بەشی ١

1 لە یەهوداوە، خزمەتکاری یەشوای مەسیح برای یاکۆڤ، بۆ ئەوانەی خودای باوک بانگی کردوون، خۆشەویستانی ئەو، وە پارێزراون لە پێناو یەشوای مەسیح. 2 بەزەیی و ئاشتی و خۆشەویستیتان بۆ زیاتر و زیاتر بێت! 3 خۆشەویستان، بەنیاز بووم سەبارەت بە ڕزگاربوون بۆتان بنووسم ئەوەی هەموومان تێیدا هاوبەشین. بەڵام، ئێستا هەست بە ناچاری دەکەم بۆ ئەوە بنووسم کە هانتان بدەم بۆ تێکۆشان بۆ ئەو باوەڕەی کە بۆ تەنها یەکجار درا بە پیرۆزکراوان. 4 چونکە هەندێک فێرکار خۆیان خزاندۆتە نێوانتان بەدڵنیایەوە ڕوبەڕوی دادوەری و سزای هەتاهەتایی دەبنەوە،هەروەک چۆن لە مێژەوە لە سەریان نوسراوە. ئەوانە خراپەکارن لە خودا ناترسن، ئەوان لە بەخششی پەروەردگار کەڵک وەردەگرن بۆ بەڕەڵایی و خراپەکاریەکانیان، ئەوان نکۆڵی دەکەن لە گەورەمان و تاقە پەروەردگارمان یەشوای مەسیح. 5 ئێستا، دەمەوێت ئەو شتانەتان بیر بخەمەوە کە دەزانن. کەواتە دەزانن کە پەروەردگار، دوای ئەوەی گەلەکەی لە میسر ڕزگار کرد، گەڕایەوە و ئەوانەی لە ناوبرد کە لەو گەلەدا باوەڕیان نەبوو. 6 سەبارەت بەو فریشتانەی کە پێگەی بەرزی خۆیان نەپاراست، بەڵکو شوێنی خۆیان بەجێهێشت، بۆیە پەروەردگار زیندانی کردوون بەزنجيرێکی هەتاهەتایی لە قوڵای تارکیدا بەستراونەتەوە، چاوەڕێی سەرکۆنەی ڕۆژە مەزنەکەن. 7 وە دەزانن پەروەردگار چی بەسەر شارەکەم سۆدۆم و عەمۆرا و شارەکانی دەورووبەریاندا هێنا. چونکە خەڵکی ئەم شارانە وەک ئەو مامۆستایانە بوون، پاڵنەر بوون بۆ داوێن پیسی، و سەرقاڵی ئارەزووەکانی پێچەوانەی سروشت بوون. بۆیە پەروەردگار سزای ئەم شارانەی بە ئاگری هەتاهەتایی دا، وێرانی کردن. تاببن بە پەند بۆ ئەوانەیتر. 8 لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو مامۆستا خەیاڵ خاوانەی ئەو ڕێگایە پەیڕەو دەکەن کە خەڵکی ئەو شارانە پێیدا ڕۆیشتوون. وەک چۆن جەستەیان بە گڵاوی پیس دەکەن، و سووکایەتی بە سەروەری خودایی دەکەن، و بەسوکایەتییەوە قسە لەسەر بوونە شکۆمەندەکان دەکەن! 9 تەنانەت میخائیل، کە سەرۆکی فریشتەکان بوو، بوێری ئەوەی نەبوو بەسوکاتییەوە فەرمان بەسەر شەیتان بدات کاتێک بەربەرەکانێی لەگەڵ دەکرد سەبارەت بە جەستەی موشە، بەڵام بەس بوو پێی بڵێت: «پەروەردگار سەرزەنشتت بکات!» 10 بەڵام ئەم مامۆستایانە کە بە سوکایەتییەوە قسە لەسەر ئەو شتانە دەکەن کە نایزانن. سەبارەت بەوەی کە بە هەوەسەوە لێی تێدەگەن، وەک ئاژەڵە ناژیرەکان، بەو شتە خۆیان لەناو دەبەن. 