بەشی ٣

1 هەر لەو ڕۆژانەدا، یۆخەنانی لەئاوهەڵکێش لە دەشتی یەهودیا مژدەی دەدا 2 دەیگوت: «پاشگەز ببنەوە، چونکە پاشایەتی ئاسمانەکان نزیک بۆتەوە!» 3 یۆخەنان ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە دەڵێت: « کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ڕێگا بۆ هاتنی پەروەردگار ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن!» 4 جلوبەرگی یۆخەنان لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەد دەبەست، خواردنیشی کولە و هەنگوینی کێوی بوو. 5 لەو کاتەدا هەموو دانیشتووانی یۆرشەلایم و یەهودیا و هەموو ناوچەی ئەردەن چوونە لای؛ 6 دوای داننان بە گوناهەکانیاندا لە سەردەستی ئەو لە ڕووباری ئەردەن لە ئاو هەڵدەکێشران. 7 کە بینی زۆر لە فەریسی و سەدوکیمەکان بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست ئەو تووڕەییە هەڵبێن کە دێت؟ 8 بۆیە بەرهەمێکی شایستەی پاشگەز بوونەوە بەرهەم بهێنن. 9 بیر لەوە مەکەنەوە بەخۆتان بڵێن: ئەڤراهام باوکمانە! پێتان دەڵێم: خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئەڤراهام هەستێنێتەوە. 10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە. 11 من بۆ پاشگەزبوونەوە لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت لە من بە هێزترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ئاگر و لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت، 12 ئەو شەنی خۆی بە دەستەوەیە، و خەرمانەکەی پاک دەکاتەوە: و گەنمەکە کۆدەکاتەوە لە ناو کۆگا هەڵی دەگرێت، سەبارەت بە کایەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت!» 13 پاشان یەشوا لە ناوچەی گەلیلی هاتە سەر ڕووباری ئەردەن، کە یۆخەنانی لێبوو تاوەکو لەلایەن ئەوەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یۆخەنان دەیویست رێگری لێبکات و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لە لایەن تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من!» 15 بەڵام یەشوا وەڵامی دایەوە: « ئێستا با وابێت! چونکە واشایستەیە بۆ ئێمە ئەمە بکەین بۆ ئەوەی ڕاستودرووستی بە دیبێت.» ئینجا ڕێگەیدا. 16 هەرکە یەشوا لە ئاو هەڵکێشرا لە ئاوەکە هاتە دەرەوە لەو ساتەدا، ئاسمانەکانی بۆ کرایەوە و گیانی خودای بینی وەک شێوەی کۆترێک دادەبەزێت و دێتە سەری. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە، کە پێی دڵخۆشم!»