بەشی ١٩

1 پاشان چوو بۆ ناو یەریخۆ و بەناویدا تێپەڕی. 2 پیاوێک هەبوو بە ناوی زەخا، دەوڵەمەند و سەرۆکی باجگرەکان بوو. 3 هەوڵیدا ببینێ بزانێ یەشوا کێیە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغی نەیتوانی، چونکە کورتە باڵا بوو. 4 بۆیە هەڵات و سەرکەوتە سەر دارێکی هەنجیر تا یەشوا ببینێت، چونکە بڕیار بوو لەوێوە تێپەڕێت. 5 کاتێک یەشوا هاتە ئەو شوێنە، سەری بەرز کردەوە و بینی و پێی فەرموو: «زەخا، پەلە بکە و وەرە خوارەوە، چونکە ئەمڕۆ لە ماڵی تۆ دەمێنمەوە!» 6 بۆیە بەپەلە هاتە خوارەوە و بە خۆشییەوە پێشوازی لێکرد. 7 کاتێک هەموویان ئەمەیان بینی، سەرزشتیان کرد و دەیانگۆت: « دەچێتە ماڵی پیاوێکی گوناهبار!» 8 بەڵام زەخا وەستا و بە پەروەردگاری گوت: «پەروەردگار، نیوەی ئەوەی هەمە دەیدەم بە هەژاران. ئەگەر شتێکم لە هەر کەسێک داگیر کردبێت، چوار ئەوەندەی بۆ دەگەڕێنمەوە!» 9 یەشواش پێی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕزگاربوون هاتووە بۆ ئەم ماڵە، ئەویش کوڕی ئەڤراهامە. 10 چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ هاتووە بەدوای ونبووەکاندا بگەڕێ و ڕزگاریان بکات». 11 لە کاتێکدا گوێیان لەم قسانە دەگرت، دیسانەوە نموونەیەکی هێنایەوە، چونکە لە یورشەلایم نزیک ببوو و پێیان وابوو کە شانشینی خودا ڕابگەیەنرێت، 12 فەرمووی: «پیاوێکی خانەدان چووە وڵاتێکی دوور بۆ ئەوەی شانشینێک بۆ خۆی وەربگرێت و دواتر بگەڕێتەوە. 13 بۆیە دە خزمەتکارەکەی بانگ کرد و دە کیسە زیوی بۆ دانان، و پێی گوتن: بازرگانی پێوە بکەن تا دەگەڕێمەوە. 14 بەڵام خەڵکی وڵاتەکەی ڕقیان لێی بوو، بۆیە شاندێکیان بەدوادا نارد و گوتیان: ئێمە نامانەوێت ئەم پیاوە فەرمانڕەواییمان بکات! 15 کاتێک پاش وەرگرتنی شانشینەکە گەڕایەوە، فەرمانی دا ئەو خزماتکارانەی کە پارەکەی بۆ دانابوون بانگهێشت بکرێن، بۆ ئەوەی بزانێت، هەریەکەیان لە بەشەکەی خۆیان چیان دەست کەوتووە. 16 یەکەمیان هاتە پێشەوە و گوتی: گەورەم، تۆ دە کیسەت قازانج کردووە! 17 پێی گوت: باشە ئەی خزمەتکاری چاک. چونکە تۆ دەستپاک بوویت لەوەی کە کەم بوو، ئەوا دەسەڵاتداری دە شار بە! 18 دووەمیان هاتە پێشەوە و گوتی: گەورەم، پێنج کیسەت قازانج کردووە! 19 بەویشی گوت: تۆ دەبیتە دەساڵاتداری پێنج شار! 20 پاشان خزمەتکارێکی تر هاتە پێشەوە و وتی: گەورەم ئەوەتا کیسە زیوەکە لە دەسماڵێکا پێچابوومەوە و پارێزگاریم لێکرد. 21 من لێت دەترسام چونکە تۆ مرۆڤێکی دڵرەقیت، ئەوەی نەتسپاردووە وەریدەگریت، ئەوەی نەتچاندووە دروێنەی دەکەیت! 22 پێی گۆت: بە زاری خۆت بڕیارت لەسەر دەدەم، ئەی بەندەی خراپەکار: تۆ زانیت کە من پیاوێکی دڵڕەقم، ئەوەی نەمسپاردووە وەریدەگرم و ئەوەی نەمچاندووە دروێنەی دەکەم. 23 بۆچی نەتسپارد بە پارەگۆڕەوەکان، بۆ ئەوەی کە هاتمەوە قازانجەکەی وەربگرم؟ 