بەشی ٩
1
پاشان یەشوا سواری بەلەمەکە بوو، و لە دەریاچەکە گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی (کەفەرناخوم)،
2
کەسێکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو. کاتێک یەشوا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم! دڵنیابە گوناهەکانت بەخشران»
3
جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کوفر دەکات!»
4
یەشواش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟
5
کامیان ئاسانترە: بگوترێت: گوناهەکانت بەخشران، یان بگوترێت: هەستە و بڕۆ؟
6
بەڵام (ئەمەم گوت) بۆ ئەوەی بزانن کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەسەڵاتی لەسەر زەوی هەیە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهەکان». پاشان بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە نوێنەکەت هەڵبگرە، و بڕۆ ماڵەوە!»
7
بۆیە هەستا و چۆوە ماڵی خۆی.
8
کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن، و ستایشی خودایان کرد کە دەسەڵاتی ئاوای بە خەڵکداوە.
9
کاتێک یەشوا بەلای فەرمانگەی وەرگرتنی باجدا تێدەپەڕی، باج وەرگرێکی بینی بە ناوی مەتا لەوێ دانیشتبوو. پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» بۆیە هەستا و بەدوایدا ڕۆیشت.
10
لە کاتێکدا یەشوا لە ماڵی مەتا پاڵیدابۆوە، زۆرێک لە باجگرەکان و گوناهبارەکان هاتن و لەگەڵ یەشوا و قوتابییەکانی دانیشتن،
11
کاتێک فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگران و گوناهباران نان دەخوات؟»
12
کاتێک یەشوا گوێی لە قسەکانیان بوو، فەرمووی: لەش ساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش!
13
بڕۆ مانای ئەو وتەیە فێربە: من بەدوای بەزەیدا دەگەڕێم نەک قوربانی. چونکە من نەهاتووم بانگی ڕاستودروستەکان بکەم بەڵکو گوناهباران! »
14
پاشان قوتابییەکانی یۆخەنان هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟»
15
یەشوا پێی فەرموون: «ئایا کەسانی زاوا دەتوانن ماتەمینی بگێڕێن لەکاتێکدا زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام، ڕۆژانێک دێن کە زاوا هەڵدەگیرێت لەنێوانیان، و ئەوکاتە بەڕۆژوو دەبن!
16
کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە تازەیە پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت، و دڕاوییەکە خراپتر دەکات!
17
خەڵک شەرابی نوێ ناکەنە ناو پێستەی شەرابی کۆن؛ ئەگەرنا پێستەکان دەتەقن، و شەرابەکە دەڕژێت و پێستەکان لەناو دەبەن، بەڵام شەرابی نوێ دەخەنە ناو پێستی نوێ، بۆیە شەرابەکە و پێستەکان پێکەوە دەپارێزێت!»
18
کاتێک ئەو ئەمەی دەفەرموو، بینی سەرۆکی کەنییشتەکە هاتە پێشەوە و کڕنۆشی بۆبرد و گوتی.
19
«کچەکەم ئێستا مردووە. بەڵام وەرە دەستی لێبدە زیندوو دەبێتەوە» بۆیە یەشوا هەستا و بەدوایدا ڕۆیشت، لەگەڵ قوتابییەکانی.
20
ژنێک کە دوازدە ساڵ خوێن بەربوونی هەبوو، لە دواوە هاتە لای، و دەستی لە لێواری کەواکەیدا،
21
چونکە لە دڵی خۆیدا وتی: «بەسە بۆ من دەست لە جلەکانیشی بدەم بۆ ئەوەی چاک ببمەوە!»
22
یەشوا ئاوڕی دایەوە و بینی، و فەرمووی: «کچەکەم دڵنیابە. باوەڕەکەت چاکی کردیتەوە!» ژنەکەش لەو کاتەدا چاک بۆوە.
23
کاتێک یەشوا چووە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکە، و خەڵکەکەی بینی بە شمشاڵ لێدان ماتەمیان دەگێڕا،
24
فەرمووی: «لاچن! کچەکە نەمردووە، بەڵکو خەوتووە!» ئەوانیش پێی پێکەنین.
25
کاتێک خەڵکەکەی ناردە دەرەوە، چووە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، و هەڵیستاندەوە.
26
ئەم هەواڵەش بە هەموو وڵاتدا بڵاوبۆوە.
27
کاتێک یەشوا لەوێوە دەڕۆیشت، دوو کوێر بەدوایدا ڕۆیشتن و هاواریان دەکرد: «بەزەییت پێماندا بێتەوە کوڕی داڤید!»
28
کاتێک چووە ناو ماڵەکە لێیان چۆپێش. یەشوا لێی پرسین: «باوەڕتان وایە کە من دەتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم!»
29
دەستی لە چاوەکانیاندا و فەرمووی: «بەپێی باوەڕتان بۆتان دەکرێت.»
30
پاشان چاویان کرایەوە. یەشواش بە توندی ئاگاداری کردنەوە و فەرمووی: «ئاگاداربن! بەهیچ کەس مەڵێن!»
31
بەڵام چوون و ناوبانگی ئەویان بە هەموو ئەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە.
32
کاتێک ڕۆیشتن، یەکێکی لاڵیان هێنایە لای کە خێوی تێدا بوو.
33
کاتێک خێوەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. جەماوەرەکە سەریان سوڕما و گوتیان: «هەرگیز لە یەسرائیل شتێکی لەم شێوەیە نەبینراوە».
34
بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «ئەو خێوەکان بە سەرۆکی خێوەکان دەردەکات! »
35
یەشوا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، و لە کەنیشتی یەهودیەکان فێرکاری دەکرد و مزگێنی شانشینەکەی دەدا، و هەموو نەخۆشی و دەردەکانی چاک دەکردەوە.
36
کاتێک خەڵکەکەی بینی، بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە ئازاردراو پەرتەوازە بوون وەک مەڕی بێ شوان.
37
لەو کاتەدا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، کرێکارەکانیش کەمن.
38
جا داوا لە پەروەردگاری دروێنە بکەن کە کرێکاران بنێرێت بۆ دروێنەکردنی!»