بەشی ٩

1 پاشان یەشوا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو خێوەکان و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان، 2 وە ناردنی بۆ ئەوەی مزگێنی پاشایەتی خودا ڕابگەیەنن و نەخۆشەکان چاک بکەنەوە. 3 پێی فەرموون: «هیچ شتێ بۆ ڕێگا هەڵمەگرن: نە گۆچان، نە پێخۆر، نە نان، نە پارە، کەسێک جلی زیادە هەڵنەگرێت. 4 چوونە هەر ماڵێک لەوێ نیشتەجێ بن تا لەوێ دەڕۆن. 5 ئەگەر خەڵک پێشوازییان لێتان نەکرد، لەوێ بڕۆن و تۆز و خۆڵ لە پێیەکانتان بتەکێنن وەک شایەتحاڵییەک لە دژی ئەوان». 6 پاشان بە گوندەکاندا دەڕۆیشتن و مزگێنییان دەدا و خەڵکیان چاک دەکردەوە. 7 هیرۆدی فەرمانڕەوای تێترارک سەبارەت بە هەموو ئەو شتانە ڕوویان دەدا بیستی. سەری سوڕما چونکە هەندێک دەیانگوت: «یۆخەنان لە ناو مردووان هەستاوەتەوە!» 8 هەندێکی تریش دەیانگوت: «ئیلیا دەرکەوتووە!» هەندێکی تریش دەیانگوت: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە هەستاوەتەوە!» 9 بەڵام هیرۆد گوتی: «من سەری یۆخەنانم بڕی، کەواتە ئەمە کێیە کە من شتی لەو جۆرەی لەبارەیەوە دەبیستم؟» تامەزرۆی بینینی بوو. 10 کاتێک نێردراوان گەڕانەوە، یەشوایان لە هەموو ئەو شتانەی ئەنجامیان دابوو ئاگادار کردەوە، پاشان لەگەڵ خۆی بردنی و بەتەنیا ڕۆیشتن بۆ شارۆچکەیەک بە ناوی بێت سەیدا. 11 بەڵام خەڵکەکە پێیان زانی و لەگەڵی هاوڕێی ڕێگای بوون، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی شانشینی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستیان بە چاکبوونەوە بوو چاکی کردنەوە. 12 لە کۆتایی ڕۆژدا دوازدە کەسەکە هاتنە لای و پێیان گوت: «جەماوەرەکە بنێرە تا بچنە گوندەکان، و کێڵگەکانی دەوروبەر، و با لەوێ بمێننەوە و خواردنیش بدۆزنەوە، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی دوورداین!» 13 پێی فەرموون: «شتێکیان پێ بدەن با بیخۆن!» وەڵامیان دایەوە: «تەنها پێنج نان و دوو ماسیمان هەیە مەگەر ئەوەی بچین خواردن بۆ ئەم هەموو خەڵکە بکڕین». 14 نزیکەی پێنج هەزار کەس لەوێ دانیشتبوون. پاشان بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایانیشێنن با هەر کامە لە پەنجا کەس پێک هاتبێت». 15 قوتابییەکان ئەنجامیان دا، و هەمووان دانیشتن. 16 پێنج نان و دوو ماسییەکەی هەڵگرت، چاوی هەڵبری بەرەو ئاسمان، بەرەکەتی خستنە سەر و لەتی کردن و دای بە قوتابییەکان تا بەسەر خەڵکەکەدا دابەشی بکەن. 17 هەموویان خواردیان و تێر بوون. قوتابییەکانیش دوانزە سەبەتەیان لەو بەشانەی کە مابۆوە پڕکرد. 18 جارێکیان کە یەشوا بە تاکەکەسی نزای دەکرد و قوتابییەکانی لەگەڵیدا بوون، لێی پرسین: «جەماوەرەکە دەڵێن من کێم؟» 19 وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یۆخەنانی لە ئاوهەڵکێشی، هەندێکی تر دەڵێن ئیلیایت، و هەندێکی تریش پێیان وایە یەکێک لە پێغەمبەرانی سەردەمی کۆنی کە هەستاویتەوە.» 20 لێی پرسین: «بەڵام ئەی ئێوە، ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆ وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحی خودای!». 