بەشی ٢٥

1 لەو کاتەدا شانشینی ئاسمانەکان لە دە پاکیزە دەچێت، کە چرایان هەڵگرتبێت و بەرەوپیری زاوا بچن. 2 پێنج لەوان دانا بوون، وە پێنجیان نەزان. 3 جا نەزانەکان چراکانیان بەبێ زەیت بردبوو. 4 بەڵام داناکان، لەگەڵ چراکانیان زەیتیان لە دەفرەکانیاندا برد. 5 کاتێک زاوا دواکەوت، هەموویان خەو بردنییەوە و نووستن. 6 لە نیوەی شەودا هاوار کرا: ئەوەتا زاوا دێت؛ بۆیە چوون بەرەو پیری! 7 ئینجا هەموو پاکیزەکان هەستان و چراکانیان ئامادە کرد. 8 نەزانەکان بە داناکانیان گوت: هەندێک زیتمان لەوەی خۆتان بدەنێ، چونکە چراکانمان دەکوژێنەوە! 9 داناکان وەڵامیان دانەوە: لەوانەیە بەشی خۆشمان نەکات. بۆیە بڕۆن بۆ لای زەیت فرۆشەکان و بکڕن بەڵام! 10 لە کاتێکدا کە نەزانەکان چوون بۆ کڕینی، زاوا هات و ئەوانەی ئامادە بوون لەگەڵیدا چوونە ناو هۆڵی زەماوەندەکە، و دەرگاکە داخرا. 11 دوای ئەوەی پاکیزەکانیتر گەڕانەوە، گوتیان: گەورەم، گەورەم، لێمان بکەرەوە! 12 زاواش وەڵامی دانەوە: ڕاستیتان پێدەڵێم بەڵام: من ناتناسم! 13 بۆیە ئێشک بگرن، چونکە ڕۆژ و کاتەکە نازانن. 14 لە مرۆڤێک دەچێت کە گەشت دەکات، و خزمەتکارەکانی بانگ بکات و سامانەکەی خۆی بدات پێیان، 15 پێنج کیسە (زیوی) دایە یەکێکیان، و ئەوی دیکە دوو کیسە، و سێیەمیش یەک کیسە، هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی، پاشان گەشتی کرد. 16 ئەوەی پێنج کیسە زیوەکەی وەرگرت، بازرگانی پێوەکرد، پێنجی دیکەشی قازانج کرد. 17 بە هەمان شێوە ئەوەی دوو کیسە زیوەکە وەرگرت، دوانی تری قازانج کرد. 18 بەڵام ئەوەی یەک کیسە زیوەکەی وەرگرت، ڕۆیشت و چاڵێکی هەڵکەند و پارەی گەورەکەی تێدا شاردەوە. 19 دوای ماوەیەکی زۆر، گەورەی ئەو خزمەتکارانە گەڕایەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کردن. 20 ئینجا ئەو کەسەی پێنج کیسەکەی وەرگرتبوو، هاتە لای و پێنج کیسەی دیکەی هێنا، و گوتی: گەورەم تۆ پێنج کیسەت پێدام، ئەمانەش پێنج کیسەی ترن کە بەدەستم هێناوە! 21 گەورەکەی پێی گوت: کارێکی چاکت کردوە ئەی خزمەتکاری چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، دەسەڵاتت بەسەر زۆرتردا ئەدەمێ. بچۆ ناو خۆشی گەورەکەت! 22 ئینجا ئەو کەسەی دوو کیسەکەی وەرگرتبوو هاتە لای و وتی: گەورەم تۆ دوو کیسەت پێدام، ئەمانە دوو کیسەی ترن کە بەدەستم هێناون! 23 گەورەکەی پێی گوت: کارێکی چاکت کردوە ئەی خزمەتکاری چاک و دەستپاک! لە کەم دەستپاک بوویت، دەسەڵاتت بەسەر زۆرتردا ئەدەمێ. بچۆ ناو خۆشی گەورەکەت! 24 پاشان ئەوە هات کە یەک کیسە زیوەکەی وەرگرتبوو، گوتی: گەورەم، زانیم تۆ پیاوێکی دڵڕەقیت، لە شوێنێک دروێنە دەکەیت کە نەتچاندووە، و لە شوێنێکیش کۆدەکەیتەوە کە تۆوت نەکردووە، 25 بۆیە ترسام، و کیسەکەتم لە زەویدا شاردەوە. ئەمە پارەکەتە! 