بەشی ٩

1 کاتێک یەشوا بە ڕێگادا تێدەپەڕی، پیاوێکی بینی کە بە زگماک نابینا بوو، 2 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «مامۆستا، کێ گوناهەی کردووە: ئەم پیاوە یان دایک و باوکی، کە بە نابینایی لەدایک بووە؟» 3 یەشوا وەڵامی دانەوە: «نە ئەمە گوناهی کردووە نە دایک و باوکی، بەڵکو تاکو کارەکانی خودای تێدا بەدەرکەوێت. 4 هەتا ڕۆژە لەسەرمە کاری ئەوە بکەم کە ناردوومی چونکە شەو دادێت. و کەس ناتوانێت کاری تێدا بکات. 5 مادام لە جیهاندام، من ڕووناکی جیهانم». 6 ئەمەی فەرموو، و تفی لەسەر خۆڵ کرد، بە تفەکە قوڕی، گرتەوە و خستیە سەر چاوی نابیناکە، 7 پێی فەرموو: «بڕۆ لە گۆمی شیلوام خۆت بشۆ»، شیلوام واتا نێردراو. جاڕۆیشت خۆی شوشت و بە چاوی ساغەوە گەڕایەوە. 8 دراوسێیەکانی پرسیاریان کرد و ئەوانەی پێشتر بینیبوویان سواڵ دەکات گوتیان: «ئەمە ئەوە نیە دادەنیشت و سواڵی دەکرد؟» هەندێک گوتیان: «ئەوە خۆیەتی». 9 هەندێکی دیکە گوتیان: «نەخێر، بەڵام لەو دەچێت!» بەڵام ئەو وەڵامی دانەوە و گوتی: «من ئەوم!» 10 پێیان گوت: «ئەی چۆن چاوت کرایەوە؟» 11 وەڵامی دایەوە: «پیاوێک بە ناوی یەشوا، قوڕی گرتەوە و چاومی سواخدا، پێی گوتم : بڕۆ لە گۆمی شیلوام خۆت بشۆ. منیش ڕۆیشتم خۆمم شوشت بینایم بۆگەڕایەوە!» 12 لێیان پرسی: «ئێستا ئەو لەکوێیە؟» گوتی: «نازانم!» 13 ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان. 14 ئەو ڕۆژەی کە یەشوا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەبات بوو. 15 لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بۆتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم، وا ئێستا دەبینم!» 16 هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە نابێت لەخوداوە بێت، چونکە شەبات ناپارێزێت». بەڵام هەندێکیان گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی لەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان. 17 دیسان پرساریان لە نابیناکە کرد: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێیت، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟» گوتی: «پێغەمبەرە!» 18 ڕابەرانی یەهوود باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، جا دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد 19 پرسیاریان لێکردن: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە نابینایی لەدایک بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟» 20 دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە نەبینایی لەدایک بووە. 21 بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، وە کێ چاوی چاک کردۆتەوە. لێی بپرسن، ئەو گەورەیه، لەبارەی خۆیەوە وڵامتان دەداتەوە!» 22 دایک و باوکی ئەمەیان گوت لە ترسی ڕابەرانی یەهوود، چونکە یەهودیەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی هەرکەسێک دانبنێت کە یەشوا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریبەکەن. 23 لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن». 24 دیسان فەریسییەکان، ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد، و پێیان گوت: «شکۆمەندی بۆخودا! ئێمە دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە». 25 وەڵامی دایەوە: «ئەو گوناهبارە، ئەوە نازانم! تەنها یەک شت دەزانم،: من نابینا بووم و ئێستا دەبینم!» 26 دووبارە لێیان پرسی: «چی لێکردیت؟ چۆن چاوی تۆی کردەوە؟» 27 وەڵامی دانەوە: «پێم گوتن گوێتان لێ نەگرتم، بۆچی دیسان دەتانەوێ ببیستن؟ ئێوەش دەتانەوێ ببنە قوتابی ئەو؟» 28 جوێنیان پێیدا و پێیان گوت: «تۆ قوتابی ئەویت! بەڵام ئێمە قوتابی موشەین. 29 ئێمە دەزانین موشە لەگەڵ خودا قسەی کرد؛ بەڵام نازانین ئەوە لە کوێوە هاتوە!» 30 پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «ئەمە شتێکی سەیرە! ئەو چاوی کردوومەتەوە، ئێوەش دەڵێن نازانین ئەو لەکوێوە هاتووە! 31 ئێمە دەزانین خودا وەڵامی گوناهباران ناداتەوە، بەڵام گوێ لە یەکێک دەگرێت خۆپارێز بێت و خواستی پەیڕەو بکات، 32 بەدرێژایی نەوەکان نەبیستراوە یەکێک چاوی بە زگماک نابینا بکاتەوە! 33 ئەگەر ئەوە لە خوداوە نەبێت، نەیدەتوانی هیچ شتێک بکات». 34 هاواریان بە سەریدا کرد: «تۆ بە تەواوی لە گوناهە لەدایک بوویت تۆ فێرمان دەکەیت!» جا دەریانکردە دەرەوەی کەنیشت. 35 یەشوا بیستی دەریانکردۆتە دەرەوە، دۆزییەوە و پێی فەرموو: «باوەڕ بە ڕۆڵەی خودا دەکەیت؟» 36 وەڵامی دایەوە: «گەورەم ئەوە کێیە تاکو باوەڕی پێ بکەم؟» 37 یەشوا پێی فەرموو: «ئەوەی بینیوتە، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات، ئەوە خۆیەتی!» 38 ئەویش گوتی: «پەروەردگارم باوەڕ دەکەم!» ئینجا کڕنۆشی بۆ برد. 39 یەشوا فەرمووی: «بۆ داوەری هاتوومەتە ئەم جیهانە: تاکو ئەوانەی نابینان ببینن، و ئەوانەی دەبینن کوێربن!» 40 هەندێک فەریسی کە لەگەڵی بوون گوێیان لەمە بوو لێیان پرسی: «ئایا ئێمەش کوێرین؟» 41 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە بەڕاستی کوێر بوونایە گوناهتان نەدەبوو. بەڵام ئێوە بانگەشەی ئەوە دەکەن دەبینین، لەبەر ئەوە گوناهەکەتان دەمێنێتەوە».