بەشی ١

1 لە پۆڵسەوە، نێردراوی مەسیحی یەشوا، کە بە خواستی خودا بانگکراوە، لە سۆستیانسی برامانەوە، 2 بۆ کڵێسای خودا لە شاری کۆرنسۆس، بۆ ئەوانەی کە لە یەشوای مەسیحدا پیرۆز بوون، کە ناویان لێنراوە، پیرۆزکراوان؛ بۆ هەموو ئەوانەی کە ناوی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لە هەموو شوێنێک ڕادەگەیەنن وەک پەروەردگاری خۆیان و ئێمەش. 3 بەخشش و ئاشتیتان بۆ بێت لە خودای باوک و پەروەردگارمان یەشوای مەسیح! 4 هەمیشە سوپاسی خودا دەکەم لە پێناوتاندا و بۆ ئەو بەخششەی خودا، کە لە یەشوای مەسیحدا پێتان بەخشراوە. 5 چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون لە هەموو شتێکدا، و لە هەموو قسەکردن، و لە هەموو زانیاریەکدا، 6 تا ئەو ڕادەیەی کە شایەتحاڵی مەسیح لە ئێوەدا ڕەگی داکوتاوە. 7 تەنانەت پێویستیتان بە هیچ بەهرەیەک نییە لە کاتێکدا چاوەڕوانی دەرکەوتنی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح دەکەن. 8 خۆی تا کۆتایی دەتان چەسپێنێت بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیحی پەروەردگارمان بێ کەموکوڕی بن. 9 چونکە خودا دڵسۆزە، و بانگی کردوون بۆ هاوبەشی لەگەڵ ڕۆڵەکەی یەشوای پەروەردگارمان. 10 بەڵام برایان، بە ناوی یەشوای مەسیحی پەروەردگارمانەوە لێتان دەپاڕێمەوە هەمووتان یەک دەنگتان هەبێت و لە نێوانتاندا دوو بەرەکی نەبێت. بەڵام پێویستە هەمووتان لە بیرکردنەوە و بۆچووندا یەکگرتوو بن. 11 برایان، ماڵی کلۆیی ئاگاداریان کردمەوە، کە ناکۆکی لەنێوانتاندا هەیە. 12 مەبەستم ئەوەیە کە یەکێک لە ئێوە دەڵێت: «من لەگەڵ پۆڵسم» یەکێکی دیکەش: «من لەگەڵ ئەپۆلۆسم»، و یەکێکی دیکە: «من لەگەڵ پەترۆم»، و یەکێکی دیکە: «من لەگەڵ مەسیحم». 13 ئایا مەسیح بەشکراوە؟ یان پۆڵس لە پێناوتاندا لە خاچ دراوە، یان بە ناوی پۆڵس لە ئاو هەڵکێشراون؟ 14 سوپاسی خودا دەکەم کە جگە لە کریسپوس و گایۆس هیچ کام لە ئێوەم لە ئاو هەڵنەکێشاوە، 15 بۆ ئەوەی کەس نەڵێت بە ناوی منەوە لە ئاو هەڵکێشراوە. 16 هەرچەندە من خێزانی ستیفانۆسم لە ئاو هەڵکێشاوە، بەڵام لەبیرم نییە کە کەسێکی ترم لە ئاو هەڵکێشابێت. 17 چونکە مەسیح منی نەناردووە بۆ لە ئاو هەڵکێشان، بەڵکو بۆ مزگێنیدان، پشتم بە دانایی قسە نەبەستووە، نەک ئەوەی کە خاچی مەسیح بێ سوود بێت. 18 چونکە مژدەی خاچ لای لە ناوچووان گێلایەتیە؛ لەلای ئێمەی دڵسۆزان، ئەوە توانای خودایە. 19 چونکە نووسراوە: «دانایی داناکان لەناو دەبەم و تێگەیشتنی تێگەیشتوان بەلاوە دەنێم!» 20 کەواتە، مرۆڤی دانا لە کوێیە؟ نووسەر لە کوێیە؟ لەم کاتەدا مشتومڕکەران لە کوێن؟ ئایا خودا دانایی دونیای نەکردووە بە گێلایەتی؟ 21 خودا مەبەستی بوو، بە دانایی خۆی بیناسن، نەک بە دانایی جیهان، نهێنی خودا ئەوە بوو لە ڕێگەی مزگێنییەوە باوەڕداران ڕزگار بکات ئەو مزگێنییەی بە گێلایەتی دەزانن. 22 یەهودییەکان داوای نیشانە دەکەن، و یۆنانیەکان بەدوای دانایدا دەگەڕێن. 23 بەڵام ئێمە بە مەسیحی لە خاچدراو مزگێنی دەدەین، ئەمەش بەربەستێکە بۆ یەهودیەکان و گێلایەتییە بۆ نەتەوەکان؛ 24 سەبارەت بەوانەی بانگکراون، جا یەهودی بن یان یۆنانی، مەسیح هێزی خودا و دانایی خودایە. 25 ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە «گێلایەتی» خودا لە مرۆڤەکان داناترە، هەروەها «لاوازی» خودا لە مرۆڤەکان بەهێزترە. 26 کەواتە وانەیەک لە بانگەوازەکەتانەوە وەربگرن برایان: لە نێو ئێوەدا زۆر کەمن ئەوانەی بە دانایی مرۆڤ ژیرن، نە پێشکەوتووان زۆرن، نە ئەوانەی ڕێز لێگیراون زۆرن. 27 بەڵکو خودا نەزانەکانی جیهانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی داناکان شەرمەزار بکات. خودا لاوازەکانی جیهانی هەڵبژارد بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارەکان شەرمەزار بکات. 28 خودا بێ بایەخەکانی جیهان و بێزراوەکان و ئەوانەی کە هیچ نەبوون هەڵبژارد، تاکو ئەوانە لابەرێت کە خۆیان بە شت دەزانن، 29 بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەتوانێت شانازی بکات لەبەردەم خودادا. 30 بە چاکەی خودا پێگەتان هەیە لە یەشوای مەسیحدا کە بۆ ئێمەی کردە دانایی خودا و ڕاستودروستی و پیرۆزی و ڕزگاری، 31 وەک نوسراوە ئەوەی شانازی دەکات، با شانازی بە پەروەردگارەوە بکات.