بەشی ٢
1
پێش هەموو شتێک داواکارم، با نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت،
2
لە پێناو پاشاکان و دەسەڵاتداران، تاکو بە ئاشتی و هێمنی و لەخواترسی و ڕێزەوە بژین.
3
چونکە ئەم شتە لای خودای ڕزگارکەرمان باشە و جێگەی ڕەزامەندی ئەوە،
4
ئەو دەیەوێت هەموو مرۆڤەکان، ڕاستی بناسن و ڕزگاریان بێت،
5
چونکە خودا یەکە، و نێوان گیری خودا و مرۆڤیش یەکە، و ئەویش مەسیحی یەشوایە،
6
کە ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ هەمووان. ئەم شایەتییە لە کاتی خۆیدا درا،
7
منیش مزگێنیدەر و نێردراوی ئەوم، ڕاستی دەڵێم و درۆ ناکەم، مامۆستای باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.
8
لەبەر ئەوە دەمەوێت، پیاوان لە هەموو شوێنێک نزا بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە، و هیچ ڕق و گومانێک لەخۆ نەگرن.
9
هەروەها دەمەوێت، خانمان بە شایستە و جل و بەرگێکی داپۆشراو دەربکەون، و بە حەیا و ڕێزەوە خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە زێڕ و مرواری و جل و بەرگی گرانبەها،
10
بەڵکو وەک ئەوەی شایەنی ئەو ژنانەیە کە بە ئاشکرا دان بەوەدا دەنێن کە لە ترسی خودادا دەژین، لە ڕێگەی کردەوەی چاکیانەوە!
11
پێویستە ژنان بە بێدەنگی و بە گوێڕایەڵی تەواوەوە فێرکاری وەربگرن.
12
ڕێگە نادەم ژن فێری بکات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت. بەڵکو دەبێت لە هێمنیدا بێت.
13
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئادەم سەرەتا دروست بووە، پاشان حەوا:
14
ئەوە ئادەم نەبوو کە فریودرا (بە فریودانی شەیتان)، بەڵکو ژنەکە فریودرا، و کەوتە ناو گوناهەوە.
15
بەڵام بە منداڵ بوون ڕزگاری دەبێت، بە مەرجێک لە باوەڕدا بچەسپێن لە خۆشەویستی و پیرۆزیدا بمێننەوە!