21 بەڵام ئاگاداری کردن کە ئەوە بە کەس نەڵێن. 22 فەرمووی: «ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت ئازاری زۆر بچێژێت و لەلایەن پیرەکان و سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات ڕەت بکرێتەوە، و بکوژرێت، و لە ڕۆژی سێهەمدا هەڵدەستێتەوە». 23 پاشان بە هەموویانی گوت: «هەرکەسێک بیەوێت بە دوای مندا بێت، دەبێت نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و شوێنم بکەوێت. 24 چونکە هەرکەسێک بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، لەدەستی دەدات؛ بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەپێناو مندا لەدەست بدات، ڕزگاری دەبێت. 25 مرۆڤ چ قازانجێک دەکات ئەگەر هەموو دونیا بەدەست بهێنێ و خۆی لەدەست بدات یان خۆی لەناو ببات؟ 26 هەرکەسێک شەرم لە من و وشەکەم بکات، کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ بە شکۆی خۆی و بە شکۆی باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێت شەرمیان لێدەکات. 27 بەڵام بەڕاستی پێتان دەڵێم، لە نێو ئەوانەی لێرە وەستاون هەندێک هەن تا شانشینی خودا نەبینن مردن ناچێژن». 28 نزیکەی هەشت ڕۆژ دوای ئەوەی یەشوا ئەمەی فەرموو، پەترۆ و یۆخەنا و یاکۆڤی لەگەڵ خۆی برد و بۆ نزاکردن چووە سەر شاخێک. 29 کاتێک نزای دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی وەک بروسکەی رووناکی دەدروشایەوە. 30 دوو پیاو لەگەڵی دەدوان، کە موشە و ئیلیا بوون، 31 بە شکۆمەندییەوە دەرکەوتن و باسی ڕۆشتنی ئەویان کرد کە بڕیار بوو لە یورشەلایم تەواو بێت. 32 خەو پەترۆ و هاوەڵەکانی داگرتبوو، بەڵام کاتێک بە تەواوی بە ئاگا هاتنەوە، شکۆمەندی ئەو دوو پیاوەیان بینی کە لەگەڵیدا وەستابوون. 33 کاتێک بەجێیانهێشتن، پەترۆ بە یەشوای گوت: مامۆستا، باشترە لێرە بمێنینەوە! با سێ چادر هەڵدەین: یەکێکیان بۆ تۆ، یەکێکیان بۆ موشە، و یەکێکیان بۆ ئیلیا» و ئەو نەیدەزانی چی دەڵێت. 34 لە هەمان کاتدا کە قسەی دەکرد، هەورێک دەرکەوت و دایپۆشین، کاتێک چوونە ناو هەورەکە ترسیان لێ نیشت، 35 دەنگێک لە هەورەکەوە هات و گوتی: «ئەمەیە کوڕەکەم، کە هەڵمبژاردووە. گوێی لێ بگرن!» 36 کاتێک دەنگەکە نەما، یەشوایان بە تەنیایی دۆزیەوە. ئەمەیان لای خۆیان هێشتەوە و لەو ڕۆژانەدا ئەوەی دیتیان بە کەسیان نەدەگوت. 37 ڕۆژی دواتر، یەشوا لەگەڵ سێ قوتابییەکەی لە شاخەکە هاتنە خوارەوە، 38 خەڵکێکی زۆر چاویان پێی کەوت. پیاوێک لەناو جەماوەرەکەوە بانگی کرد و گوتی: «مامۆستا، تکایە لێت دەپاڕێمەوە یارمەتی کوڕەکەم بدەیت، ئەو تاکە منداڵی منە. 39 هەندێک جار گیانێک دەستی بەسەردا دەگرێت، و کتوپڕ هاوار دەکات، تووشی فێی دەکات و کەف لە دەمی دێتە دەر، بە ئاستەم وازی لێدەهێنێت پاش ئەوەی برینداری دەکات . 40 داوام لە قوتابییەکانت کرد کە گیانی خراپی لێ دەربکەن. بەڵام نەیانتوانی ». 41 یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ئێوە ئەی نەوەی بێ باوەڕی لاڕێ! تاکەی لەگەڵتان بمێنمەوە و بەرگەتان بگرم؟» ( بە پیاوەکەی فەرموو): «کوڕەکەت بهێنە بۆ ئێرە!» 42 لە کاتێکدا کوڕەکە دەهات، شەیتانەکە بە زەویدا دا و بە توندی لێیدا. یەشوا لە گیانە پیسەکەی ڕاخوڕی، و منداڵەکەی چاک کردەوە و ڕادەستی باوکی کرد. 43 هەمووان سەرسام بوون بە گەورەیی خودا. یەشوا بۆ جاری دووهەم پێشبینی مردنی خۆی کردەوە و هەمووان سەرسام بوون بە هەموو ئەو کارانەی یەشوا کردبووی، بە قووتابییەکانی فەرموو: 44 «با ئەم وشانە بچێتە گوێتانەوە: ڕۆڵەی مرۆڤ ڕادەستی خەڵک دەکرێت!» 45 بەڵام ئەوان لەم وتەیە تێنەگەیشتن، و لێیان شاردرابۆوە بۆیە لێی تێنەگەیشتن، و ترسان لێی بپرسن. 46 ناکۆکییەک لە نێوانیاندا دروست بوو کە کێ لە هەموویان مەزنترە. 47 کاتێک یەشوا بە مەبەستی دڵیانی زانی، کوڕێکی بچووکی برد و لە تەنیشتی خۆی داینا، 48 و پێی فەرموون: «هەرکەسێک ئەم کوڕە بچووکە بە ناوی منەوە وەرگرتووە، منی وەرگرتووە؛ هەرکەسێک من وەربگرێت، ئەو کەسە وەردەگرێت کە منی ناردووە. چونکە ئەوەی لە هەمووتان بچووکترە، مەزنترینە». 49 یۆخەنا گوتی: «گەورەم، بینیمان کەسێک بە ناوی تۆ خێوەکانی دەرکرد، بەرمان پێ گرت چونکە لەگەڵ ئێمە شوێن تۆ نەکەوتووە». 50 یەشوا پێی فەرموون: «بەری پێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژی ئێوە نییە، لەگەڵ ئێوەیە!» 51 کاتێک ڕۆژەکانی بەرزکردنەوەی نزیک بۆوە، بڕیاریدا بچێتە یورشەلایم. 52 بۆیە هەندێک نێردراوی پێش خۆی نارد و چوونە ناو گوندێکی سامرییەکان، بۆ ئەوەی ماڵێکی بۆ ئامادە بکەن. 53 بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون پێشوازی لێ بکەن چونکە لە ڕێگای یورشەلایم دا بوو. 54 یاکۆڤ و یۆخەنا کە ئەمەیان بینی، گوتیان: «پەروەردگار، دەتەوێت فەرمان بکەین کە ئاگر لە ئاسمانەوە دابەزێت و لەناویان ببات؟» 55 ڕووی تێکردن و بە توندی سەرزەنشتی کردن و فەرمووی: «ئێوە نازانن لە چ جۆرە گیانێکن، 56 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ نەهاتووە مرۆڤەکان لەناو ببات، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنیان هاتووە.» پاشان بەرەو گوندێکی تر ڕۆیشتن. 57 کاتێک بەڕێوە بوون، یەکێک پێی گوت: «گەورەم، بۆ هەرکوێ بچیت شوێنت دەکەوم!» 58 یەشوا فەرمووی: «ڕێوییەکان کونیان هەیە، باڵندەکانی ئاسمان هێلانەیان هەیە، بەڵام ڕۆڵەی مرۆڤ هیچ شوێنێکی نییە سەری حەسانەوەی لە سەر دانێ». 59 بە کەسێکی دیکەی فەرموو:«شوێنم بکەوە!» بەڵام ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگەم بدە سەرەتا بچم باوکم بنێژم!» 60 یەشوا پێی فەرموو: «لێگەڕی با مردووەکان مردووەکانیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی شانشینی خودا ڕابگەیەنە». 61 یەکێکی دیکە پێی گوت: «گەورەم، شوێنت دەکەوم، بەڵام یەکەم جار ڕێگەم بدە ماڵئاوایی لە خێزانەکەم بکەم!» 62 یەشواش پێی فەرموو: «کەسێک دەستی لەسەر گاسنەکە بێ و ئاوڕ لە دواوە باتەوە، شایستەی شانشینی خودا نیە».