1 دوای ئەمانە یەشوا بە گەلیلیدا دەگەڕا، و نەیدەویست بە بەناو یەهودیا بگەڕی، چونکە یەهودیەکان دەیانویست بیکوژن. 2 کاتێک جەژنی کەپرەشینەی یەهودییەکان نزیک بۆوە، 3 براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، 4 هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ناوبانگ دەربکات. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت بۆ جیهان ئاشکراکە». 5 چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد. 6 یەشواوەڵامی دانەوە: «کاتی من هێشتا نەهاتووە، بەڵام کاتی ئێوە هەردەم گونجاوە. 7 جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان ببێتەوە، بەڵام ڕقی لە منە، چونکە من شایەتی لەسەر دەدەم کە کارەکانی خراپن. 8 ئێوە دەچن بۆ جەژن، بەڵام من ئێستا ناچمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتی من نەهاتووە». 9 ئەمانەی پێگوتن لە گەلیلی مایەوە. 10 کاتێک براکانی چوونە جەژنەکە، ئەویش ڕۆیشت بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بەنهێنی. 11 ڕابەرانی یەهود لە جەژنەکەدا، بەشوێنی دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو پیاوە لەکوێیە؟» 12 لەنێو خەڵکەکەدا مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر! بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات» 13 بەڵام کەس نەیدەوێرا بە ئاشکرا باسی بکات، لە ترسی یەهودیەکەکان. 14 کاتێک نیوەی جەژنەکە تێپەڕی، یەشوا چووە پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی. 15 یەهودییەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن لەبارەی ئەم پەرتووکە زانیارییەی هەیە؟» 16 یەشوا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نیە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی 17 ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم. 18 ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆمەندی بۆخۆی دەکات؛ بەڵام ئەوەی داوای شکۆمەندی ئەوە بکات کە ناردوویەتی ئەمە ڕاستگۆیە و ناڕەوایی تێدا نیە. 19 ئایا موشە تەوراتی پێنەداون؟ بەڵام کەس لە ئێوە کاری پێ ناکات!بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟» 20 خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: « خێوی تێدایە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟» 21 یەشوا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون لەڕۆژی شەبات. 22 موشە خەتەنەکردنی پێ سپاردوون هەرچەندە خەتەنەکردن بۆ موشە ناگەڕێتەوە لە موشەوە نەبووە بەڵکو لە باوکانەوەیە لەبەرئەوە یە مرۆڤ خەتەنە دەکەن گەر ڕۆژی شەباتیش بێت. 23 ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەبات خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موشە نەشکێت، بۆچی لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەبات سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ 24 بە ڕواڵەت داوەری مەکەن، بەڵکو دادێکی دادپەروەرانە بدەن». 25 لەبەر ئەوە هەندێک لە خەڵکی یورشەلایم دەیانگوت: «ئەمە نیە ئەوەی دەیانەوێت بیکوژن؟ 26 ئەوەتا بە ئاشکرا قسە دەکات و هیچی پێ ناڵێن. ئایا سەرۆکەکان بەڕاستی بۆیان دەرنەکەوتووە کە ئەمە مەسیحەکەیە؟ 