بەشی ٨

1 بەڵام یەشوا، چوو بۆ کێوی زەیتوون. 2 لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە پەرستگا، خەڵکێکی زۆر، لەدەوری کۆبوونەوە ئەویش دانیشت و دەستی کرد بە فێرکردنیان. 3 مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، 4 پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. 5 موشە لە تەوراتدا ڕایسپاردووین کەسی ئاوا بەردباران بکرێت، تۆ لەم بارەوە چی دەڵێیت؟» 6 ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی یەشوا گوت، تاکو تاوانباری بکەن و داوەری بکەن. بەڵام یەشوا خۆی چەماندەوەو بە پەنجە دەستی کرد بە نووسین لەسەر زەوی. 7 کاتێک ئەوان پێداگیریان کرد لە پرسیارەکە، یەشوا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کێ لەئێوە بێ گوناهە با یەکەم جار بەردی تێبگرێت!» 8 دیسان خۆی چەماندەوە و دەستی کردەوە بە نووسین لەسەر زەوی. 9 کە گوێیان لەو قسەیە بوو یەک لەدوای یەک پاشەکشەیان کرد، سەرەتا لە پیرانەوە. ئەوسا یەشوا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10 یەشوا هەستا و پێی فەرموو: «ئەی ژن ئەوان لە کوێن؟ کەس تاوانباری کردیت؟» 11 وەڵامی دایەوە : «نەخێر گەورەم». یەشوا پێی فەرموو: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر مەگەڕێوە سەر گوناهەکەت!» 12 دیسانەوە یەشوا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «من ڕووناکی جیهانم. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت». 13 فەریسییەکان بەرهەڵستیان کرد و پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت، شایەتییەکەت ڕاست نیە». 14 وەڵامی دانەوە: «لەگەڵ ئەوەی شایەتی بۆ خۆم دەدەم شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم؛ بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. 15 ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ داوەری دەکەن، بەڵام من کەس داوەری ناکەم، 16 ئەگەر داوەریش بکەم داوەریەکەم دادپەروەرانەیە، چونکە بە تەنها داوەری ناکەم، بەڵکو من و باوک ئەوەی ناردوومی. 17 لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە: 18 من شایەتی بۆ خۆم دەدەم، باوکیش شایەتیم بۆ دەدات ئەوەی ناردوومی». 19 لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟» وەڵامی دانەوە: « ئێوە نە من دەناسن، و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکمتان دەناسی». 20 یەشوا ئەو قسانەی فەرموو لە پەرستگا لە نزیک گەنجینەی بەخشین بوو. بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. 21 دیسان یەشوا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن». 22 لەبەر ئەوە یەهودیەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «مەبەستی چیە لەو قسەیەی دەڵێی ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من لێی دەبم؟ ئایا خۆی دەکوژێت؟» 23 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ئێوە هی خوارەوەن. من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن. من لەو نیم. 24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن». 25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» یەشوا وەڵامی دانەوە: «لە سەرەتاوە پێم گوتن! 26 زۆر شتم هەیە بیڵێم و ئێوەی پێ تاوانباربکەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم». 27 ئەوان تێنەگەیشتن لەوەی یەشوا فەرمووی ئاماژەیە بۆ باوک. 28 لەبەر ئەوە یەشوا پێی فەرموون: «کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ هەڵدەواسن ئەوسا دەزانن کە من ئەوم، لە خۆمەوە هیچ کارێک ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. 29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە، و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە». 