بەشی ١٣

1 پێش جەژنی پەسخە، یەشوا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشیدەویستن، هەتا ئەوپەڕی خۆشویستن: 2 لە کاتی ژەمی ئێوارە، شەیتان خستیە دڵی یەهودای ئیسخاریۆتی کوڕی شیمۆن کە ناپاکی لە یەشوا بکات، 3 یەشوا دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، هەروەها لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە، 4 لەسەر خوانی شێوان، هەستا و کەواکەی داکەند و دەسماڵێکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست، 5 پاشان ئاوی کردە ناو تەشتێک، و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکانی کرد و بەو دەسماڵەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیەکانی دەسڕینەوە. 6 کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆ، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت!» 7 یەشوا وەڵامی دایەوە: « تۆ لەوە تێناگەیت کە ئێستا دەیکەم، بەڵام دواتر تێیدەگەیت». 8 پەترۆ پێی گوت: «نەخێر هەرگیز پێم ناشۆیت!» یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت!» 9 جا شیمۆن پەترۆ پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم هەروەها!» 10 یەشوا پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت هەمووی پاکە تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا». 11 یەشوا ئەوەی فەرموو چونکە دەیزانی کێ ناپاکی لێدەکات، بۆیە فەرمووی: «هەمووتان پاک نین». 12 کە لە شوشتنی پێیان تەواو بوو، کەواکەی خستەوە سەر شانی و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ 13 ئێوە بە مامۆستا و گەورە بانگم دەکەن، و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. 14 جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن 15 من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. 16 ڕاستی ڕاستیتان پێدەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی ڕێزدارتر نیە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی ڕێزدارترنیە. ئەگەر ئەمانەتان زانی، 17 خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد. 18 «باسی هەمووتان ناکەم، ئەوانە دەناسم هەڵمبژاردوون. بەڵام تاوەکو ئەوەی لە نووسراوە پیرۆزەکەدا هاتووە بێتە دی کە دەڵێ: ئەوەی نمەکی کردم، ناپاکی لەگەڵم کرد! 19 من ئەوەتان پێ دەڵێم پێش ئەوەی ڕووبدات، تاکو کاتێک ڕوویدا، باوەڕ بکەن کە من ئەوم. 20 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی پێشوازی لەوە بکات کە دەینێرم، ئەوا پێشوازی لە من دەکات، ئەوەی پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی». 21 کاتێک یەشوا ئەمانەی فەرموو، دەرونی غەمبار بوو ڕایگەیاند و فەرمووی: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات!» 22 قوتابییەکانی بە سەرسوڕمانەوە سەیری یەکتریان دەکرد و نەیاندەزانی ئەوە کێیە بەگرتنی دەدا. 23 ئەو قوتابییەی کە یەشوا خۆشیدەویست لەگەڵی پاڵیدابووەوە، 24 شیمۆن پەترۆ ئاماژەی بۆ کرد تاکو پرسیار لە یەشوا بکات کە مەبەستی لە کێیە. 25 ئەویش شانی خستە سەر سنگی یەشوا و پێی گوت: «گەورەم ئەو کەسە کێیە؟» 26 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەو کەسەیە کە ئەم پارووە نانە لە قاپەکە هەڵدەکێشم و دەیدەمێ». ئینجا پارووەکەی لە قاپەکە هەڵکێشا و دای بە یەهودای کوڕی شیمۆنی ئیسخاریۆتی. 27 هەرکە پارووەکەی وەرگرت، شەیتان چووە ناویەوە. یەشوا پێی فەرموو: « خێرا بکە لەوەی بەتەمای بیکەیت!» 28 هیچ کەسێک لەوانەی لەسەر خوانەکە لەگەڵی دانیشتبوون تێنەگەیشتن بۆچی ئەمەی گوت، 29 هەندێکیان وایانزانی پێی دەڵێ کە چییان پێویستە بۆ جەژن بیکڕێت، یان هەندێ پارە بداتە هەژاران، چونکە ئەمینداری سندوق بوو. 30 ئەویش کە پارووەکەی خوارد، و چووە دەرەوە شەوبو تاریک داهاتبوو. 31 کە یەهودا چووە دەرەوە، یەشوا فەرمووی: «ئێستا ڕۆڵەی مرۆڤ شکۆمەندبو و خودا تێیدا شکۆمەند بوو. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆمەند بوو، خودا ڕۆڵەکە لە خۆیدا شکۆمەند دەکات، دەستبەجێ شکۆمەندی دەکاتەوە. 33 ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم، جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە یەهوودییەکانم گوت ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم. 34 من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێت، وەک من خۆشم ویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێت. 35 بەمە هەمووان دەزانن کە قوتابی منن: ئەگەر یەکتریتان خۆشەویست». 36 شیمۆن پەترۆ لێی پرسی: «گەورەم، بۆ کوێ دەچیت؟» یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەو شوێنەی بۆی دەچم، ئێستا ناتوانیت شوێنم بکەویت، بەڵام دواتر دوام دەکەویت». 37 دیسان پەترۆ لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئێستا ناتوانم شوێنت بکەوم؟ من ژیانم بۆ تۆ دادەنێم!» 38 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ژیانت بۆ من دادەنێیت؟ ڕاستی ڕاستیت پێدەڵێم: کەڵەشێر ناخوێنێ، تا تۆ سێ جار نکۆڵیم لێنە کەیت!»