بەشی ٢٣

1 ئینجا یەشوا قسەی لەگەڵ خەڵک و قوتابییەکانی کرد، 2  فەرمووی: «مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان لەسەر کورسی موشە دانیشتن: 3 هەموو ئەوانە جێبەجێ بکەن کە پێتان دەڵێن. بەڵام بە کرداری ئەوان مەکەن: چونکە ئەوەی دەیڵێن خۆیان کاری پێ ناکەن، 4 بەڵکو باری قورس و گران دەخەنە سەر شانی خەڵکی، بەڵام خۆیان نایانەوێت بە نوکی پەنجەیەک بیانجوڵێنن. 5 هەر کارێک دەیکەن، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکە بۆ لای خۆیان. تەفیلینەکانیان نمایش دەکەن و لێواری جلەکانیان درێژ دەکەنەوە؛ 6 حەزدەکەن لە ئاهەنگەکاندا شوێنیان لە پێشەوە بێت، و لە کەنیشتەکاندا بایەخیان پێبدرێت، 7 لە گۆڕەپانەکاندا سڵاویان لێبکرێت، بۆ ئەوەی خەڵکی بانگیان بکەن: مامۆستا، مامۆستا. 8 بەڵام ئێوە، ڕێگە مەدەن کەس بانگتان بکات: مامۆستا! چونکە یەک مامۆستا هەیە، ئێوە هەمووتان بران. 9 کەسیش لەسەر زەوی بە باوک بانگ مەکەن: چونکە یەک باوکتان هەیە، ئەوەی لە ئاسمانەکانە. 10 ڕێگە مەدەن کەس بە سەرۆک بانگتان بکات، چونکە تەنها یەک سەرۆکتان هەیە، ئەویش مەسیحە. 11 گەورەترینتان با خزمەتکاری ئێوە بێت. 12  ئەوەی خۆی بەرز بکاتەوە نزم دەکرێتەوە، ئەوەش خۆی نزم بکاتەوە بەرز دەکرێتەوە. 13 بەڵام هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! چونکە دەرگای شانشینی ئاسمان بە ڕووی خەڵکدا دادەخەن، نە خۆتان دەچنە ناوی، و نە دەهێڵن ئەوانەی کە دەیانەوێت بچنە ناوی! 14 هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! ماڵی بێوەژن دەخۆن بیانو دەهێننەوە بۆ درێژ کردنەوەی نزاکانتان. لەبەر ئەوە سزای توندتر دێتە سەرتان! 15 هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! دەریا و وشکانی دەگەڕێن تاکو یەکێک بکەنە یەهودی؛ کە بووە یەهودی ئەوسا دوو هێندەی خۆتان دەیکەنە منداڵی دۆزەخ! 16 هاوار بە ئێوە ئەی ڕابەرە کوێرەکان! ئێوە دەڵێن: سوێند خواردن بە پەرەستگا، سوێندەکە پابەندی ناکات؛ بەڵام ئەوەی سوێند بە زێڕی پەرستگا بخوات، ئەوا سوێندەکەی پابەندی دەکات! 17 ئەی نەزان و نابیناکان! کام لەم دووانە مەزنترە: زێڕ یان ئەو پەرستگایەی زێڕەکە پیرۆز دەکات؟ 18 ئێوە دەڵێن: ئەوەی سوێند بە قوربانگا بخوات، سوێندەکەی پابەندی ناکات؛ وەهەر کەسێک سوێند بە قوربانی سەر قوربانگا بخوات، سوێندەکەی پابەندی دەکات! 19 ئەی نابینایان! کام لەم دووانە مەزنترە: قوربانی یان ئەو قوربانگایەی کە قوربانییەکە پیرۆز دەکات؟ 20 چونکە ئەوەی سوێند بە قوربانگا دەخوات، ئەوا سوێند دەخوات بە هەموو ئەوانەش کە لەسەریەتی؛ 21 ئەوەی سوێند بە پەرستگا دەخوات، ئەوا سوێند بەو دەخوات و بە ئەوەش کە تێیدا نیشتەجێیە؛ 22  ئەوەی سوێند بە ئاسمان دەخوات، ئەوا سوێند بە تەختی خودا دەخوات و بەوەش کە لەسەری دانیشتووە! 