30 کاتێک یەشوا ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا. 31 یەشوا بەو یەهودیانەی فەرموو کە باوەڕیان پێی هێنابوو: «ئەگەر لەسەر فێرکردنەکانم بچەسپێن، ئەوە بەڕاستی قوتابی منن. 32 ڕاستیەکە دەناسن، ڕاستیکە ئازادتان دەکات». 33 یەهودیەکان بەرپەرچیان دایەوە: «ئێمە نەوەی ئەڤراهامین، هەرگیز کۆیلەی کەس نەبووین! ئیتر چۆن دەڵێی: ئێوە ئازاد دەبن؟» 34 یەشوا وەڵامی دانەوە: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەریەکێک گوناهە بکات دەبێتە کۆیلەی گوناهە. 35 کۆیلە هەتاهەتایە لە ماڵی گەورەکەی نامێنێتەوە؛ بەڵام کوڕ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە. 36 ئەگەر ڕۆڵەکە ئازادی کردن ئەوا بە ڕاستی ئازاد دەبن. 37 من دەزانم ئێوە لە نەوەی ئەڤراهامن. بەڵام هەوڵی کوشتنم دەدەن، چونکە وتەکانم لە دڵی ئێوەدا جێگای نابێتەوە. 38 من ئەوە دەڵێم کە لەلای باوکم بینیومە، ئێوەش ئەو کارە دەکەن لە باوکتانەوە بیستووە». 39 بەناڕەزاییەوە گوتیان: «باوکمان ئەڤراهامە!» ئەویش پێی فەرموون: «ئەگەر ڕۆڵەی ئەڤراهام بوونایە، کردارەکانی ئەڤراهامتان دەکرد. 40 بەڵام ئێستا هەوڵی کوشتنی کەسێک دەدەن کە ڕاستی پێ گوتن ئەوەی لە خودا بیستویەتی . ئەڤراهام ئەو کارانەی نەکردووە. 41 ئێوە کردارەکانی باوکتان دەکەن!» جا پێیان گوت: « ئێمە بە زۆڵی لەدایک نەبووین. یەک باوکمان هەیە ئەویش خودایە». 42 یەشوا پێی فەرموون: «ئەگەر خودا باوکتان بووایە منتان خۆشدەویست، چونکە لە خوداوە دەرچووم و هاتووم. لە خۆمەوە نەهاتووم، بەڵکو ئەو ناردوومی. 43 بۆچی لە وتەکانم تێناگەن؟ چونکە ئێوە ناتوانن گوێ لە وتەکانم بگرن! 44 ئێوە لە شەیتانی باوکتانن، دەتانەوێت ئارەزووەکانی باوکتان جێبەجێ بکەن. ئەو لە سەرەتاوە بکوژی مرۆڤ بووە، لە ڕاستی نەچەسپاوە چونکە ڕاستی لە ئەودا نیە! کاتێک درۆ دەکات ئەوەی تیایەتی دەری دەکات، چونکە درۆزنە و باوکی درۆیە! 45 هەر بۆیە کاتێک من ڕاستی، دەڵێم ئێوە باوەڕم پێ ناکەن. 46 کێ لەئێوە دەتوانێت گوناهێکم لەسەر بسەلمێنێ؟ مادام ڕاستی دەڵێم، بۆچی بەڕاستم نازانن؟ 47 ئەوەی بەڕاستی لە خوداوەبێت، گوێ لە وشەی خودا دەگرێت. بەڵام ئێوە وشەی خودا ڕەتدەکەنەوە، چونکە لە خوداوە نین!» 48 یەهودییەکان گوتیان: «ئایا ئێمە ڕاست ناڵێین کە تۆ سامریت و خێوت تێدایە؟» 49 وەڵامی دانەوە: «خێوم تێدا نیە، بەڵام ڕێزی باوکم دەگرم و ئێوەش سووکایەتیم پێ دەکەن. 50 من داوای شکۆمەندی بۆ خۆم ناکەم، لەوێ یەکێک هەیە کە بۆم داوا دەکات و داوەری دەکات. 51 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر یەکێک گوێڕایەڵی وتەکانم بێت هەرگیز مردن نابینێت». 52 یەهودییەکان پێیان گوت: «ئێستا زانیمان خێوت تێدایە. ئەڤراهام و پێغەمبەران مردن، کەچی تۆ دەڵێیت ئەوەی گوێڕایەڵی وتەکانم بێت هەرگیز تامی مردن ناکات. 53 ئایا تۆ لە ئەڤراهامی باوکمان مەزنتری کە مرد؟ تەنانەت پێغەمبەرانیش مردن؛ خۆت بە چی دەزانیت؟» 54 وەڵامی دانەوە: «ئەگەر من خۆم شکۆمەند بکەم، ئەوا شکۆمەندییەکەم هیچ نیە، ئەوە باوکمە کە شکۆمەندم دەکات ئەوەی ئێوە دەڵێن خودامانە. 55 هەرچەندە ئێوە نایناسن. بەڵام من دەیناسم. ئەگەر بڵێم نایناسم، وەک ئێوە دەبمە درۆزن. بەڵام دەیناسم و کاربە وتەکانی دەکەم. 56 ئەڤراهامی باوکتان دڵشاد بوو هیوای بینینی ڕۆژی منی هەبوو، جا ئەو ڕۆژەی بینی و دڵخۆش بوو» 57 یەهودیەکان پێیان گوت: «تۆ ئێستا تەمەنت نەبووە بە پەنجا ساڵ، ئیتر چۆن دەڵێیت کە ئەڤراهامت بینیوە؟» 58 پێی فەرموون: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: من هەم پێش ئەوەی ئەڤراهام هەببێت». 59 بەردیان هەڵگرت تاکو بەردبارانی بکەن، بەڵام یەشوا خۆی ونکردو دەرچوو لە پەرستگا.