بەشی ١٠

1 «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی لە دەرگاوە نەچێتە ناو گەوڕی مەڕەکان بەڵکو بە ڕێگایەکی دیکەدا بۆی سەربکەوێت، ئەوە دز و جەردەیە. 2 بەڵام ئەوەی لە دەرگاوە بچێتە ژوورەوە ئەوە شوانی مەڕەکانە، 3 دەرگاوانیش دەرگاکەی لێ دەکاتەوە، مەڕەکانیش گوێ لە دەنگی دەگرن، بە ناو بانگی مەڕەکانی خۆی دەکات، و دەیانباتە دەرەوەی گەوڕەکە. 4 کاتێک هەموو ئەوانەی خۆی هێنایە دەرەوە، لەپێشیانەوە دەڕوات، و ئەوانیش شوێنی دەکەون، چونکە دەنگی دەناسنەوە. 5 هەرگیز شوێنی کەسیێکی نامۆ ناکەون، بەڵکو لێی هەڵدێن، چونکە دەنگی نامۆکان ناناسن». 6 یەشوا ئەم نموونەیەی بۆ گێڕانەوە، بەڵام ئەوان لە مەبەستی وتەکانی نەگەیشتن. 7 دیسانەوە فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: منم دەرگای مەڕەکان. 8 هەموو ئەوانەی پێش من هاتوون دز و جەردە بوون، بەڵام مەڕەکان گوێیان لێ نەگرتن. 9 من دەرگاکەم. ئەوەی لە منەوە بڕواتە ژوورەوە ڕزگاری دەبێت، دێتە ژوورەوە و دەچێتە دەرەوە و لەوەڕگا دەدۆزێتەوە. 10 دز نایەت بۆ دزین و کوشتن و لەناوبردن نەبێت. بەڵام من هاتووم تاکو ئەوان ژیانیان هەبێت، ژیانێکی تێرو پڕ! 11 «منم شوانە چاکەکە. شوانی چاک ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دەبەخشێت. 12 بەکرێگیراویش وەک شوانی مەڕەکان نیە، ومەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و خۆی قوتاردەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. 13 کابرا ڕادەکات چونکە بەکرێگیراوە و خەمی مەڕەکانی نیە! 14 من ئەوم شوانە چاکەکە، مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، 15 هەروەک چۆن باوک دەمناسێت منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکانم دەبەخشم. 16 هەروەها مەڕی دیکەم هەیە کە سەربەم لەوڕگایە نین، دەبێت ئەوانیش کۆکەمەوە، گوێیان لە دەنگم دەبێت؛ جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. 17 لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت چونکە ژیانی خۆم دەبەخشم تاکو وەریبگرمەوە. 18 کەس ژیانم لێ ناستێنێت، بەڵکو خۆم دەیبەخشم. دەسەڵاتم هەیە بیبەخشم و دەسەڵاتم هەیە بیگەڕێنمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە». 19 یەهوودییەکان بونە دووبەش لەبارەی ئەم قسانەوە. 20 زۆرێک لەوان گوتیان: «شەیتان تیدایەو وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟» 21 هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی کەسێک نیە کە ئیبلیسی تێدابێت. ئایا ئیبڵیس دەتوانێت چاوی نابیناێک بکاتەوە؟» 22 وە لە کاتی ئاهەنگ بەبۆنەی نوێکردنەوەی پەرستگاکەدا، لە وەرزی زستاندا، 23 یەشوا لە پەرستگا لەناو هۆڵی شلۆمۆ پیاسەی دەکرد. 24 یەهودیەکان لەدەوری کۆبوونەوە و پێیان گوت: «هەتا کەی لە گومان دەمانهێڵیتەوە؟ ئەگەر تۆ مەسیحەکەیت، بە ڕاشکاوی پێمان بڵێ». 25 یەشوا وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن، بەڵام باوەڕ ناکەن. ئەو کارانەی بە ناوی باوکمەوە دەیکەم، شایەتیم بۆ دەدەن. 26 بەڵام ئێوە باوەڕم پێ ناکەن چونکە لە مەڕەکانم نین. 27 مەڕەکانم گوێ لە دەنگم دەگرن، منیش دەیانناسم و ئەوانیش بەدوام دەکەون، 28 ژیانی هەتاهەتاییان دەدەمێ، و هەرگیز لەناو ناچن، کەسیش لە دەستم نایانڕفێنێت. 29 ئەوباوکەی کە بە منی داون لە هەمووان مەزنترە، کەس ناتوانێت لە دەستی باوکم هیچ شتێک بڕفێنێت. 30 من و باوک یەکین!» 31 یەهودیەکان، دووبارە، بەردیان هەڵگرت تاکو بەردە بارانی بکەن. 32 یەشوا پێی فەرموون: «زۆر کاری چاکم لەلایەن باوکمەوە پیشاندان، بەهۆی کامیانەوە بەردبارانم دەکەن؟» 33 وەڵامیان دایەوە: «لەبەر هیج کارێکی چاک بەردبارانت ناکەین، بەڵکو بەهۆی کوفرکردنتەوە: چونکە تۆ مرۆڤیت، و خۆت دەکەیت بە خودا!» 34 یەشوا پێی فەرموون: ‏«ئایا لە تەوڕاتەکەتان نەنووسراوە: من پێم گوتن: ئێوە خوداوەندەکانن؟ 35 ئەگەر تەوڕاتەکە ئەوانە بە خوداوەندەکان بانگ بکات کە وشەی خودایان بۆ هاتووەتە خوارەوە ناکرێت پەرتوکەکەش هەڵبوەشێتەوە 36 ئایا بەوە دەڵێن کە باوک دەسنیشانی کردوە و ناردوویەتی بۆ جیهان: تۆ کفر دەکەیت، چونکە گوتم: من ڕۆڵەی خودام؟ 37 ئەگەر کارەکانی باوکم ئەنجام نەدەم، باوەڕم پێ مەکەن. 38 بەڵام ئەگەر ئەو کارانە ئەنجام بدەم، هەرچەندە باوەڕیشم پێ ناکەن، باوەڕ بەو کارانە بکەن تاکو بزانن و تێبگەن کە باوک لە مندایە و منیش لە باوکدام». 39 دووبارە ویستیان بیگرن، بەڵام لە دەستیان دەربازی بوو، 40 ئینجا رۆیشتە ئەوبەری ڕووباری ئەردەن، لەوێ نیشتەجێ بوو، ئەو شوێنەی کە یۆخەنان خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا. 41 خەڵکێکی زۆر هاتنە لای و دەیانگوت: «یۆخەنان یەک پەرجووی نەکرد، بەڵام هەرچی دەربارەی ئەم پیاوە گوتی ڕاست بوو!» 42 لەوێ خەڵکێکی زۆر باوەڕیان پێهێنا.