 بەڵام بێوەژنانی گەنج، تۆمار مەکەن. چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان پاڵنەریانە پشت لە مەسیح دەکەن، و هاوسەرگیری دەکەنەوە. 12 شایستەی تۆڵەسەندنەوە دەبن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە. 13 لە هەمان کاتدا خوو دەگرن بە بێکاری و ماڵان گەڕییەوە. بێکاری بۆ ئەوان بەس نییە، بەڵکو خۆیان تەرخان دەکەن بۆ قسە و قسەلۆک و شتگەلێک کە پەیوەندییان پێوەی نییە. 14 بۆیە دەمەوێت بێوەژنە گەنجەکان هاوسەرگیری بکەن، و منداڵیان ببێت، و ماڵەکەیان بەڕێوەببەن، و ڕێگە نەدەن ناحەزانیان ڕەخنە لە ڕەفتارەکانیان بگرن. 15 چونکە هەندێکیان بە ڕاستی لایانداوە و شوێن شەیتان کەوتوون. 16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک لەنێو کەسوکاری بێوەژنێک هەبوو با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەو بێوەژنانە بدات کە بەڕاستی هەژارن . 17 سەبارەت بەو پیرانەی کە لە ڕابەرایەتیدا باشن، با دوو هێندە ڕێزیان لێبگیرێت، بەتایبەت ئەوانەی هەوڵ دەدەن لە بڵاوکردنەوەی وشەکە و لە فێرکردن. 18 چونکە دەفەرموێت: «لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە»، چوونکە: «کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی». 19 تۆمەتێک کە ئاراستەی پیرێک دەکرێت پەسەند ناکرێت، ئەگەر دوو یان سێ شایەتحاڵ پشتگیری نەکات. 20 ئەگەر سەلمێندرا تۆمەتبار هەڵەیە، لەبەرچاوی هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی تر بترسن! 21 داواتان لێدەکەم لەبەردەم خودا و مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکاندا بەبێ ڕەچاوکردنی کەسەکان، بەپێی ئەم ڕاسپاردانە کاربکەن و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکەن. 22 بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ. بەشداری لە گوناهی کەسانی تردا مەکە. وە خۆت پاک ڕابگرە. 23 ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە. لە ئێستا بە دواوە شەرابیش بخۆ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی گەدەت و ئەو نەخۆشیەی کە زوو زوو بۆت دەگەڕێتەوە 24 کەسانێک هەن پێش دادگاییکردن گوناهەکانیان ڕوونە؛ هەندێک کەس هەن تا دوای دادگاییکردن گوناهەکانیان دەرناکەون. 25 بە بەراورد کردن، کارە چاکەکان پێشوەختە ڕوونن؛ ئەو کردەوانەی کە باش نین ناتوانن بە شاراوەیی بمێننەوە.