11 هاوار بۆ ئەوان! چونکە بە ڕێگای قایندا ڕۆیشتن، بۆ دەستکەوتنی پارە خۆیان دایە دەست گوناهەکانی بەلعام، ئەوانیش یاخی بوون وەک چۆن کۆراخ یاخی بوو خۆیان لەناو برد. 12 ئەوانە تاشەبەردە مەترسیدارەکانن لە کۆبوونەوە پڕ لە خۆشەویستییەکانتان بە بێ ترس بەشدار ئەبن؛ تەنها خۆیان تێردەکەن! وەک هەورێکی بێ بارانن کە با لێیان دەخوڕێت، وەک داری پاییز بێ بەرن، کە خاوەنەکانیان لە ڕەگەوە هەڵیکەندون، بۆیە دوو جار مردوون. 13 وە بە کارە شەرمەزارەکانیان خۆیان ئاشکرا دەکەن وەک شەپۆلە توڕەکانی ناو دەریا پیسی فڕێدەدەن. وەک ئەستێرەیەکی ونبوون لە بۆشایی، چارەنوسیان تاریکی هەتاهەتاییە! 14 دەربارەی ئەمانە و هاوشێوەکانیان، خەنۆخ پێشبینی کرد، لە نەوەی حەوتەمی دوای ئادەمە، گوتی: «ئەوەتا پەروەردگار بەیاوەری دەیان هەزار پیرۆزكراو دێت، 15 بۆ دادگاییکردنی هەموو مرۆڤەکان، و سزادانی هەموو خراپەکاران ئەوانەی لە خودا ناترسن، بەهۆی هەموو کارە خراپەکانیانەوە کە کردوویانە و هەموو قسە توندەکانیان کە سووکایەتییان پێکرد، و تەنها لە گوناهباران و خودا نەناسانەوە دێت!» 16 ئەوانە بۆڵەبۆڵکەر و بەگومانن، بەویستی ئارەزووە کانیان هەڵسوکەوت دەکەن زمانیان قسەی بە فیز دەکات، بۆ بەرژەوەندی خۆیان ستایشی ئەو کەسانە دەکەن کە سەرسامن پێیان! 17 سەبارەت بە ئێوەی خۆشەویست، هەمیشە لەبیرتان بێت کە نێردراوانی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح چییان وتووە. 18 پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە کە، لە کۆتایی کاتەکاندا، گاڵتەجاڕەکان دەردەکەون کە دەژین و نوقوم بوون لەنێو ئارەزووە خراپەکانیان. 19 ئەمانەن کە دەبنە هۆی لێکترازان، ئەوان پەیڕەوی لە ئارەزووە ئاژەڵییەکانیان دەکەن نەک بەگیانی پیرۆز کە تێیاندایە! 20 سەبارەت بە ئێوەی خۆشەویست، خۆتان لەسەر پیرۆزترین باوەڕتان بنیات بنێن! و هەمیشە لە گیانی پیرۆزدا نزا بکەن. 21 وە خۆتان لە خۆشەویستی خودادا بپارێزن، چاوەڕێی بەزەیی مەسیحی پەروەردگارمان بن، کاتێک دەگەڕێتەوە و دەتانبات بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بژین بۆ هەمیشە. 22 هەندێک کەس بەهۆی گومانەکانیانەوە پێویستە بە بەزەییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت. 23 دەبێت هەندێکیان لە ئاگری ڕفێنەر ڕزگار بکەیت. هەندێکی تریش دەبێت بە بەزەیی و وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت، تەنانەت ڕقت لەو جلوبەرگانە بێت کە خۆیان پێ گڵاو دەکەن. 24 وە بۆ ئەو کەسەی کە توانای ئەوەی هەیە لە کەوتنت بپارێزێت دەتبات بۆ ئەوەی بە شادی و شکۆمەندییەوە بێ کەموو کوڕی لەبەردەمیدا دەربکەویت. 25 بۆ تاکە خودا، ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنایەتی توانا و دەسەڵاتی، پێش ئەو کات بوو، ئێستاش و بۆ هەموو سەردەمەکان، ئامین!