26 گەورەکەی وەڵامی دایەوە: ئەی خزمەتکاری بەدکار و تەمبەڵ! کە زانیت من دروێنە لەو شوێنە دەکەم کە نەمچاندووە، لەوە کۆدەکەمەوە کە تۆوم نەکردووە، 27 باش بوو بۆ تۆ پارەکەمت لای پارەگۆڕەوەکانم دابنایە بۆ ئەوەی لە گەڕانەوەمدا لەگەڵ سوودەکەی وەریبگرمەوە! 28 پاشان بە خزمەتکارەکانی گوت: کیسەکەی لێ وەربگرن، و بیدەن بە خاوەنی دە کیسەکە: 29 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێت؛ بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 30 سەبارەت بەم خزمەتکارە بێ سوودەش، فڕێبدەنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت! 31 کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ لەگەڵ هەموو فریشتەکانی لە شکۆمەندی خۆیدا دەگەڕێتەوە، لەسەر تەختی شکۆمەندی خۆی دادەنیشێت، 32 هەموو گەلان لەبەردەمیدا کۆدەبنەوە، ئەویش لە یەکتر جیایان دەکاتەوە وەک چۆن شوانێک مەڕەکان لە بزنەکان جیادەکاتەوە، 33 مەڕەکان لە لای ڕاستی، و بزنەکان لە لای چەپی ڕادەگرێت؛ 34 ئینجا پاشا بەوانەی لای ڕاستی دەفەرموێ: وەرن ئەی ئەوانەی باوکم بەرەکەت داریکردن، ببنە میراتگری ئەو شانشینە کە لە دامەزراندنی جیهانەوە بۆتان ئامادە کراوە: 35 چونکە برسی بووم نانتان دامێ، تینوو بووم ئاوتان دامێ، نامۆ بووم شوێنتان کردمەوە، 36 ڕووت بووم پۆشاتانم، نەخۆش بووم سەردانتان کردم، زیندانی بووم هاتنە لام! 37 جا چاکەکاران وەڵامیان دایەوە وتیان: ئەی پەروەردگار، کەی تۆمان بینیوە بە برسێتی و نانت بدەینێ، یان تینوبیت ئاوت بدەینێ؟ 38 کەی تۆمان بینیوە بە نامۆیی و شوێنمان پێدابیت، یان ڕووت بوویت تۆمان پۆشیبێت؟ 39 کەی تۆمان بە نەخۆشی یان زیندانی بینیوە و هاتووین بۆلات؟ 40 ئینجا پاشا وەڵامی دانەوە: ڕاستیتان پێدەڵێم: هەرچییەکتان بۆ یەکێک لەم برا بچووکانەم کردووە، بۆ منتان کردووە! 41 پاشان بە ئەوانەی لای چەپی خۆی دەڵێت: ئەی نەفرەت لێکراوان لێم دوربن بۆ ناو ئاگری هەتاهەتای بڕۆن کە بۆ شەیتان و هاوکارەکانی ئامادە کراوە! 42 چونکە برسی بووم نانتان نەدامێ، تینوو بووم ئاوتان نەدامێ، 43 نامۆ بووم شوێنتان نەکردمەوە، ڕووت بووم نەتان پۆشیم، نەخۆش و زیندانی بووم نەهاتن بۆ سەردانم! 44 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و گوتیان: ئەی پەروەردگار، کەی برسی یان تینوو یان نامۆ یان ڕووت یان نەخۆش یان لە زیندان تۆمان بینی، و خزمەتمان نەکردیت؟ 45 وەڵامی دانەوە: ڕاستیتان پێدەڵێم: لەبەر ئەوەی لەگەڵ یەکێک لەم برا بچووکانەمدا نەتانکرد، بۆ منیشتان نەکردوە! 46 ئەوانە بۆ سزای هەتاهەتایی دەڕۆن، بەڵام ڕاستودروستان بۆ ژیانی هەتاهەتایی!»