بەشی ١

1 ئەمە سەرەتای مزگێنی یەشوای مەسیحی ڕۆڵەی خودایە: 2 هەروەک چۆن لە پەرتووکی ئیشایا نووسراوە : « من نێردراوی خۆم لە پێشتەوە دەنێرم ئەوەی رێگات بۆ ئامادە دەکات؛ 3 کەسێک لە چۆڵەوانی بانگەواز دەکات: رێگا بۆ هاتنی پەروەردگار ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن!» 4 یۆخەنانی لە ئاوهەڵکێش لە بیاباندا دەرکەوت بانگی بۆ لەئاوهەڵکێشان دەکرد بۆ لێخۆشبون و پاشگەزبوونەوە لە گوناهەکانیان. 5 خەڵکی هەموو گوندەکانی یەهودیا و هەموو یورشەلایم دەهاتنە لای، دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئەردەن لە ئاو هەڵدەکێشران. 6 یۆخەنان ئەو جلوبەرگەی لە بەری دەکرد لە موی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناو قەدی دەبەست، کولە و هەنگوینی کێوی دەخوارد. 7 ئامۆژگاری دەکردن و دەیگوت: « لەدوای من کەسێک دێت زۆر لە من بەتواناترە، تەنانەت من شایەنی ئەوە نیم دابنەوێمەوە قەیتانی پێڵاوەکانی بۆ بکەمەوە. 8 من لە ئاوتان هەڵدەکێشم؛ بەڵام ئەو لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت». 9 لەو ڕۆژانەدا یەشوا لە ناسیرەوە هات کە سەر بە ناوچەی گەلیلییە، لە ڕوباری ئەردەن لەسەردەستی یۆخەنان لە ئاو هەڵکێشرا. 10 هەرکە یەشوا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە، بینی ئاسمان کرایەوە، گیانی پیرۆز هەروەک کۆترێک دابەزیە سەری، 11 دەنگێکیش لە ئاسمانەکانەوە هات:« تۆ ڕۆڵەی خۆشەویستی منی بە تۆ زۆر خۆشحاڵم!» 12 لەو کاتەدا گیان یەشوای برد بۆ چۆڵەوانی، 13 چل ڕۆژ لەوێ مایەوە شەیتان لەوێ تاقی دەکردەوە. لەو کاتەدا کە لە ناو گیانلەبەراندا بوو فریشتەکان خزمەتیان دەکرد. 14 دوای دەستگیرکردنی یۆخەنان، یەشوا هاتە ناوچەی گەلیلی، و مزگێنی خودای ڕاگەیاند دەی فەرموو: 15 « کاتەکە هاتۆتە دی و پاشایەتی خودا نزیک بۆتەوە. پاشگەز ببنەوە باوەڕ بەم مزگێنیە بهێنن!» 16 کاتێک یەشوا بە کەناری دەریاچەی گەلیلیدا دەرۆیشت، شیمۆن و ئاندریای برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە ناو دەریاچەکە، چونکە ڕاوچی بوون. 17 یەشوا پێی فەرموون: « وەرن شوێنم بکەون، دەتانکەمە ڕاوکەری مرۆڤ!» 18 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و شوێنی کەوتن. 19 ئینجا کەمێک دوورکەوتەوە، یاکۆڤی کوڕی زەڤدی و یۆخەنای برای بینی لە ناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە، 20 لەوکاتەدا بانگی کردن، ئەوانیش زەڤدی باوکیان لەگەڵ کرێکارەکانی ناو بەلەمەکە بەجێهێشت و شوێنی کەوتن. 21 پاشان ڕۆیشتن بۆ شاری کەفەرناخوم. چوونە ناوشارەکە، و لە ڕۆژی شەباتدا، چووە کەنیشتە و دەستی کرد بەفێرکردنیان. 22 ئامادەبووان لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە بە دەسەڵاتەوە فێری دەکردن نەک وەکو مامۆستایانی تەورات. 23 لە کەنیشتەکەیاندا کەسێکی لێبوو گیانی پیسی تێدا بوو، لەپڕ هاواری کرد 24 گوتی: « یەشوای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێی. پیرۆزەکەی خودایت!» 25 یەشوا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: « بێدەنگ بە لێی وەرە دەرەوە!» 26 گیانە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێناو، بە دەنگی بەرز هاواری کرد، و لێی هاتە دەرەوە. 27 هەموو سەرسام بوون و لە یەکیان پرسی: « ئەمە چیە؟ فێرکردنێکی نوێیە، بەدەسەڵاتەوە فەرمان بە گیانە پیسەکانیش دەداو گوێڕایەڵی دەبن!» 28 یەکسەر ناوبانگی یەشوا بە هەموو ناوچەی دەورووبەری گەلیلیدا بڵاو بۆوە. 29 لەوکاتەدا کەنیشتەکەیان بەجێهێشت، چوونە ماڵی شیمۆن و ئاندریا، یاکوڤ ویۆخەناشیان لەگەڵ بوو. 30 خەسوی شیمۆن لەناو جێگەدا کەوتبوو، تای هەبوو. لەوکاتەدا بە یەشوایان ڕاگەیاند. 31 ئەویش هات لێی نزیک بۆوە، دەستی گرت و هەڵیستاند. هەرلەو کاتەدا تایەکە بەریدا، ئەویش هەستاو دەستی کرد بە خزمەت کردنیان. 32 ئێوارە درەنگان لە پاش ڕۆژ ئاوا بوون، هەموو خەڵکی لەلای کۆبوونەوە وئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە گیانی پیسیان تێدا بوو، 33 هەموو دانیشتوانی شارەکە لە بەر دەرگا کۆبوونەوە. 34 ژمارەیەکی زۆرنەخۆشی بەجۆرەها دەردەوە چاک کردەوە، و زۆر خێوی دەرکرد و رێگای نەدا بە خێوەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە. 35 لە بەرەبەیانی ڕۆژی دواتردا کە هێشتا تاریک بوو هەستا، چووە جێگایەکی چۆل و لەوێ دەستی بە نزا کرد. 36 شیمۆن و هاورێکانی بە شوێنیدا گەڕان. کاتێک دۆزیانەوە پێیانگوت: 37 «هەموویان داواتدەکەن!» 38 یەشوا پێی فەرموون: « وەرن با برۆین بۆ گوندەکانی دەورووبەر تاکوو لەوێش مزگێنی بدەم. چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.» 39 ئینجا رۆیشت و لە هەموو کەنیشتەکانی گەلیلی مزگێنی دا، و خێوی دەردەکرد. 40 پیاوێک هاتە لای نەخۆشی گولی هەبوو لێی پارایەوە. لەبەردەمی چۆکی دادا و پێی گوت: « ئەگەربتەوێت دەتوانی پاکم بکەیتەوە!» 41 یەشوا بەزەیی پێداهاتەوە و دەستی درێژ کرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» 42 هەر کە قسەی کرد دەستبەجێ پاک بۆوە. 43 دوای ئەوەی کە یەشوا پیاوەکەی بە توندی ئاگادار کردەوە و بەڕێی کرد 44 پێی فەرموو: « ئاگادار بە! هیچ شتێک بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە، بۆ پاک بوونەوەکەت ئەو قوربانیەی موشە فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتیەک بۆیان!» 45 بەڵام ئەو، رۆیشت و دەستی بە جاڕدان و بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە کرد، لەبەرئەوەی یەشوا نەیتوانی بە ئاشکرا بچێتە ناوهیچ شارێک، بەڵکو لە دەرەوە لە شوێنە چۆڵەکاندابوو، خەڵکیش لە هەموو لایەکەوە دەهاتنە لای.