بەشی ٨

1 کاتێک لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر شوێنی کەوتن. 2 ئینجا پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە!» 3 دەستی درێژ کرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەست بەجێ لە گولی پاک بۆوە. 4 پاشان یەشوا پێی فەرموو: «ئاگاداربە! بە کەس مەڵێ، تەنها بچۆ بۆ لای کاهین تا بتبینێت، ئەو قوربانییە پێشکەش بکە کە موشە فەرمانی پێ کردووە وەک شایەتحاڵیەک بۆیان!» 5 کاتێک یەشوا چووە ناو شاری کەفەرناخوم، سەرپەلێک هاتە لای لێی پاڕایەوە 6 گوتی: «گەورەم! خزمەتکارەکەم ئیفلیجە و لەناو پێخەفدا لە ماڵەوە کەوتووە، و ئازارێکی زۆری هەیە». 7 یەشوا پێی فەرموو: «دێم چاکی دەکەمەوە!» 8 سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم. بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە. 9 چونکە منیش خۆم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر فەرماندایە؛ بە یەکێک دەڵێم: بڕۆ! دەڕوات، بەوی دیکەش دەڵێم: وەرە! دێت، بە خزمەتکارەکەم دەڵێم: ئەمە بکە! دەیکات». 10 کاتێک یەشوا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو بەوانەی فەرموو کە دوای کەوتبوون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: تەنانەت لە یەسرائیلدا باوەڕێکی ئاوا مەزنم نەدۆزیوەتەوە! 11 پێتان دەڵێم: کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئەڤراهام و یتساخ و یاکۆڤ لە شانشینی ئاسمانەکاندا دادەنیشن. 12 بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین، فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت!» 13 پاشان یەشوا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ، با هەروەک باوەڕت هێنا بۆت ببێت!» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بۆوە. 14 یەشوا هاتە ماڵی پەترۆ، خەسووی پەترۆی بینی تای هەیە لەناو جێ کەوتووە. 15 دەستی لە دەستیدا، و تایەکە بەریدا، ئەویش هەستایەوە و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان. 16 کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان هێنا بۆ لای کە خێو دەستی بەسەریاندا گرتبوو. ئەویش بە وشەیەک خێوەکانی دەرکرد. و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە، 17 بۆ ئەوەی پێشبینیەکەی پێغەمبەر ئیشایا بێتەدی کە دەڵێت: «ئەو دەردەکانی ئێمەی برد، و نەخۆشییەکانمانی هەڵگرت» . 18 کاتێک یەشوا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی بە قوتابییەکانیدا کە بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. 19 مامۆستایەکی تەورات هاتە لای و پێی گوت: «مامۆستا، بۆ هەرکوێ بچیت شوێنت دەکەوم!» 20 یەشواش پێی فەرموو: «ڕێوی حەشارگەی هەیە، و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە؛ بەڵام ڕۆڵەی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت». 21 یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگەم بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم!» 22 بەڵام یەشوا پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن!» 23 کاتێک سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی شوێنی کەوتن. 24 لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە لووش بدەن. لەو کاتەدا ئەو نوستبوو. 25 ئینجا قوتابییەکانی هەڵیانستاند و گوتیان: «گەورەم ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!» 26 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە ئارامییەکی تەواو. 27 خەڵکەکە سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کێیە، تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن؟». 28 کاتێک یەشوا گەیشتە ئەوبەری دەریاچەکە، لە هەرێمی گەدەرین، دوو پیاوی تووش بوو کە خێو دەستی بەسەرداگرتبوون، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە، بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. 29 لە ناکاو هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ ئەی یەشوای ڕۆڵەی خودا؟ ئایا پێشوەخت بۆ ئێرە هاتوویت تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟» 30 لە دووری ئەوانەوە ڕەوە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕاند، 31 خێوەکان لێی پاڕانەوە و گوتیان: «مادام دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو رەوەبەرازەکە». 32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش لە دوو کەسەکە هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕەوە بەرازەکە بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران، و لە ئاوەکەدا خنکان. 33 بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار، و هەموو ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو، کە خێو دەستی بەسەریاندا گرتبوو. 34 ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی یەشوا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە ناوچەکەیان بەجێبهێڵێت.