27 کاتێک مەسیحەکە دێت کەس نازانێت لە کوێوە دێت، بەڵام ئێمە بنەچەی دەزانین!» 28 یەشوا لە پەرستگا بەردەوام بوو، لەسەر فێرکردنی خەڵکی و هاواری دەکرد، دەیفەرموو: « ئێوە دەمناسن و دەزانن هی کوێم! لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵام ئەوەی منی ناردووە ڕاستە، ئێوە نایناسن. 29 بەڵام من دەیناسم، چونکە لە ئەوم و ئەویش منی ناردووە». 30 لەبەر ئەوە هەوڵیان دەدا بیگرن، بەڵام کەس دەستی بۆ درێژ نەکرد، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 31 زۆر لە خەڵکەکەش باوەڕیان پێی هێنا، و گوتیان: «ئایا کاتێک مەسیحەکە، دێت، پەڕجووی زیاتر دەکات لەوەی ئەم کردوویەتی؟» 32 فەریسییەکان گوێیان لێبوو کە خەڵکەکە لەبارەی یەشواوە چرپەچرپ دەکەن، کاهینانی باڵا و فەریسییەکان پاسەوانیان نارد تاوکو بیگرن. 33 یەشوا پێی گوتن: «ماوەیەکی کەمم لەگەڵتان ماوە، ئینجا دەچمەوە لای ئەوەی ناردوومی. 34 بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە، هەروەها ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم». 35 ئیتر یەهودییەکان لەنێو خۆیاندا پرسیاریان دەکرد: «ئەمە بە نیازە بۆ کوێ بڕوات کە ناتوانین بیدۆزینەوە؟ ئایا بۆ شارە یۆنانییەکان دەڕوات، کە یەهودیەکانی، تێدا بڵاو بۆتەوە تاکو یۆنانییەکان فێر بکات؟ 36 مەبەستی لەم قسەیە چییە : داوام دەکەن بەڵام نامدۆزنەوە، و ناتوانن بێن بۆ ئەو شوێنەی من لێی دەبم؟» 37 لە گەورەترین کۆتا ڕۆژی جەژندا، یەشوا ڕاوەستا و دەنگی بەرز گوتی: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38 وەک لەپەرتوکەکەدا هاتوە، ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت لە ناخییەوە ڕووبارەکانی ئاوی ژیان دەڕوات». 39 یەشوا ئەمەی گوت مەبەستی لە گیانی پیرۆز بوو کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن. بەڵام هێشتا گیانی پیرۆز نەدرابوو چونکە یەشوا شکۆمەند نەببوو. 40 ئامادەبوان کە گوێیان لەم قسانە بوو، گوتیان: «ئەمە بە ڕاستی پێغەمبەرەکەیە». 41 هەندێکی دیکە گوتیان: «ئەمە مەسیحەکەیە». بەڵام هەندێک گوتیان: «ئایا مەسیحەکە لە گەلیلی دەردەکەوێت؟ 42 ئایا پەرتووکەکە نافەرمووێت کە مەسیحەکە لە ڕەچەڵەکی داڤید، و لە بێت لەخمەوە دێت، ئەو گوندەی کە داڤیدی لێبوو؟» 43 بۆیە بەهۆی ئەوەوە دووبەرەکی کەوتە نێوان خەڵکەکە. 44 هەندێک لەوان ویستیان بیگرن؛ بەڵام کەس دەستی بۆ نەبرد. 45 پاسەوانەکان گەڕانەوە لای سەرۆکی کاهینەکان و فەریسییەکان، ئەوانیش لێیان پرسین: «بۆچی نەتانهێنا؟» 46 وەڵامیان دایەوە: «هەرگیز کەس وەک ئەمە قسەی نەکردووە!» 47 بەتوڕەیی وڵامیان دانەوە: «ئایا ئێوەش گومڕا بوون؟ 48 باشە کەست دیوە لە سەرۆکەکان یان فەریسییەکان باوەڕی پێ هێنابێت؟ 49 تەنها ئەم خەڵکانە نەبێت کە لە تەورات نازانن نەفرەتیان لێبێت!» 50 نیکۆدیمۆس یەکێک بوو لەوان، کە پێشتر بەشەو هاتبووە لای یەشوا، 51 پێیگوتن: «پێت وایە تەوراتمان داوەری یەکێک بکات پێش ئەوەی گوێی لێ بگرێت و بزانرێت تاوانەکەی چیە؟» 52 وەڵامیان دایەوە: «تۆش گەلیلیت؟ پەرتوکەکە بخوێنەوە بزانە کە هیچ پێغەمبەرێک لە گەلیلی دەرناکەوێت!» 53 ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی.