بەشی ٢

1 لەو سەردەمەدا، لە ئۆگستۆسی قەیسەرەوە فەرمانێک دەرچوو کە هەموو دانیشتووانی ئیمپراتۆریەتیەکەی سەرژمێری بکرێت. 2 ئەمە یەکەم ناونووسین بوو کاتێک کیرینیۆس فەرمانڕەوای سوریا بوو. 3 بەمەبەستی ناونووسین، هەرکەسەو بەرەو شاری خۆی ڕۆیشت. 4 یۆسپیش لە شاری ناسیرەوە سەر بە ناوچەی گەلیلی بەرەو شاری داڤید لە ناوچەی یەهودیا سەرکەوت کە پێی دەگوترێت بێت‌ لەخم، چونکە لە بنەماڵە و خێڵی داڤید بوو، 5 تاکو لەگەڵ میریامی دەزگیرانی کە دووگیان بوو، ناونووس بکرێن. 6 کە لەوێ بوون، کاتی منداڵبوونی هات، 7 جا کوڕە نۆبەرەکەی لەدایک بوو، قوماتی کرد، و لە گەوڕێکدا خەواندی، چونکە هیچ ماڵێکیان بۆ نوستن دەست نەکەوت. 8 لەو ناوچەیە شوان هەبوون شەوانە لە دەشت دەمانەوە، و بە نۆرە پاسەوانی مێگەلەکەیان دەکرد. 9 فریشتەیەک لەلایەن پەروەردگار لێیان دەرکەوت، و شکۆی پەروەردگار بە دەوریاندا دەدرەوشایەوە، بەمە ترسێکی یەکجار زۆریان لێ نیشت. 10 فریشتەکە پێی گوتن: «مەترسن! ئەوا مزگێنی شادییەکی گەورەتان دەدەمێ کە بۆ هەموو گەلە: 11 ئەمڕۆ لە شاری داڤید ڕزگارکەرێکتان بۆ لەدایک بوو ئەویش مەسیحی پەروەردگارە. 12 ئەمەش نیشانەکەیەتی بۆ ئێوە. مەلۆتکەیەک دەبینن لەناو گەوڕێکدا خەوتووە». 13 لەناکاو لەگەڵ فریشتەکە لەشکرێکی گەورەی ئاسمانی دەرکەوت و ستایشی خودایان دەکرد و دەیانگوت: 14 «شکۆ بۆ خودا لە ئاسمان، لەسەر زەویش ئاشتی؛ بۆ ئەوانەی جێی ڕەزامەندی ئەون!» 15 کاتێک فریشتەکان بەرەو ئاسمان بەجێیان هێشتن، شوانەکان بە یەکتریان گوت: «کەواتە با بڕۆینە بێت‌ لەخم و ئەم شتەی ڕوویداوە بیبینین کە پەروەردگار پێی ڕاگەیاندین.» 16 خێرا هاتن، و میریام و یۆسپیان دۆزییەوە و، ئەو مەلۆتکەیەش کە لە گەوڕەکەدا دانرابوو. 17 کاتێک ئەوەیان بینی، دەستیان کرد بە گێڕانەوەی ئەوەی کە پێیان گوترابوو دەربارەی ئەم منداڵە. 18 هەموو ئەوانەی گوێیان لێبوو سەریان سوڕمابوو لەوەی شوانەکان پێیان دەگوتن. 19 بەڵام میریام، هەموو ئەم شتانەی لە دڵی خۆیدا هەڵدەگرت، و لێکی دەدایەوە. 20 شوانەکان گەڕانەوە و شکۆی پەروەردگاریان ڕاگەیاند و ستایشیان کرد لە پێناوی هەموو ئەوەی بیستیان و بینییان، بەو شێوەیەی پێیان گوترابوو. 21 لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات، ناوی لێنرا یەشوا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا پێش ئەوەی میریام دووگیان بێت. 22 لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە بەگوێرەی تەوراتی موشە، بەرەو یورشەلایم سەرکەوتن تاکو پێشکەشی پەروەردگاری بکەن، 23 هەروەک لە تەوراتدا نووسراوە: «هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ پەروەردگار تەرخان دەکرێت‏»، 24 وەک لە تەوراتی پەروەردگاردا هاتووە با قوربانییەک پێشکەش بکەن کە: «دوو کوکوختی، یان دوو بێچووە کۆترە‏». 25 پیاوێکی چاک و لەخواترس هەبوو بە ناوی شیمۆن، لە یورشەلایم چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری یەسرائیل بوو و گیانی پیرۆزی لەسەر بوو. 26 گیانی پیرۆز بە سروش بۆی ئاشکرا کردبوو کە نامرێت هەتا مەسیحی پەروەردگار نەبینێت. 27 ئەو بە پاڵنەری گیانەکە هات بۆ پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە بە گوێرەی یاسای تەورات یەشوای منداڵیان پێشکەش کرد، 28 لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد، و گوتی: 29 «ئەی پەروەردگار، ئێستا بەگوێرەی بەڵێنەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە! 30 ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی 31 ئەوەی ئامادەت کردووە پێشکەشی هەموو گەلانی بکەیت، 32 هەتا ببێتە ڕووناکییەک بۆ ڕێنمایی گەلان و شکۆمەندییەک بۆ گەلەکەت یەسرائیل». 33 دایک و باوکی سەرسام بوون لەو قسانەی دەربارەی گوترا. 34 شیمۆن پیرۆزی کردن و بە میریامی دایکی منداڵەکەی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە یەسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت 35 تەنانەت تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت و نیازی دڵی زۆر‏ کەس ئاشکرا دەبێت!» 36 پێغەمبەرێکی ژن هەبوو، بە ناوی هەننا کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر، زۆر بە تەمەن بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو، 37 ئەو بێوەژنێکی هەشتاوچوار ساڵان بوو. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت شەو و ڕۆژ بە نزا و ڕۆژوو خودای دەپەرست. 38 هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە یورشەلایم چاوەڕوانی ڕزگاریی بوون. 39 پاش ئەوەی هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی پەروەردگار تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی گەلیلی. 40 منداڵەکە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی، و بەخششی خودای لەسەر بوو. 41 دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە یورشەلایم. 42 کاتێک یەشوا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو یورشەلایم سەرکەوتن. 43 دوای تەواوبوونی ڕۆژانی جەژن، لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی بزانن، یەشوای مێردمنداڵ لە یورشەلایم مایەوە. 44 بەڵام پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن ئینجا لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان. 45 کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ یورشەلایم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن. 46 دوای سێ ڕۆژ لە پەرستگاکەدا دۆزییانەوە، لەناو مامۆستاکان دانیشتبوو گوێیان لێدەگرت و پرسیاریان لێ دەکرد. 47 هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. 48 کاتێک بینییان سەریان سوڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین، و بەدواتدا دەگەڕاین!» 49 وەڵامی دانەوە: «بۆچی بەدوامدا دەگەڕان؟ نەتاندەزانی پێویستە لە سەر کارەکانی باوکم بم؟» 50 بەڵام لەو قسەیە تێنەگەیشتن کە پێی فەرموون. 51 ئینجا لەگەڵیان گەڕایەوە و هاتەوە ناسیرە، و گوێڕایەڵیان بوو. میریامی دایکی ئەمانەی هەموو لە دڵی خۆیدا ڕائەگرت. 52 یەشوا، لە دانایی و باڵادا گەشەی کرد، لە لای خودا و مرۆڤەکان جێگەی ڕەزامەندی بوو.