23 هاوار بە ئێوە ئەی مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! چونکە دەیەکی نەعنا و پونگ و زیرە دەدەن، بەڵام ڕاسپاردە گرنگەکانی تەورات پشت گوێ دەخەن: وەکو دادپەروەری و بەزەیی دڵسۆزی. پێویست بوو ئەمانە پەیڕەو بکەن و ئەوانیش پشتگوێ نەخەن! 24 ئەی ڕابەری نابینا! ئێوە ئاو لە مێشوولە دەپاڵێون، بەڵام وشتر قووتدەدەن! 25 هاوار بە ئێوە مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! دەرەوەی جام و دەفرەکان پاک دەکەنەوە، بەڵام لە ناوەوە پڕن لەوەی بە تاڵانی و چاو چنۆکی بەدەستتان هێناوە! 26 ئەی فەریسیی نابینا، سەرەتا ناوەوەی دەفرەکە پاک بکەرەوە بۆ ئەوەی دەرەوەشی پاک بێت! 27 هاوار بە ئێوە مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! چونکە ئێوە وەک گۆڕە سپی کراوەکانن: لە دەرەوە جوان دەردەکەون، بەڵام لە ناوەوە پڕن لە ئێسکی مردوو و هەموو پیسییەک! 28 بە هەمان شێوە ئێوەش، بە ڕاستودروست دەردەکەون، بەڵام لە ناوەوە پڕن لە دوو ڕوویی و خراپەکاری! 29 هاوار بە ئێوە مامۆستایانی تەورات و فەریسییە دووڕوەکان! ئێوە گۆڕی پێغەمبەران دروست دەکەن و ئارامگای ڕاستودروستان دەڕازێننەوە، 30 ئێوە دەڵێن: ئەگەر ئێمە لە سەردەمی باوباپیرانماندا بژیاینایە لەگەڵیان بەشداریمان نەدەکرد لە ڕشتنی خوێنی پێغەمبەران. 31 بەم قسەیە لە دژی خۆتان شایەتی دەدەن کە ئێوە ڕۆڵەی ئەوانەنن کە پێغەمبەرەکانیان کوشتووە! 32 کەواتە ئەوەی باوکانتان دەستیان پێکردووە تەواوی بکەن تا پێوانەکەیان سەرڕێژ دەبێت! 33 ئەی مارەکان، منداڵانی مار! چۆن لە سزای دۆزەخ ڕزگارتان دەبێت؟ 34 بۆیە: ئەوەتا پێغەمبەر و دانا و مامۆستاتان بۆ دەنێرم، هەندێکیان دەکوژن و لە خاچیان ئەدەن، هەندێکیشیان لە کەنیشتەکانتاندا بە قامچی لێیان ئەدەن، و لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەریان دەکەن. 35 بەمەش خوێنی هەموو بێتاوانێک کە لەسەر زەوی ڕژاوە لە ئەستۆیی ئێوەیە: لە خوێنی هابیلی ڕاستودروستەوە تا خوێنی زەخەریای کوڕی بەرەخیا کە لە نێوان پەرستگا و قوربانگاکەدا کوشتتان. 36 ڕاستیتان پێدەڵێم: سزای هەموو ئەمانە بۆ ئەم نەوەیە دادەبەزێت. 37 ئەی یۆرشەلایم، ئەی یۆرشەلایم، بکوژی پێغەمبەران و بەردبارانکەری ئەوانەی بۆت نێردران! چەند جار ویستم منداڵەکانت کۆبکەمەوە هەروەک چۆن مریشک جوجەڵەکانی لەژێر باڵیدا کۆدەکاتەوە، بەڵام نەتانویست! 38 ئەوەتا ماڵەکەتان بە وێرانی بۆ بەجێدەهێڵدرێ! 39 پێتان دەڵێم ئیتر نامبیننەوە، هەتا ئەو کاتەی دەڵێن: پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوەوە دێت!»