بەشی ١

1 لە پۆڵسەوە، نێردراوی یەشوای مەسیح بەپێی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و مەسیحی یەشوای هیوامان، 2 بۆ تیمۆساوس کوڕی ڕاستەقینەی من لە باوەڕدا. بەخشش و میهرەبانی و ئاشتیتان بۆ بێت لەلایەن خودای باوکمان و پەروەردگارمان مەسیحی یەشوا! 3 هەروەک چۆن ئامۆژگاریم کردیت کاتێک بەرەو هەرێمی مەکەدۆنیا دەڕۆشتیت، (داوات لێدەکەم) لە شاری ئەفسۆس بمێنیتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەندێک مامۆستا بکەیت کە فێرکاریەک بڵاودەکەنەوە کە پێچەوانەی فێرکارییە دروستەکەیە، 4 باوەڕداران ڕابسپێرە کە سەرقاڵ نەبن بە ئەفسانە و ڕەچەڵەک ناسی بێ کۆتا. بەم بابەتانە مشتومڕی بێسوود دەوروژێنن لە ئاستی پلانی خودادا نییە کە بە باوەڕ جێبەجێ دەبێت. 5 سەبارەت بەو مەبەستەی کە ڕامسپاردویت، ئەوە خۆشەویستییەی کە لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی باش و باوەڕێکی بێ دووڕوی سەرچاوەی گرتووە. 6 هەندێک لایانداوە، و سەرقاڵی مشتومڕی بێ بەرهەمن، 7 دەیانەوێت ببنە مامۆستا لە یاسای تەوراتدا، بەڵام تێناگەن چی دەڵێن و بڕیار لەسەر چی دەدەن! 8 دەزانین یاسای تەورات خۆی لە خۆیدا باشە، ئەگەر بەپێی تەورات بەکار بهێنرێت. 9 تەورات بۆ ڕاست و دروستان نەهاتووە، بەڵکو بۆ خراپەکاران و یاخیبووان، ناپاک و گوناهبارەکان، و ئەوانەی باوک و دایکیان دەکوژن، و مرۆڤەکان دەکوژن، 10 داوێنپیس و هاوڕەگەزباز، و ڕفێنەر و درۆزن و شایەتحاڵی درۆزن. وە ئەوانەی لەگەڵ هەموو خراپەیەکی تر کە پێچەوانەی فێرکاری ڕاستن 11 هاوتای مزگێنی شکۆمەندی خودای پیرۆز، کە بە من سپێردراوە. 12 چەندە سوپاسی مەسیحی یەشوای پەروەردگارمان دەکەم کە دەسەڵاتی پێدام و منی وەک خزمەتکاری خۆی دەستنیشان کرد، چونکە منی بە شایستەی متمانەی خۆی زانی، 13 هەرچەندە لە ڕابردوودا کوفرم دەکرد، و خەڵکم ئازار دەداو پیاوێکی توند و تیژ بووم! بەڵام بە سۆزەوە مامەڵەم لەگەڵ کرا، چونکە ئەوەی کردم لە نەزانی و بێ باوەڕیم کردم. 14 بەڵام بەخششی پەروەردگارمان بێ ئەندازە بەسەرمدا ڕژاوە، لەگەڵ باوەڕ و خۆشەویستی، بە یەشوای مەسیح. 15 ئەم قسەیە چەندە ڕاستە، و شایەنی باوەڕێکی تەواوەتییە: یەشوای مەسیح هاتە جیهان بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران، منیش یەکەمینیان بووم! 16 بەڵام لەبەر ئەم هۆکارە بە میهرەبانی مامەڵەم لەگەڵ کرا، بۆ ئەوەی یەشوای مەسیح من بکاتە نموونەی پشوو درێژی خۆی، بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان پێی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ژیانی هەتاهەتایی. 17 بۆ پاشای هەمیشەیی، تاکە خودای نەبینراو و نەمر، ڕێزو شکۆمەندی بۆ ئەوە هەتاهەتایە. ئامین! 18 تیمۆساوسی کوڕم ئەو ڕاسپاردانەم، پێسپاردیت بەپێی پێشبینییەکانی پێشوو سەبارەت بە تۆ، ئامانجم ئەوەیە کە تۆ خەباتەکەت لە شەڕی گیانی خۆتدا باشتر بکەیت، 19 دەستگرتن بە باوەڕەوە، بە ویژدانێکی باش، ویژدانێک کە هەندێکیان وازی لێ هێنا، و کەشتیی باوەڕیان تێکشکا. 20 لەوانە هیمێنایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان بۆ ئەوەی فێربن و تەمبێ بن کفر نەکەن.