بەشی ٣

1 ئەم قسەیە ڕاستە ئەگەر یەکێک ئارەزوی لە چاودێری بێت چاوەڕێیە بۆ کاری چاک. 2 بۆیە شوان دەبێت بێ کەموکوڕی بێت، هاوسەرگیری لەگەڵ یەک ژندا کردبێت، و زیرەک و بەڕەوشت و میوان دۆست بێت، و توانای فێرکاری هەبێت؛ 3 مەشروب خۆر و توندوتیژ نەبێت؛ بەڵکو نەرم و نیان بێت، خووی بە شەڕ و ناکۆکییەوە نەگرتبێت، و حەزی لە پارە نەبێت، 4 خێزانەکەی بە باشی بەڕێوە ببات، وە منداڵەکانی بە گوێڕایەڵی و ڕێزەوە پەروەردە بکات. 5 ئەگەر کەسێک ماڵەکەی خۆی بە باشی بەڕێوە نەبات، چۆن گرنگی بە کڵێسای خودا دەدات؟ 6 هەروەها نابێت تازە بێت لە باوەڕ، نەک بە لووتبەرزی و خۆبەزلزانین، بکەوێتە ناو هەمان تاوانی شەیتان! 7 پێویستە شایەتحاڵی باشی هەبێت لەلایەن ئەوانەی دەرەوەی کڵێسا، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو شەرمەزاری و تەڵەی شەیتان. 8 سەبارەت بەوانەی خزمەتکارن، دەبێت هۆشیار بن، و دوو زمان، و ئالوودەی مەی نەبن، و بەدوای قازانجی خراپدا نەگەڕێن. 9 بە ویژدانێکی پاک دەست بگرن بە ڕاستیە شاراوەکانی باوەڕەوە. 10 هەروەها دەبێت سەرەتا خزمەتکارەکان تاقی بکرێنەوە، ئەگەر دەرکەوت هیچ سکاڵایەکیان لەسەر نییە، ئینجا دەبێت دەست بە خزمەتکردن بکەن. 11 بە هەمان شێوە ژنانیش دەبێت هۆشیار بن، بوختانکەر نەبن، و دڵسۆز بن، لە هەموو شتێکدا. 12 هەروەها پێویستە هەموو خزمەتکارێک مێردی یەک ژن بێت، و منداڵ و خێزانەکەی بە باشی بەڕێوە ببات. 13 ئەوانەی خزمەتکارن با کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن، پێگەیەکی باش و بوێرییەکی گەورە بۆ خۆیان بەدەست دەهێنن، بە باوەڕێکی چەسپاو بە یەشوای مەسیح! 14 ئەم ڕاسپاردانەتان بۆ دەنووسم، وە هیوادارم بە زووترین کات بێمە لاتان، 15 ئەگەر لە هاتنیشم دواکەوتم فێربە چۆن ڕەفتار بکەیت لە ماڵی خودا، واتە کڵێسای خودای زیندوو، پایە و پاڵپشتی ڕاستی. 16 هەمووان دان بەوەدا دەنێن، کە نهێنی خودا پەرستی مەزنە: خودا لە جەستەدا دەرکەوت، ڕاست و دروستی گیانەکە بینرا، فریشتەکان بینیان، لەنێو نەتەوەکان ڕاگەیندار، لە جیهاندا باوەڕی پێکرا، پاشان بە شکۆمەندی بەرزبۆوە.