24 پاشان بەوانەی لەوێ وەستابوون گوتی: زیوەکەی لێ وەربگرن و بیدەن بە خاوەنی دە کیسەکە. 25 پێیان گوت: گەورەم دە کیسەی هەیە! گوتی: 26 پێتان دەڵێم هەرکەسێک هەیبێت پێی دەدرێت؛ وە سەبارەت بەو کەسەی کە نییەتی، تەنانەت ئەوەیش کە هەیەتی لێی دەسەندرێتەوە. 27 ئەو دوژمنانەی کە نەیاندەویست من پاشایان بم، بیانهێنە ئێرە و لەبەردەممدا سەریان ببڕن!» 28 پاش ئەم قسانە، بەرەو یورشەلایم بەڕێکەوت. 29 کاتێک لە بێتفاگە و بێت ئەنیا نزیک بۆوە، لە چیای ناسراو بە زەیتون، دوو لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: 30 «بڕۆن بۆ گوندی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناو گوندەکە جاشکێک دەبینن کە بەستراوەتەوە، کە تا ئێستا هیچ کەسێک سواری نەبووە. گوریسەکەی بکەنەوە و بیهێنن بۆ ئێرە. 31 ئەگەر کەسێک لێی پرسین: بۆچی گوریسەکەی لێ دەکەنەوە؟ ئەمەی پێ بڵێن: چونکە پەروەردگار پێویستی پێی هەیە!» 32 دوو قوتابییەکە، ڕۆیشتن و وەک چۆن پەروەردگار پێی فەرمووبوون دۆزییانەوە. 33 لە کاتێکدا کە جاشکەکەیان دەکردەوە، ئەوانەی لای جاشکەکە بوون لێیان پرسین: «بۆچی جاشکەکە دەکەنەوە؟» 34 گوتیان: «چونکە پەروەردگار پێویستی پێیەتی!» 35 پاشان هێنایان بۆ لای یەشوا؛ جلەکانیان خستە سەر جاشکەکە یەشوا سواری بوو. 36 کاتێک دەڕۆیشتن، خەڵکی جلەکانیان لەسەر ڕێگاکەدا بۆ ڕادەخست. 37 کاتێک نزیک بۆوە (لە یورشەلایم)، و گەیشتە بناری چیای زەیتوون، قوتابییەکانی بە خۆشحاڵییەوە بە دەنگی بەرز ستایشی خودایان دەکرد بۆ هەموو ئەو پەرجووانەی کە بینیویانە 38 دەیانگوت: «پیرۆزە ئەو پاشایەی کە بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! ئاشتی لە ئاسمان و شکۆمەندی لە بەرزتریندا!» 39 بەڵام هەندێک لە فەریسییەکان لەناو خەڵکەکەدا پێیان گوت: «مامۆستا، سەرزەنشتی قوتابیەکانت بکە!» 40 وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «پێتان دەڵێم ئەگەر ئەمانە بێدەنگ بن، بەردەکان هاوار دەکەن!» 41 کاتێک نزیک بۆوە، و شارەکەی بینی، بۆی گریاو 42 فەرمووی: «خۆزگە تۆش لەم ڕۆژدا بتزانیبا لە چ ئاشتیەکدایت! بەڵام ئەوە ئێستا لە چاوەکانت شاراوەیە. 43 ڕۆژانێک دێت دوژمنەکانت دێنەسەرت و چواردەورت دەگرن، گەمارۆت لە سەر توند دەکەن لە هەموو لایەکەوە، 44 وێرانت دەکەن بە سەر ڕۆڵەکانتدا. بەرد بە سەر بەردتەوە نامێنێ: چونکە کاتی بەسەرکردنەوەی خودات نەزانی». 45 کاتێک چووە ناو پەرستگاکە، دەستی کرد بە دەرکردنی ئەوانەی کە تێیدا کڕین و فرۆشتنیان دەکرد، 46 پێی فەرموون: نووسراوە: «ماڵەکەم ماڵی نزا کردنە. ئێوە کردتان، بە ئەشکەوتی تاڵانچیەکان!» 47 هەموو ڕۆژێ لە پەرستگاکە فێرکاری دەکرد. سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات و کەسایەتییە دیارەکانی گەلیان هاندەدا بیکوژن. 48 بەڵام نەیاندەزانی چی بکەن، چونکە هەموو خەڵکەکە بۆ گوێگرتن پەیوەست بوون پێیەوە.