بەشی ٢

1 چونکە، ئەی برایان، بزانن کە هاتنمان بۆ لای ئێوە بێهودە نەبوو. 2 هەرچەندە ئێمە لە شاری فیلیپی، ئازار و سووکایەتیمان بەسەردا هاتبوو، بەڵام هەروا کە دەزانن ئێمە لە خوداماندا بوێرین کە مزگێنیەکەی خوداتان پێ بڵێین لە ڕووبەڕوو بوونەوەی دژایەتییەکی بەهێزدا. 3 بانگەوازەکەمان لە گومڕایی و پیسییەوە نەهاتووە، تێکەڵ بە فێڵبازی نیە، 4 بەڵکوو ئێمە وەک کەسێک قسە دەکەین بە تاقیکردنەوەی خودا دەرکەوتووە کە شایەنی ئەوەین متمانەمان پێ بکرێت لە مزگێنیەکەدا، نە بۆ ڕازیکردنی خەڵکی بەڵکو بۆ ئەو خودایەی کە دڵەکانمان دەپشکنێت. 5 وەک ئێوەش دەزانن، ئێمە هەرگیز بە مەراییەوە قسەمان لەگەڵ ئێوە نەکردووە، نەمانکردووە بە بیانویەک بۆ چاوچنۆکی خودا شایەتە 6 هەوڵمان نەداوە شکۆمەندی لە خەڵکەوە بەدەست بهێنین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی تریش، 7 هەرچەندە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە وەک نێردراوی مەسیح خۆمان بەسەرتاندا بسەپێنین. بەڵام ئێمە لەگەڵ ئێوە نەرم و نیان بووین وەک دایکی شیردەر کە ئاگاداری منداڵەکانی دەبێت. 8 زۆر میهرەبان بووین لەگەڵتان، ڕەزامەند بووین نەک تەنها مزگێنیەکەی خودا بەڵکو خودی خۆشمان پێشکەشتان بکەین، چونکە ئێوە بۆ ئێمە خۆشەویستن. 9 لەبیرتان بێت، ئەی برایان، هەوڵ و ماندوبوونمان، کاتێک مزگێنیەکەی خودامان پێدان شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد بۆ ئەوەی نەبینە بارێکی گران لەسەر هیچ کام لە ئێوە. 10 ئێوە شایەتن، خوداش بینایە، کە ئێمە لە ناو ئێوەدا چۆن رەفتارمان کرد، ئێوەی باوەڕدار، بە پاکی و ڕاستگۆیی و دووربوون لە سەرکۆنە، 11 هەروا کە دەزانن وەک چۆن باوکێک مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانی دەکات هەروا لەگەڵتان رەفتارمان کردووە، بۆیە ئامۆژگاری هەر یەک لە ئێوەمان دەکرد و هانمان دەدان 12 و داوامان دەکرد بە شێوەیەک ڕەفتار بکەن کە شایەنی خودا بێت، ئەوەی کە بانگهێشتتان دەکات بۆ شانشین و شکۆمەندییەکەی. 13 هەر بۆیە ​​ئێمەش بەبێ وەستان سوپاسگوزاریمان بۆ خودا بەرز دەکەینەوە، چونکە کاتێک وشەی مزگێنییەکەتان لە خوداوە وەرگرت، وەک ئەوەی قسەی مرۆڤ بێت وەرتان نەگرت، بەڵکو وەک ئەوەی لە ڕاستیدا هەیە: بە وشەی خودای بزانن کە لە ئێوەی باوەڕدارایشدا کار دەکات. 14 چونکە، برایان، ئێوە لە کڵێساکانی خودا دەچن کە لە ناوچەی یەهودیان و لە یەشوای مەسیحدان. ئێوەش بەدەست گەلی خۆتانەوە ئازارتان چەشت هەمان ئازار کە ئەوان لە سەر دەستی یەهودییەکان چێشتیان 15 ئەوانەی پەروەردگار یەشوا و پێغەمبەرەکانیان کوشت و ئێمەشیان چەوساندەوە، ئەوان خودا رازی ناکەن و دوژمنایەتی هەموو خەڵکی دەکەن، 16 ڕێگریمان لێدەکەن مزگێنیەکە بە گەلان رابگەیەنین بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، بەم شێوەیە لە هەموو کاتێکدا بەردەوام دەبن لە گوناهەکانیان، بەڵام ئەوپەڕی تووڕەیی خودا دێتە سەریان. 17 بەڵام ئێمە، برایان، کە بۆ ماوەیەکی کورت لە ئێوە جیا بووینەوە، بە ڕووخسار نەک بە دڵ، هەوڵێکی زۆرمان دا بۆ بینینی ڕوخسارتان و لە ئەوپەڕی تامەزرۆیداین بۆ ئێوە. 18 هەر بۆیە بڕیارماندا بێینە لای ئێوە، بە تایبەت من پۆڵس جار لە دوای جار، بەڵام شەیتان ڕێگری لێکردین. 19 کەواتە هیوامان یان خۆشیمان یان تاجی شانازیکردنمان چیە لەبەردەم یەشوای پەروەردگارمان کاتێک دەگەڕێتەوە؟ ئایا ئێوە نین؟ بەڵێ، 20 بە دڵنیاییەوە بە ئێوە شانازی دەکەین و دڵخۆشین.