بەشی ١

1 لە پۆڵسەوە، کە لە پێناو یەشوای مەسیحدا بەندکراوە، وە لە تیمۆساوسی برامانەوە، بۆ فلیمۆنی خۆشەویست و هاوبەشمان لە کارکردن، 2 بۆ خوشکە ئەپفییە، و ئەرخیپۆس کە هاوڕێمانە لە سەربازیدا، بۆ ئەو کڵێسایەی کە لە ماڵەکەتدایە. 3 با ئاشتی و بەخشش لە خودای باوکمان و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح بۆئێوە بێت! 4 هەمیشە سوپاسی خودای خۆم دەکەم، کە بەردەوام لە نزاکانمدا یادت دەکەمەوە، 5 چونکە خۆشەویستی و دڵسۆزی تۆم بیستووە بۆ یەشوای پەروەردگار، و هەروەها بۆ هەموو پیرۆزکراوان، 6 داواکارین کە بەشداریکردنتان لە باوەڕدا لەگەڵ ئێمە کاریگەر بێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی درک بە هەموو چاکەکارییەکانی ناو ئێمە بکەن لە پێناو مەسیحدا. 7 ئەی برا، بۆمن شادیەکی زۆربوو وە هاندرام، و بەهۆی باشی تۆوە سۆزی پیرۆزکراوان ژیایەوە! 8 بۆیە، هەرچەندە من مافی تەواوم هەیە لە مەسیحدا فەرمانت پێبدەم ئەوەی پێویستە بیکەیت، 9 بەڵام، لەبەر ڕێزی خۆشەویستی، هەڵمبژارد داواکارییەک پێشکەشی تۆ بکەم، منی پۆڵسی پیر و ئێستا بەندکراو لە پێناو یەشوای مەسیح. 10 منی کۆت و بەندکراو لێت دەپاڕێمەوە لەپێناو منداڵەکەم ئۆنسیمۆسی کوڕم، کاتێ کە لە زیندان بووم لە دایک بووە، 11 ئەوەی پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆش هەیە. 12 ئەو بۆلات دەنێرمەوە، وەک ئەوەی پارچەیەک لە جگەرم بێت! 13 پێمخۆش بوو لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتم بکات، لە کۆت وبەندی مزگێنیەکەدا. 14 بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندی، تۆهیچ کارێک بکەم، تاکو ئەو چاکەیەت بەڕەزامەندی بێت نەک بە ناچاری. 15 لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەکی کورت لێت دوورکەوتەوە: تاکو بۆ هەتاهەتایە ببێتەوە هی خۆت، 16 ئیتر کۆیلە نییە، بەڵکو چاکترە لە کۆیلە، برایەکی خۆشەویستە، بە تایبەتی بۆ من، ئاخۆ چەندە زیاتر دەبێت بۆ تۆ، چ لەجەستە و چ لە پەروەردگاردا؟ 17 ئەگەر من بە هاوبەشی خۆت دەزانی، وەک ئەوەی من بم وەریبگرە. 18 ئەگەر بە هەر شێوەیەک ستەمی لێکردوویت، یان بە شتێک قەرزداری تۆیە، کەواتە ئەوە بە قەرزێک بزانە لە سەر من. 19 ئەوەتا من پۆڵس بە دەست نووسی خۆم ئەمەم نووسیوە: من ئەتدەمەوە. نامەوێ بیرت بهێنمەوە کە تۆ خۆت قەرزداری منی. 20 بەڵێ، ئەی برا، داوات لێدەکەم بەم بەخششە لە پەروەردگاردا، سوودمەندم بکەیت: سۆزەکانم لە مەسیحدا بژیێنەوە 21 بەو پێیەی متمانەم بە گوێڕایەڵی تۆ هەبوو، بۆیە ئەم نامەیەم بۆت نووسی، دەمزانی تۆش لەمە زیاتر دەکەیت کە من داوای دەکەم. 22 جگە لەمەش شوێنێکم بۆ ئامادە بکە تا لەگەڵتان بمێنمەوە، چونکە هیوادارم بە ئێوە شاد ببمەوە وەک وەڵامێک بۆ نزاکانتان. 23 ئیپافراس، هاوزیندانم لە یەشوای مەسیحدا، سڵاوت لێدەکات. 24 هەروەها مارکۆس، و ئەریستارخۆس، و دیماس، و لۆکاس، کە هاوڕێمن لەکارکردن. 25 با بەخششی یەشوای مەسیحی پەروەردگار لەگەڵ گیانتان بێت!